پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانی ڕوژئاوا ڕێککەوتنێکى (14) خاڵى واژۆ دەکەن کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

پارێزگاى هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا ناوەڕۆکى ڕێککەوتنى نێوان پارێزگارى هەولێر و پارێزگاری ئازەربایجانی ڕوژئاوا (ئورمی) بڵاودەکاتەوە و ئاسانکاریکردن بۆ فراوانکردنى جوڵە بازرگانییەکان بۆ پێکهێنانى کۆمپانیاى هاوبەشى گواستنەوە یەکێک لە خاڵەکانى ڕێککەوتنەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە (28)ـى کانوونى یەکەمى (2021)، پارێزگاى هەولێر دەقی ڕێککەوتی نێوان پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازەربایجانی ڕووژئاوا(ئورمی) سەبارەت بە بەجموجۆڵی بازرگانی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بڵاوکردەوە، لە (26-12-2021) واژۆیان کردبوو.

ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە میانى سەردانێکى بۆ ئێران لەگەڵ محمەد صادق معتمدیان، پارێزگارى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا ڕێککەوتنێکى (14) خاڵى لە بوارى بازرگانى و وەرزشى و کولتوورى واژۆکرد.

بەپێى ڕاگەیێندراوەکەى پارێزگاى هەولێر، هەروولا "هاوڕابوون بە دامەزراندنى ناوچەى پیشەسازیی هاوبەش لەناوچە سنووریەکانى پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانى ڕۆژئاوا لەدواى دیراسەکردنى لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى هەردوو وڵات."

هەروەها لە خاڵێکى ترى ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، "ڕێککەوتن لەسەر گەشتکردنى گەشتیارانى ئێرانى بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لەدەروازەکانى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین لەرێگەى کۆمپانیاکانى گەشتیارى هەردوو وڵات بەپێى ڕێکار و ڕێنماییەکانى بەرکارى هەردوو وڵات. " 

 

دەقی ڕێککەوتی نێوان پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازەربایجانی ڕووژئاوا(ئورمی):

1ـ هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئاسانکارى بۆ فراوانکردنى جوڵە بازرگانییەکان بۆ پێکهێنانى کۆمپانیاى هاوبەشى گواستنەوە کە ڕێکارەکانى لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەش لەفەرمانگە پەیوەندارەکانى هەردوو پارێزگاکە بە زووترین کات دیراسە بکرێت. 

هەروەها هەردوولا ڕەزامەند بوون تاکو پێکهێنانى کۆمپانیای هاوبەشى گواستنەوە، بەشێوەى تاقیکردنەوە بۆ ماوەى (3) مانگ سەرەڕای ئەو ڕێکارانەى کە پێشتر لەهەردوو سنوورى تەمەرچین-حاجى ئۆمەران گیراوەتەبەر، ڕۆژانە (10) بارهەڵگرى ئێرانى کە کاڵاکانیان ماوەى بەسەرچوونیان خێرایە ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ هەرێمى کوردستان، هەروەها (10) بارهەڵگرى هەرێمى کوردستان کاڵای هەناردەى هەرێمى کوردستان بەشێوەى ڕاستەوخۆ بگوازێتەوە بۆناو شارەکانى ئێران و لەدواى (3) مانگ دووبارە لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى هەردوولا دیراسە بکرێت. 

2ـ هەردوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕى لە پێناو فراوانکردنى بوارى گەشتیارى و هاوکاریەکانیان لەبوارى میدیایی، کردنەوە پێشانگاى بازرگانى، پسپۆرى، ئاڵۆگۆڕى بوارەکانى ڕۆشنبیرى، کەلتورى، گەشتیارى و وەرزشى.

3ـ هەردوولا هاوڕابوون بە دامەزراندنى ناوچەى پیشەسازیی هاوبەش لەناوچە سنووریەکانى پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانى ڕۆژئاوا لەدواى دیراسەکردنى لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى هەردوو وڵات.

4ـ بڕیاردرا کە کۆبوونەوەى هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتى فرۆکەخانەکانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانى ڕۆژئاوا ڕێکبخرێت بە مەبەستى کاراکردنەوەى گەشتى ئاسمانى لە نێوان شارەکانى هەولێر و ئورمیە. 

5ـ هەردوولا بەڵێنیاندا بەپێدانى زانیارى پێویست لەسەر ڕێنماییەکانى کوالێتى کۆنتڕۆڵ بەیەکترى. 

6ـ پشتبەستن بە ئەزموونەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەپەرەپێدان لەبوارى پیشەسازى بچووک و مامناوەند، لایەنى ئێرانى ئامادەی خۆیان دەربڕى بەدەستپێکردن و دانانى کارگەکانى پیشەسازى گۆڕینى خۆراک، لەقوتوونان، شەربەتى میوە، بەرهەمە شیرەمەنیەکان لەڕێگاى بەشداریکردنى کەرتى تایبەت بەپێى ڕێنماییەکانى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەپێى پێداویستیەکانى هەرێم لەم بوارانەوە. 

7ـ بڕیاردرا کۆبوونەوەکانى دوولایەنە بەشێوەى مانگانە لەنێوان بەرپرسانى دەروازەى سنوورى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین ئەنجامبدرێت بەمەبەستى دیراسە و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان، لەپێناو زیادکردن و خێراکردنى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى لەنێوان هەردوو دەروازە.

8ـ هەردوولا رێککەوتن لەسەر زیادکردنى هاوکارییەکانى هاوبەشى کەرتى تایبەت سەبارەت بە ئاڵوگۆڕى زانیارى لەبوارەکانى پێداویستیەکان و کەمکردنەوە (مناقصات) و توانا هونەرییەکان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا بەهەردوو زمان ئامادەبکرێت و لەڕێگاى لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاڵگۆڕ بکرێت. 

9ـ هەرێمى کوردستان بەدواداچوون لاى حکومەتى فیدرالى عێراق بکات سەبارەت بە پێشنیارى لایەنى ئێرانى لەسەر ترانزێتى کاڵا بۆ وڵاتى سێیەم. 

10ـ هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر گەشتکردنى گەشتیارانى ئێرانى بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لەدەروازەکانى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین لەرێگەى کۆمپانیاکانى گەشتیارى هەردوو وڵات بەپێى ڕێکار و ڕێنماییەکانى بەرکارى هەردوو وڵات. 

11ـ هەردوولا رێککەوتن کاروبارى بازرگانى و گەشتیارى لەدەروازەکانى تەمەرچین - حاجی ئۆمەران بەشێوەى (24) کاتژمێربێت، هەروەها لایەنى ئێرانى پابەند بوونى خۆیان نیشاندا بەپێدانى تابلۆ (پلاک) بەئۆتۆمبێلەکانى گەشتیارى هەرێمى کوردستان لەناو دەروازەى تەمەر چیندا.

12ـ هەردوولا رێککەوتن هەموو ئەو کاڵایانەى کە بەشێوەى ترانزێت لە ئێرانەوە لەدەروازەکانى ترى هەرێمى کوردستان هاوردە دەکرێت، بەهەمانشێوە لەدەروازەى حاجى ئۆمەرانیشەوە ڕێگایان پێبدرێت هاوردەبکرێت. 

13ـ هەردوولا ڕێککەوتن ڕاستاندنى (تصدیق) گرێبەستەکانى نێوان کۆمپانیاکانى گواستنەوەى گەشتیارى هەردوو وڵات، لەلایەن هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئەنجامبدرێت.

14ـ ئەم یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنە بەدوو زمانى کوردى و فارسى کە لە(چواردە) خاڵ پێکهاتووە و لەلایەن هەردوو پارێزگارەوە واژوو کرا. 

لایەنى ئێرانى 

محەمەد صادق معتمدیان

پارێزگارى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا

لایەنى هەرێمى کوردستانى عێراق

ئومێد عەبدولڕەحمان حەسەن خۆشناو

پارێزگارى هەولێر

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین