پڕۆژەكانى ئيسرائيل لەگەڵ وڵاتانى كەنداو ترسى لاى قاهيرە دروست كردووە بیروڕا

نوچەنێت:

تەسفى بارئيل

لە مانگى ئازارى رابردوو بۆ ماوەى  هەفتەيەك كەشتى ئيفرگيفنى بارهەڵگر بەهۆى لادانى لە رێڕەوى خۆى كەناڵى سوێسى داخست، رۆژانە زيانى (15) مليۆن دۆلارى لێدا،  سەدان كەشتى ريزيان بەستبوو چاوەڕوانى كردنەوەى رێڕەوەكەيان دەكرد.

لە مانگى ئاب كەشتى ئيفرگيفن بە بەتاڵى بەو رێڕەوە رۆيشت، بەڵام هێشتا تارمايى ئاڵۆزييەكان بەسەر ئەو كەناڵەوە مابوو، قاهيرەش چاوەڕوانى بڕيارى كۆتايى ئيسرائيل بوو بۆ دروستكردنى بۆڕى گواستنەوەى نەوت لە ئيلاتەوە بۆ عەسقەلان.

بۆ يەكەمجار لە ساڵى رابردوو داهاتى كەناڵى سوێس گەیشتە شەش مليار دۆلار، هەرچەندە كاريگەرييەكانى پەتاى كۆڕۆنا ماوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە مانگى شەشى ئەمساڵ ئەو داهاتە بەڕێژەى لە (11%) زياد بكات.

بەهۆى بۆڕى گواستنەوەى نەوت لە هێڵى ئيسرائيل، ميسڕ مەترسى هەيە جووڵەى هاتووچۆ لە كەناڵى سووێس لاواز بكات، بەوەش قەبارەى داهاتى وڵاتەكەى بۆ (2%) دادەبەزێت، هەرچەندە تائێستا ديار نييە بۆچى بينى گاتنتس وەزيرى بەرگرى ئيسرائيل بڕيارى دا گفتوگۆكان لەگەڵ ئيمارات دوا بخات، هێشتا ديار نييە وەستانى بۆڕى نەوت بەهۆى راپۆرتى بەرپرسانى ئەمنييە لەسەر مەترسييەكانى بەگەڕخستنى، ياخود بەهۆى نيگەرانييەكانى عەبدولفەتاح سيسى سەرۆكى ميسرە، چونكە ئەويش ترسى هەيە ئەو هێڵە زيان بە ئابوورى ميسر بگەينێت.

چين لەسەر هێڵە

لەو بارەيەوە جۆرج سەفوەت وتەبێژى كەناڵى سوێس بە ماڵپەڕى (مال نيوزى) ميسڕى راگەياند، "لە (9%)ى  كاڵاى جيهانى لەرێگەى ئەو كەناڵەوە دەڕوات، لە (24.5%) ئەو رێژەيەش لەرێگەى بارهەڵگرەكانە، بەهەمان شێوە بارهەڵگرەكانى رێگەى ئاسيا و ئەوروپاش بەو شوێنە دادەڕۆن، دەسەڵاتدارانى ميسڕ هەوڵدەدەن پەرە بەو كەناڵە بدەن و خزمەتگوازرييەكانى زياتر بكەن بە چڕيش چاودێرى ئاڕاستەى ململانێيە تازەكان دەكەن.

بەڵام چاودێرانى سياسى ئاماژە بەوەدەكەن، "ئەگەر هێڵى ئيسرائيليش نەبێت، بەشێكى كەمى بارهەڵگرى ميسرى و ئيماراتى ئەو رێڕەوە بەكاردەهێنێن، ئەگەر سعوودييە پەيووەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل ئاسايى بكاتەوە كێشەى گەورە لەو كەناڵە دروست دەبێت، بەڵام بۆڕى ئيسرائيل دەسەڵاتدارانى ميسرى تووشى دڵەڕاوكێ كردووە."

هەندێك راپۆرتى تر باس لە دروستكردنى هێڵى ئاسنى نێوان ئيمارات و ئيسرائيل لە رێگەى ئوردن دەكەن، بەڵام هێشتا ئەو پڕۆژەيە بەتەواوى نەهاتە پێشەوە چونكە دەبێت بە سعوودييە دا تێپەڕێت، لە بەرانبەردا هەندێك راپۆڕتى تر باس لەوە دەكەن ئيمارات دەيەوێت بەندەرى حەيفا بكڕێت، ئەوەش وايكردووە شارەزايانى ميسرى جەخت لەسەر ئەوە بكەنەوە، "ئيمارات و ئيسرائيل دەيانەوێت گورز لە ئابوورى ميسر بدەن."

وائيل قەدور شارەزا لە كاروبارى رێڕەوەكان رايگەياند، "بوونى رێڕەوێكى وشكانى نێوان وڵاتانى كەندا و ئيسرائيل زيان بە كەناڵى سوێس دەگەينێت، بۆيە پێويستە ميسر كار لەسەر لادانى ئەو بەربەستانەى بەردەم وەبەرهێنانى بيانى لەو كەناڵە بكات، ئەوەشى گرنگە چين رۆڵى خۆى لە وەبەرهێنان لەو كەناڵە درێژە ببينێت خزمەتگوزارى پێشكەش بەو كەشتيانە بكات، كە بەو رێڕەوە تێدەپەڕن."

لە (2019) قاهيرە و پەكين لێكێتێگەيشتنيان لەسەر وەبەرهێنانى چينى بە بڕى پێنج مليار دۆلار لەسەر رووبەرى شەش كيلۆمەتر چوار گۆشە لە ميسر واژۆ كرد، دواتر بە دوورى (45) كيلۆمەتر لە رۆژهەڵاتى قاهيرە بايى مليارەها دۆلار دەستى بە وەبەرهێنان كرد.

پردى وشكانى

يەكێك لە تارمايەكانى تر، كە هەڕەشەيە بۆ سەر ئەو كەناڵە، رێككەوتنى نێوان توركيا و ئيمارات و ئێرانە، ئەو كاڵايانەى پێشتر بۆ ئەبوو زەبى دەهات، ئێستا بە رێگەى وشكانى لە باشوورى ئێران دەچێت بۆ توركيا و ئەوروپا، رێگەکەى لە  (20) رۆژەوە كورتكردۆتەوە بۆ هەفتەيەك.

جياوازييەكان ئەوەيە ئيمارات بە يەكێك لە گەورەترين وەبەرهێنەران دادەندرێت لە ناوچەى پيشەسازى بۆ كەناڵى سوێس، لە مانگى كانوونى دووەم رێككەوتنێكى بە بڕى (800) مليۆن دۆلار  بۆ دروستكردنى بەندەرێكى نوێ لە ئەسكەندەرييە واژۆكرد، هەروەها يەك مليار دۆلار بۆ دوو ناوەندى وزەى خۆر، يەكێكيان لەسەر دەرياى سوور، ئەوەى تر لە نزيك ئەسوانە لە باشوورى ميسر.

لە لايەكى ترەوە كۆمپانياى (ئەى جى هۆڵدينگ)ى ئيماراتى بۆ وزە، رێككەوتنێكى سەرەتايى لەگەڵ ئێران لە خوزستان كردووە بۆ دروستكردنى وێستگەيەكى وزە كە بە گاز و وزەى خۆر كار بكات، هەرچەندە ئەو گرێبەستە ئەگەرى سزاى ئەمريكاى هەيە، بەڵام ئيمارات ئەو دڵەڕاوكێيەى نييە، چونكە ئەمەريكييەكان تائێستا دژ بە رێككەوتنى وشكانى ئێران و توركيا و ئيمارات هەڵوێستیان نييە، بۆيە ئەگەر هەيە ئەو رێككەوتنە نوێيەش بخەنە بوارى جێبەجێكردن. 

ئەگەر ئيسرائيل رێككەوتنى دروستكردنى بۆڕى نێوان ئيمارات و تەلئەبيب هەڵوەشێننەوە، كاريگەرى لەسەر پەيوەندييەكانيان نابێت، لە هەمانكاتيش پەيوەندى لەگەڵ ميسر  بۆ ئيمارات جێگەى بايەخە، هەرچەندە پڕۆژەى بۆڕى ئيسرائيل ـــ ئيمارات سوودى دارايى زۆرە، بەڵام باجى ديپلۆماسى زۆريشى دەوێت.

نەخشەى هێڵەكانى گاز و نەوت و رێڕەوى گواستنەوە و رێگەى وشكانى بەردەوام گۆڕانكارييان بەسەر دادێت، بەهەمانشێوەش پەيوەندى ديپلۆماسى وڵاتان وايە، دوو ساڵ پێش ئێستا پێشبينيكردنى رێكکەوتنى بازرگانى نێوان ئيسرائيل و ئێران ئەستەم بوو، گرێبەستى گواستنەوەى نەوت بۆ ئيسرائيل زۆر دوورتر بوو. 

دياريكردنى بەرژەوەندیى ئابوورى لەو قۆناغە زۆربەى نەخشە ديپلۆماسیيەكانى ئيسرائيلى لەپشتە، تەنانەت ئەگەر ببێتە مايەى سەرزەنشتى ئەو هێزە ركابەرەكانيش، ئيسرائيل خۆى لەبەردەم جياوازييەكى راستەقينە دەبينێتەوە، چونكە هەڕەشەى وەشاندنى گورز لە ئێران دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش كاتێك  ئيمارات پەيوەندى لەگەڵ ئێران دروست كردەوە، تەلئەبيب سەرزەنشتى نەكرد.

لەسەر ئەرزى واقيع هەر جووڵەيەكى سەربازى يان ديپلۆماسى ئيسرائيل دژ بە ئێران، دەبێت رەچاوى بەرژەوەندييەكانى ئيمارات و وڵاتانى كەنداو بكات، چونكە ئەگەرى هەيە هێرشەكانى سەر ئێران بەربەست لەبەردەم جووڵەى بارزگانى ئەو وڵاتانە دروست بكات، ئەو جياوازييە پەيوەندى بە ميسر و ئوردنيش هەيە، كە ئامادەن لە رێگەى سوورياوە گاز بدەن بە لوبنان. 

ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كه‌ هه‌ر چه‌نده‌ وێراى سزا سه‌پێندراوه‌كان به‌سه‌ر سووریا، ئه‌مریكا ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر داوه‌، نه‌وه‌ك به‌ ته‌نیا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ پاڵپشتى حكومه‌ت و گه‌لى لوبنان ناكات، به‌ڵكو خزمه‌تى به‌رژوه‌ندییه‌كانى حزبوڵا ده‌كات، كه‌ وا به‌ باش ده‌زانێ چاپۆشى له‌وه‌ بكات له‌ ڕاستى ئه‌و كاره‌بایه‌ى له‌ ئوردنه‌وه‌ دێت، به‌شێوه‌یه‌كى رێژه‌یى به‌ گازى به‌رهه‌مهێنراو له‌ ئیسرائیل به‌رهه‌م دێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین