بۆچى تا ئێستا ئەمەريكا هێزەكانى لە سووريا نەكشاندۆتەوە؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

تريفۆر فيلسيس

جۆبايدن، سەرۆكى ئەمەريكا، چەندين جار ئاماژەى بەوەکردووە، "پێويستە شەڕە بەردەوامەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست كۆتايى پێبهێنین."ئەوەش وايكردووە هەندێك لە چاودێران پێيانوابێت، "كشانەوەى هێزەكانى ئەمەريكا لە سووريا نزيكترين هەنگاوە." كشانەوەى ئەمەريكا لە ئەفغانستان و عێراق، پاڵپشتە بۆ ئەو پێشبينيايەى كە ئاماژە بەوە دەكەن ئەگەرى هەيە ئەو (900) سەربازەى لە سووریا هێشتۆتەوەوە، واشنتن بكشێنێتەوە.

مانه‌وه‌ی هێزەكانى ئەمەريكا لە باكوورى رۆژهەڵاتى سووريا بە پاساوى پاڵپشتى (هەسەدە)يە بۆ شەڕى پاشماوەكانى رێكخراوى تيرۆرستى داعش.

لە (2014 و 2015) واشنتن بە پاساوى شەڕى داعش بەبێ رەزامەندى دەسەڵاتى سووريا هێزەكانى لە سووريا جێگيركرد، بەڵام دواى تێكشكاندنى داعش هێزەكانى ئەمەريكا بوونە بەشێك لە ململانێكانى ترى ئەو ناوچەيە، لەوانەش بوونە بەشێك لە بەريەكەوتنى سوپاى توركيا و (يەكينەكانى پاراستنى گەل) كە پەيوەندييەكی دێرینيان لەگەڵ پەكەكە هەيە، توركياش بە هێرشكردن بۆ سەر وڵاتەكەى تۆمەتباريان دەكات، رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيا چەندين فشارى كرد بۆ ئەوەى ئەمەريكا هێزەكانى لە ناوچە كوردييەكان بكشێنێتەوە، بۆ ئەوەى هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانە، لە مانگى تشرينى يەكەمى (2019) دۆناڵد ترامپ، سەرۆكى پێشووى ئەمەريكا لەسەر داواى ئەردۆغان لە ناكاو بەشێك لە هێزەكانى لە رۆژهەڵاتى سووريا كشاندەوە، دەستبەجێ سوپاى توركيا ئۆپراسيۆنێكى بۆسەر ئەو ناوچەيە دەست پێكرد.

هەرچەندە ترامپ بەڵێنى دابوو هێزەكان بكشێنێتەوە، بەڵام ئەو كشاندنەوە بووە مايەى ناڕەزايى لە ناوەندەكانى ئەمەريكا، بۆيە ناچار بڕيارەكەى راگرت، دوای ئه‌ویش جۆبايدن چەندين جار ئەوەى دووبارە كردۆتەوە، پێويستە ئەو شەڕە بێ كۆتاييەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست كۆتايى پێ بێنین، چاودێرانى سياسیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، "ئەگەرى هەيە كشانەوەى هێزەكانى واشنتن لە سووریا بەشێك دەبێت لە زنجيرە كشانەوەى هێزەكانى ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست."

لە هەمانكات شارەزايان ئاماژە بەهه‌ندێك فاكتەرى ئاڵۆز دەكەن، "لەوانە پابەندى ئەمەريكا بەرانبەر هاوبەشىەكانيان لەو ناوچەيە." لەبەرانبەردا بەرپرسانى ئيدارەى واشنتن جەخت لەسەر ئەوە دەكانەوە، "هيچ پلانێكى كشانەوەى دەستبەجێمان نییه‌." لە كۆبوونەوەكانيشيان لەگەڵ بەرپرسانى (هەسەدە) دڵنياييان پێداون، هێزەكانى ئەمەريكا لەو ناوچەيە دەمێننەوە.

فاكتەرى دووەم، رایگشتى ناوخۆى ئەمەریکایە سەبارەت بە بوونى ئەو هێزانەى ئەمەريكا لە سووريا، زۆربەى ئەمەريكييەكان پاڵپشتى كشانەوەى هێزەكانى وڵاتەكەيان لە ئەفغانستان دەكرد، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆربەيان پاڵپشتى مانەوەى هێزەكانيان لە عێراق و سووريا دەكەن بۆ رووبەڕوونەوەى تيرۆر.

راپرسيەكان باس لەوە دەكەن خراپى شێوازی كشانەوەى هێزەكانى ئەمەريكا لە ئەفغانستان، ڕەنگە ببێتە هۆكارێک بۆ پاشەكشەى دووەم لە سووریا، پێويستە ئاماژە بەوەش بكرێت، بوونى ئەمەريكا لەسووريا بەراورد بە ئەركى دروستكردنى دەوڵەت لە ئەفغانستان و عێراق بەر لە (2011) زۆر سنووردارتره‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین