دەركەوتنى كەمالييەكان و ئەكرەمييەكان لەناو پارتى گەلى كۆمارى شیکاری

نوچەنێت:

ململانێى كانديدى سەرۆكايەتى ئۆپۆزيسيۆن بۆ ركابەرى رەجەب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا، لەناو پارتى گەلى كۆمارى (جەهەپە) دەستى پێكردووە، ئەو پارتە لەناوخۆى دابەش بووە بۆ دوو بەرە، بەرەى كەمالييەكان بە سەرۆكايەتى كەمال كليچدار ئۆغلۆ سەرۆكى جەهەپە، بەرەى ئەكرەمييەكان بەسەرۆكايەتى ئەكرەم ئيمامئۆغلۆ.

تا ئێستا ئۆپۆزيسيۆنى توركيا لەسەر كانديدێكى هاوبەش بۆ ركابەرى ئەردۆغان رێكنەكەوتوون،بۆ ئەوەى بچنە هەڵبژاردنى (24)ى حوزەيرانى ساڵى داهاتوو، بەگوێرەى لێدوانەكانى كليچدار ئۆغلۆ هەوڵدەدات خۆى بۆ ئەو ململانێيە ئامادە بكات، بەڵام ئەو خواستەى ئۆغلۆ لەناوخۆى حزبەكەى و پارتى چاكە و هەندێك كەسايەتى ئۆپۆزيسيۆن رووبەڕووى رەخنە بۆتەوە، كە پێيانوايە سەركەوتوو نابێت، بۆيە زياتر چاويان لەسەر ئەكرەم ئيمامئۆغلۆ، سەرۆكى شارەوانى ئيستەنبوڵ و مەنسور يافاش، سەرۆكى شارەوانى ئەنقەرەيە.

پاساوى كليچدار ئۆغلۆ بۆ خۆ كانديدنەكردنى، تاوەکو سەرۆكى شارەوانى ئيستەنبوڵ و ئەنقەرە، كە دەبێت ئەو دوو بەرپرسە لە پۆستەكانيان بمێننەوە. 

دەركەوتنى كەمالييەكان و ئەكرەمييەكان

چاودێرانى سياسى توركیا ئاماژە بەوە دەكەن، ناكۆكييەكانى نێوان سەرۆكى جەهەپە و ئيمام ئۆغلۆ گەيشتۆتە ناو راگەياندەكانى ئۆپۆزيسيۆن، ئەوەى ئێستا دەيكەن ململانێيەكە بۆ دەستبەسەرداگرتنى دەزگاكانى راگەياندن، لەو بارەوە محەمەد ئەوفەر نووسەرى تورك ئاماژە بەوە دەكات، "هەرچەندە كليچدار ئۆغلۆ ئەوە پشتگوێ دەخات، كە ململانێى توند لە نێوان خۆى و ئيمامئۆغلۆ هەيە، بەڵام سەرۆكى جەهەپە ئەو ململانێيە پشتگوێ دەخات."

كليچدار ئۆغلۆ پێى وايە، "سەرۆكى شارەوانييەكان پێويستە ئەركى خۆيان جێبەجێ بكەن، چونكە لە دەستدانى سەرۆكايەتى شارەوانى ئيستەنبوڵ قەرەبوو ناكرێتەوە." بەڵام ئيمامئۆغلۆ گوێ بەوە نادات و بەردەوامە لە هەوڵەكانى بۆ خۆ كانديدكردنى، لەو هەواڵانەشى بە تەنيا نييە، بەڵكو ئەوانەشى كە پاڵپشتى دەكەن هەوڵدەدەن كانديد بكرێت، ئەوەش وايكردووە ململانێيەكى گەورە لە نێوانيان دروست ببێت، بە جۆرێک كە  ئەو ململانێييە تەنانەتە هاتۆتە ناو دەزگا راگەياندنەكانيش.

ئێستا دابەشبوونى بەرەى كەمالى و ئەكرەمى بە ئاشكرا لە دەزگاكانى راگەياندنى ئۆپۆزيسيۆن رەنگى داوەتەوە، موراد سابونگۆ نيگەرانە بەو دابەشبوونەى ناو ئەو پارتە، ئاماژە بەوە دەكات، "دابەشبوونى ناوخۆى جەهەپە بۆ كەمالييەكان و ئەكرەمييەكان بەهۆى ململانێيە لەسەر كانديدى سەرۆك كۆمار، ئەو ململانێيەش دابەزيوەتە ناو لق و شارەوانييەكان، ئەگەر كەمال كليچدار خۆى كانديد بكات ئەوكاتە ململانێ بۆ پۆستى سەرۆكى حزب دەستپێدەكات، بەوەش هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى دەكەوێتە مەترسييەوە، چونكە سەرۆكى جەهەپە سوورە لەسەر خۆ كانديدكردنى.":

ململانێكان لەناو دەزگاكانى راگەياندنى ئۆپۆزيسيۆن

ئەوفەر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، زيادبوونى ململانێكانى ناو راگەياندنى ئۆپۆزسيۆن بۆ ئەكرەمييەكان و كەمالييەكان لەسەرەوە دابەزيتە خوارەوە، چونكە دواى سەركەوتنى ئيمامئۆغلۆ لە شارەوانى ئيستەنبوڵ لەبرى كار لەسەر پاكردنەوەى شار و ئامادەسازى بۆ كارەساتى لەناكاو بكات، كارى كرد بۆ دەستبەسەرداگرتنى دەزگاكانى راگەياندن و دروستكردنى كەناڵى نوێى راگەياندن، هەروەها سەرچاوەكانى شارەوانى بۆ بانگەشە بۆخۆى و راگەياندن بەكارهێنا.

ستراتيژيەتێك هەيە، ئيمامئۆغلۆ لە رێگەى تيمێك پاڵپشى دەكات، بۆ ئەو مەبەستە پارەيەكى زۆرى گواستۆتەوە بۆ كەناڵەكانى راگەياندن و رۆژنامە و ماڵپەڕەكانى هەواڵ و تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان، لە هەمان كاتيش كليچدار ئۆغلۆ لە رێگەى كەسە نزييەكانى لە كەناڵى (HALKTV") هەمان ستراتيژى گرتۆتە بەر، محەمەد ئەوفەر ئاماژە بەوە دەكات، " كەمال چەتيك پارێزەرى پێشووى سەرۆكى جەهەپە، كە ئێستا چۆتە پارتەكەى مەحرەم ئينجە، ئاشكراى كردووە، "لە سێ ساڵى رابردوو كليچدار ئۆغلۆ (650) مليۆن ليرەى توركى داوە بە دەزگاكانى راگەياندن و كۆمپانياكانى راپرسى"، بەڵام بە بۆچوونى محەمەد ئەوفەر، ئۆغلۆ لەو هەوڵەى سەركەوتوو نەبووە، چونكە رۆژانامەى (Sözcü) و (Fox TV) و (Tele 1)  و  (Odatv) و (Halk TV) بەرنامەكانى لە بەرژەوەندى كليچدار ئۆغلۆ نييە، زياتر لە پاڵپشتى ئەوەن ئيمامئۆغلۆ كانديدى سەرۆكايەتى كۆمار بێت، لە بەرانبەر دا تەنيا هەندێك رۆژنامەنووس و كەناڵى (KRT TV) پاڵپشتى سەرۆكى جەهەپە دەكەن."

چەتيك لە بەشێكى ترى قسەكانى جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "لە رۆژنامەى (جمهوريەت)ى تورك ململانێيەكى توند لە نێوان كليچدار ئۆغلۆ و ئيمامئۆغلۆ هەيە، هەرچەندە سەرۆكى شارەوانى هاوكارى ئەو رۆژنامەيە دەكات، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستێكى روونى دەرنەبڕيووە، پاڵپشتى كاميان دەكات."

عەبدولقادر سەيلەفى لە راپۆرتێكى رۆژنامەى (حورەيت) باس لەوە دەكات، "دواى ئەوەى سلێمان سۆيلۆ وەزيرى ناوخۆى توركيا باسى لە پەيوەندى نێوان فەتحوڵا گولەن و كليچدار ئۆغلۆ كرد، راگەياندنى ئۆپۆزيسيۆن زۆر بايەخيان بەو لێدوانەى سۆيلۆ دا، بۆچى دەزگا راگەياندنەكانى سەر بەجەهەپە بايەخى زۆر بەو لێدوانە دەدات، كە كە بە ئاشكرا ئۆغلۆى تۆمەتبار كردبوو." ئەوە بايەخە دەرى دەخات ململانێيەكى توند لە نێوان ئەو دوو كەسايەتييەى جەهەپە بۆ كانديدى سەرۆكايەتى توركيا هەيە.

لەبەشێكى ترى قسەكانى سەيلەفى روونيكردەوە، "هەرچەندە ئەو دوو كەسايەتييە كۆبوونەوە، بەڵام ئيمامئۆغلۆ سوورە لە سەر خۆكانديدكردن، لەگەڵ نزيكبوونەوەى هەڵبژاردنەكانيش ئەو ململانێيە زياتر دەبێت، پێ دەنێتە قۆناغێكى نوێ، بە ئاشكرا بەرەى كەمالى و ئەكرەمى دەردەكەوێت."

دەربارەى پرسى دواكەوتنى كۆنگرەى گشتى جەهەپە، عەبدولقادر ئەوەشى گوت، "پرسى هەڵبژاردنەكانى توركيا تاكە هۆكارى دواخستنى كۆنگرەى ئەو پارتە نييە، بەڵكو بۆ رێگريكردن لە قووڵبوونەوەى ناكۆكييەكانى نێوان ئيمامئۆغلۆ و كليچدار بۆ ماوەى ساڵێك جەهەپە كۆنگرەى خۆى دواخستووە، چونكە دابەشبوونەكە گەيشتۆتە ناو لق و ئەندامانى پەرلەمان و سەرۆكى شارەوانييەكان، بەڵام ململانێى راستەقينە لەنێوان ئەو دوو بەرپرسەى جەهەپە لە راگەياندنەكانە، كە بە ئاشكرا بەسەر ئەو دوو بەرەيە دابەشبووينە، ئيمامئۆغلۆ دەيەوێت تواناكانى شارەوانى بەكاربهێنێت بۆ ئەوەى جڵەوى پێشبڕكێكان بگرێتە دەست."

لەكۆتايى قسەكانى سەيلەفى جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "دەزگاكانى راگەياندنى ئۆپۆزيسيۆن بايەخيان بە پەيوەندى كليچدار ئۆغلۆ نەدا لەگەڵ فەتحوڵا گولەن لە بەنسليڤانيا، هەردوولاش لەو قۆناغە خۆيان لەبەكارهێنانى هەندێك دۆسيەى دژ بەيەكتر بەدوور دەگرن."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین