ئایا به‌رهه‌م ساڵح و نوورى مالیكى پرۆسه‌كه‌یان راگرتووه‌؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

تا ئه‌مڕۆیش هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێو لایه‌نه‌كانى شیعه‌ و لایه‌نه‌كانى كورد له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت نییه‌، به‌گوێره‌ى هه‌موو ئاماژه‌كان له‌نێو كورد ناكۆكییه‌كه‌ له‌سه‌ر كاندیدبوونى به‌رهه‌م ساڵحه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار و له‌نێو شیعه‌یش ناكۆكییه‌كه‌ له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ى نوورى مالیكییه‌ له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20ى كانوونى دووه‌مى 2022 رۆژنامه‌ى "شه‌رق ئه‌وسه‌ت" له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ دواكه‌وتنى پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق و به‌رده‌وامى ناكۆكییه‌كان ده‌كات، سه‌باره‌ت به‌ كورد ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ براوه‌ى یه‌كه‌مى كورده‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، هێنده‌ پێداگریى له‌سه‌ر وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار ناكات، به‌ڵكو تا ئێستایش هه‌وڵ ده‌دات یه‌كێتى رازى بكات له‌وه‌ى له‌برى كاندیدكردنى به‌رهه‌م ساڵح كه‌سێكى تر بۆ پۆسته‌كه‌ كاندید بكات.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، هه‌ر چه‌نده‌ پارتى هۆشیارى زێبارى وه‌زیرى پێشووترى ده‌ره‌وه‌ى عێراقى بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار كاندید كردووه‌، كه‌چى له‌ هه‌مان كاتیشدا هه‌وڵه‌كانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى به‌رده‌وامه‌.

پارتى پێداگریى ناكات و له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ رازیكردنى یه‌كێتى به‌رده‌وامه‌

سیاسه‌تمه‌دارێكى كورد كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ رۆژنامه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌ هێشتا پارتى دانوستاندن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ده‌كات بۆئه‌وه‌ى كه‌سێكى تر كاندید بكات، تا ئه‌ویش كاندیدبوونى زێبارى بكێشێته‌وه‌.

سیاسه‌تمه‌داره‌ كورده‌كه‌ له‌ لێدوانه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "هه‌ڵوێستى پارتى ئه‌وه‌ نییه‌ واز له‌ پۆسته‌كه‌ نه‌هێنێ، چونكه‌ ده‌زانێ به‌و كاره‌ى یه‌كێتى هیچ پۆستێكى له‌ به‌غدا و هه‌ولێر نابێت، له‌ كاتێكدا یه‌كێتى هێزى دووه‌مه‌ له‌ كوردستان و له‌ په‌رله‌مانى عێراقیش 19 كورسى هه‌یه‌".

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات بڕیارى دواخستنى دانیشتنه‌كه‌ى دادگاى فیدڕاڵى بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى به‌یاساییبوونى دانیشتنى یه‌كه‌مى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌گه‌ر له‌ به‌رژوه‌ندى پێكهاته‌ى شیعه‌ بێت ئه‌وا له‌ به‌رژوه‌ندى پێكهاته‌ى كورد نییه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ زووترین كات پارتى و یه‌كێتى كێشه‌كانى نێوانیان یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌.

شه‌رق ئه‌وسه‌ت: ئه‌گه‌ر یه‌كێتى به‌رهه‌م ساڵح بگوڕێت
پارتى كاندیده‌كه‌ى خۆى ده‌كێشێته‌وه‌



ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ به‌ ناوى "سیاسته‌مه‌ندارى سه‌ربه‌خۆ"یش قسه‌ى بۆ شه‌رق ئه‌وسه‌ت كردووه‌، ده‌ڵێ، "ده‌بێت به‌ زووترین كات رێكبكه‌ون، بۆئه‌وه‌ى ئه‌م دوو حزبه‌ بۆ سیناریۆى 2018 نه‌ڕۆن. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م جاره‌یان ده‌ستى پارتى به‌ هۆى رێككه‌وتنى نوێى له‌گه‌ڵ سه‌در و حه‌لبووسى باڵاتره‌، به‌ڵام له‌ حاڵه‌تى سه‌ركه‌وتنى زێبارى ئه‌وا كێشه‌ دروست ده‌بێت، كێشه‌كه‌یش له‌ كوردستان ده‌بێت نه‌وه‌ك به‌غدا، هه‌رگیز ئاسان نابێت".

ئه‌گه‌رچى ململانێ و ركابه‌رى دووجه‌مسه‌ريى "پارتى" و"یه‌كێتى" له‌نێو كورد مێژووییه‌كى كۆنى هه‌بێت، ئه‌وا له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ له‌نێو پێكهاته‌ى شیعه‌ و  سوننه‌یش ئه‌و جۆره‌ ململانێیه‌ هه‌بوو.

له‌نێو پێكهاته‌ى سوننه‌ له‌نێوان هاوپه‌یمانى عه‌زم و هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم هه‌بوو، كه‌ یه‌كه‌میان خه‌میس خه‌نجه‌ر و ئه‌ویتریان محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، له‌نێو پێكهاته‌ى شیعه‌یش هه‌ر چه‌نده‌ لایه‌نه‌كان زۆرن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌نێوان موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در و نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا ده‌ركه‌وتووه‌.

له‌ ماوه‌ى رابردوودا دواى ئاشكراكردنى ئه‌نجامى ده‌نگدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق ده‌ركه‌وت، ره‌وتى سه‌در یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردن و ده‌وڵه‌تى یاسایش به‌ نزیكه‌ى نیوه‌ى كورسییه‌كانى ئه‌و دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌. هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح و ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران چه‌ند جارێك هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ سه‌در داوه‌، به‌ قبووڵكردنى مالیكى له‌نێو پێكهاته‌ى حكومه‌ت رازى بێت به‌ڵام ئه‌و ره‌تى ده‌كاته‌وه‌.

رۆژنامه‌یه‌كى لبنانى: نوورى مالیكى بووه‌ته‌ گرێى سیاسى
 

 

دواجار سه‌رچاوه‌كانى شیعه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات پێشنیارى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا بێ مالیكى بچنه‌ پاڵ هاوپه‌یمانى فه‌تح، له‌و چوارچێوه‌یه‌وه‌ به‌شدارى له‌ حكومه‌ت بكه‌ن، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆیش به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى رۆژنامه‌ى ئه‌خبارى لبنانى "گرێى مالیكى" له‌ پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.

رۆژنامه‌ لبنانییه‌كه‌ له‌ ناونیشانى راپۆرته‌كه‌ى نووسیویه‌تى، "به‌ره‌وپێشچوونێكى هێواش له‌ گفتوگۆكان: گرێى مالیكى حكومه‌ت دوا ده‌خات". له‌ناو راپۆرته‌كه‌یش هاتووه‌، "یه‌كێك له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ناكۆكى ئه‌وه‌یه‌ سه‌در ره‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌شدارى به‌ نوورى مالیكى بكات، ئه‌مه‌یش له‌رووى كرداره‌وه‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دووله‌ت ده‌كات، ئه‌گه‌رهاتوو به‌شێكیان به‌وه‌ رازى بوون بێ مالیكى به‌شدارى له‌ حكومه‌ت بكه‌ن". 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین