سابیر ره‌شید: خه‌ریكى دانانى ئەنتۆلۆجیای چیرۆکنووسانی هەولێرم کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

سابیر ره‌شید ناوێكى دیاره‌ له‌ چیرۆكى كوردى، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ ده‌ستى پێكردووه‌. جگه‌ له‌ چیرۆك چه‌ندان رۆمانیشى نووسیوه‌. له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ نوچه‌نێت سابیر ره‌شید باس له‌ دوایین پڕۆژه‌ رۆشنبیرییه‌كانى خۆى ده‌كات

نوچەنێت: کە باس لە سابیر رەشید دەکرێت یەکسەر خوێنەر چیرۆکی بیر دەکەوێتەوە، بۆ زیاتر لە هەموو ژانرەکان مامۆستا سابیر بایەخ بە چیرۆک دەدات؟

سابیر رەشید: چیرۆک لەگەڵ خوێنم تێکەڵ بووە کاتی خۆی کە ئێمە دەستمان بە نووسین کرد ساڵی 1974سەرەتا بە شیعر دەستمان پێکرد، بەڵام دوای سەیرمان کرد هەموو هاوڕێکانمان خەریکی شیعرن، ئێمەش وتمان جێگەمان لە شیعردا نابێتەوە. قوتابی ئامادەیی کوردستان بووم لەگەڵ زۆرێک لە هاوڕێکانم پێکەوە دەستمان بە نووسین کرد، رۆژێک لەگەڵ کەمال سەعدی هاوڕێم بەیەکەوە دەڕۆیشتین بیرمان لەوە کردەوە کە چیرۆک بنووسین لەو کاتەوە ئێمە چیرۆک دەنووسین.  ساڵی (1976) کتێبێکی هاوبەشمان چاپ کرد بە ناوی شەش کورتە چیرۆکی کوردی سێ چیرۆک هی ئەو بوو، سێ چیرۆکیش هی من، لەو کاتەوە چیرۆک بۆتە بەشێک لە ژیانم لەبەر ئەوە ناتوانم لێی جیا ببمەوە. راستە من ژانرەکانی تریش دەخوێنمەوە رۆمانیش دەخوێنمەوە بەڵام چیرۆک و رۆمان هەر یەکن تەواوکەری یەکترن ئیدی لەو ساتەوە چیرۆک هاتووەتە ناو خوێن و دەمارەکانم زیاتر تێکەڵ بووە.

هه‌موو هاوڕێیانم شیعریان ده‌نووسى
بۆیه‌ جێگه‌م له‌ناو شیعر نه‌بووه‌وه‌

نوچەنێت: واقیعی ئەمڕۆ چیرۆکی کوردی چۆن دەبینی بۆ هەست دەکەین چیرۆک پاشه‌كشەی کردووە، تێبینى ده‌كرێت ئێستا زیاتر خەڵک رووی لە نووسینی شیعر کردووە؟

سابیر رەشید: شیعر هەر هەیە، بەڵام چیرۆک راستە وەکو ئەدەبی کوردی ساڵانی 1970و 1980چیرۆک زیاتر بایەخی پێدەدرا  لەبەرامبەر شیعر پاشەکشەی نەکردووە. من وای دەبینم لە بەرامبەر رۆمان پاشەکشەی کردبێت ئێستا زیاتر گەنجەکان و خوێنەر بایەخ بە رۆمان دەدەن، راستە چیرۆکی کوردی هەر هەیە و بەردەوامە بەڵام  هەست دەکەی چیرۆکنووسەکانیش بایەخ بە رۆمان دەدەن و رۆمان دەنوسن. 

نوچەنێت: ماوەیەک بوو خەریکی پڕۆژەیەک بووی بە ناوی کتێبخانەی چیرۆکی کوردی بە زنجیرە چەند بەشێکت بڵاوکردەوە ئایا بە چی گەیشتی؟ بەردەوامی لەسەری؟

سابیر ره‌شید: بەڵی بەردەوامم، ئەوە چەند پڕۆژەیەک بوو ئەو کاتەی من دەستم پێکرد لە کتێبخانەی کوردی هەستم کرد کەموکوڕیمان زۆرە، ئێمە خەوشەکەمان لەوەدایە ئەرشیفێکی نیشتمانیمان نییە چجا ئەرشیفی چیرۆک و رۆمانمان هەبێت. کتێبخانەی کوردی لەوەدا زۆر هەژارە بۆ نموونە چیرۆکنووسمان هەبووه‌ تەنانەت چیرۆکەکانی خۆی کۆنەکردبووه‌وه‌. من هەستام ئیشم لەسەر ئەوە کرد کە بۆ لێکۆڵینەوەکانی خۆم خەریک دەبووم، هەستم پێکرد لە ئەرشیفەکانی کوردیدا نییە لە رۆژنامەکانیش دەست نەدەکەوتن، جا ئەو زنجیرەیە بوو بە خەمی من. چیرۆكه‌كانى له‌تیف حامیدم كۆكرده‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى سه‌دره‌دین عارف، چیرۆكه‌كانى دڵشاد مه‌ریوانيیش كۆنه‌كرابوونه‌وه‌ ئه‌وانیشم كۆكرده‌وه‌. 

هه‌ر نووسه‌رێك نه‌خوێنێته‌وه‌ 
ناتوانێ شتى نوێ بنووسێ

(لەتیف حامیدم )کرد هەموو چیرۆک و بەرهەمەکانیم کۆکردەوە سەدرەدین عارفم کرد کە ئەوانە چیرۆک نووسی زۆر گەورەن چیرۆکەکانی دڵشاد مەریوانیش ئەوانەی کۆنەکرابوونەوە، برادەرانی تریش ( ئازاد حەمە شەریف) ئەوانیش هەندێکیان کۆکردبۆوە منیش ئەوانی ترم کۆکردەوە. ئیتر ئەو پڕۆژەیە چوار زنجیرەی رۆیشتووە ئێستاش هەر بەردەوامە، پرۆژه‌ى ئێستام ئه‌وه‌یه‌ خەریکی دانانی (ئەنتۆلۆجیای چیرۆکنووسانی هەولێرە )کە دووساڵە خەریکم ئەگینا ئەویش هەر خەریکم و نەوەستاوە، هەست پێدەکەم ئەوەی لە چیرۆکی کوردی نەکراوە من دەیکەمە کتێب و دەیخەمە کتێبخانەی هەولێر بۆ ئەوەی لە دوای منیش توێژەران سوودی لێببینن.

نوچەنیت: وەک دەزانین جگەلە چیرۆک ئێوە رۆمانیش دەنووسن، لەگەڵ کامیان زیاتر ئاسوودەی؟

سابیر ره‌شید: لەگەڵ هەردووکیان ئاسوودەم، بەڵام ئەو ماوەیە چیرۆکەکەم واز لێهێناوە، بەم دواییه‌یش کورتیلە چیرۆکم دەنووسی، وەکو ژانرێکی لە ئەدەبی کوردی بایەخی پێنەدراوە، ئیشم لەسەر کورتیلە چیرۆک کردووە، 100کورتیلە چیرۆکم پێکەوە کۆکردووه‌تەوە و  کردوومە بە کتێب، چاپی دووەمی ئەو کتێبەشم کردووە ئەوانەی چی لەسەر نووسراوە هەموویم کۆکردۆتەوە، بەڵام لە چیرۆکنووسینیش هەر بەردەوامم وەکو خولیایەک ئەم ماوەیە حەزم کرد هەندێک بیرۆکە لە مێشکمدا هەبوو هەستم کرد بە چیرۆک ناتوانم دەریببڕم بۆیە پەنام بردە بەر نووسینی رۆمان.  ساڵی (1999) نۆڤلێتێکم نووسی بەناوی ( مەرگی بازنەیی ) دوایش بۆ ساڵانی دواتر ماوە ماوە رۆمانم دەنووسی،تا ئێستا سێ رۆمانم نووسیوە هەر رۆمانێکیش دوو جارم چاپ کردووەتەوە.

نوچەنیت: دواین کارت رۆمانی "کتێبفرۆش" دەگوترێت بیرۆکەی ئەم رۆمانە لە واقیع وەرگیراوە دەمەوێت باسی ئەم رۆمانەم بۆ بکەی بە کورتی؟

سابیر رەشید: واقیع و خەیاڵ تەواوکەری یەکترن، بەڕای من نە واقیع دەتوانێت بە بێ خەیاڵ نە خەیاڵیش دەتوانێت بەبێ واقیع سوودێكى بۆ نووسین هه‌بێت. بیرۆکەی ئەو رۆمانەیش لە واقیع وەرگیراوە، باسی کەسێکی کتێبفرۆش دەکەم لە شاری هەولێر کە دووچاری گێرمە و کێشە دەبێتەوە چارەنووسی به‌ زیندان ده‌گات. مەبەستیشم ئەوەیە رۆشنبیری دەتوانێت مرۆڤ بگۆڕێت. ئەو بە هۆی کتێبفرۆشییەوە چەندان ساڵ زیندانی و چەرمەسەری دیوە وایلێهاتووە پیاوێکی کار بەدەستی ئەمن لە ساڵی (1980)کە لەسەردەمی سەدامدا بەبیرمان دێت کە زۆر ئازاری خەڵکیان دەدا بە هۆی کتێبەوە توانیویەتی کاری تێبکات و کەسەکە بگۆڕێت ئەو کەسەی رایسپاردبوو کە بڕوات بیکوژێت وایلێهات ئەو کوڕە خۆی بیەوێ خۆی بکوژێ. راستە رووداوەکان هەمووی واقیعین بەڵام خەیاڵی خۆش و فانتازیایشی تێدایە لەم رۆمانەدا.

دەمەوێت بڵێم مرۆڤ بەهۆی رۆشنبیرییەوە دەتوانێت کۆمەڵگا بگۆڕێت مەبەستم ئەوەی کە پاڵەوانەکەی من کتێبفرۆشێکە دەیەوێت کۆمەڵگاکەی خۆی بپارێزێت لە کەسێکی پیاوکوژ بیکات بە کەسێکی رۆشنبیر لە تاوان بە دوور بێت. بیرۆکەی تریشی زۆر تێدایە.

نوچەنێت: جگە لە نووسین باس لەوە دەکرێت یەکێکیت لە خوێنەرە باشەکان، ئایا ئێستایش بەردەوامی لە خوێندنەوە؟

سابیر رەشید: بێگومان ئەگەر خوێندنەوە نەبێت ناتوانیت بنووسیت، من پێموایە خوێنەرێکی باش نەبێت ناتوانیت نووسەرێکی باش بیت، ئەگەر نووسەرێکی باشیش بیت دەبێت پەیوەندیت لەگەڵ خوێندنەوە نەپچڕێنیت، چونکە نووسەر ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ خوێندنەوە پچڕا ناتوانێت شتی نوێ بنووسێت. بۆیە من خوێندنەوە لەگەڵ خوێنما تێکەڵ بووە هەر کاتێکیش دەرفەتم هەبێت دەخوێنمەوە، کتێبی (کوردی، وەرگێران، عەره‌بی، دراسات، رۆمان) هەموو بوارەکان دەخوێنمەوە، بەڵام لە هەموو شتێک شتێک دەخوێنمەوە وەک دەڵێن مرۆڤ ئەگەر رۆشنبیر بێت لە هەر شتێک و شتێک دەبێت بزانێت جا من ئەوەی دەیخوێنمەوە مێژووییە ئەدەبییە و دراساتە، شیعر دەخوێنمەوە و رۆمان و چیرۆک هەموو بابەتە رۆشنبیرییەکانى تر ده‌خوێنمه‌وه‌، سەیری تەلەڤزیۆن و بەرنامە ئەدەبییەکان دەکەم هەفتانە هەر گۆڤارێک و رۆژنامەیەک دەردەچێت، من سەیریان دەکەم.

هاوسه‌نگیم له‌نێوان كاركردن و نووسین راگرتووه‌

نوچەنێت: دواین پرسیارم لەسەر هزرخانەکەی سابیر ڕەشید دەبێت، کە زۆربەی رۆژ میوان و کەسایەتی رووی تێدەکەن، چۆن دەتوانیت هاوسەنگییەک لەنێوان کارکردن و نووسین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان رابگریت؟

سابیر رەشید: زۆر ئەو پرسیارەم لێدەکەن، بەڵام من خۆزگەی ئەوەم دەخواست کە بە بێ کاسبی بژیم من پێشتر فەرمانبەری میری بووم ئێستا خانەنشین بووم ناتوانم بێ کاسبی بە  مووچەکەمە بژیم، ناچارم ئیش بکەم من هەر لە منداڵیەوە لەگەڵ باوکم خەریکی ئیش بووم هەر خەریکی نووسین و خوێندنەوە بووم. ئەو هاوسەنگییە راست دەکەی منیش هیوای ئەوەم دەخواست کارم نەبووایە بەس خەریکی نووسین و خوێندنەوە بوومایە، بەڵام ژیانەکە سەختە ژیان وایلێکردووم بۆ بژێوی ماڵ و منداڵم ئیش بکەم ئەگینا ناتوانم بژیم ئەوەیە یەکێکە لە هۆیەکان. بۆیە هاوسەنگیەکی خۆمم راگرتووە ئێستا لە دوکان بۆشایم هەبێت و دەرفەت بڕەخسێت خەریکی نووسین و خوێندنەوە دەبم ئەوەی تریش کە دەرفەتم نەبووە لە ماڵەوە  بۆ خۆم خەریکی نووسین و خوێندنەوە دەبم، زۆرجار لە نووسەرەکانی تر زیاتر نووسینم دەنووسی هاوڕێکانم زۆر پێم دەڵێن تۆ هەموو کات لە دووکانی ئەو هەموو نووسینە چۆن دەنووسی؟! منیش کاتی خۆم بە فیڕۆ نادەم ناچمە گازینۆ ناچمە نادی هەموو کاتی خۆمم بە نووسین و خوێندنەوە بەسەر بردووە. من کات بۆ خۆم دەقۆزمەوە، ئەگەر ئیشێکی خێزانی نەبێت شەوانە یاخود کێشەیەک نەبێت دوو کاتژمێر بۆ خۆم دەنووسم لە دووکانیش لە راستیدا ئەگەر بۆشاییەک هەبێت یاخود هاوڕێیەکم دیار نەبێت دادەنیشم بۆ خۆم دەخوێنمەوە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین