پەيوەندیى ئابوورى رێگە بۆ ئاساييكردنەوەى سياسى نێوان توركيا و ميسر خۆش دەكات شیکاری

نوچەنێت:

سەردانى رەفعەت حەسار چيكلى، سەرۆكى ژووری يەكێتیى بازرگانی و بۆرسەى توركيا بۆ ميسر، رێگە بۆ ئاساييبوونەوەى پەيوەندیى سياسى نێوان ئەنقەرە و قاهير خۆش دەكات، هەردوولا هەوڵدەدەن پەرە بە وەبەرهێنانى دوولايەنە بدەن، ئەو هەوڵانەشيان لە رێنماييە سياسييەكان سەرچاوەى گرتووە.

سەرۆكى ژوورى بارزگانى و بۆرسەى توركيا، ئيبراهيم عەرەبى، سەرۆكى يەكێتى گشتى ژوورى بازرگانى ميسرى بانگێشتى ئەنقەرە كردووە بۆ پەرەپێدانى پەيوەندیى ئابوورى نێوان هەردوو وڵات.

حەسار چيكلى رايگەياند، "گفتوگۆى نێوان هەردوو وڵات وايكردووە لە بوارى كاركردن جێگەى خۆشحاڵى بێت، ئێمە ئامادەین لەو قۆناغە هەموو هەوڵێكمان بۆ بەشداريكردن بخەينەگەڕ، بەردەواميش هەوڵمانداوە جياوازى لە نێوان سياسەت و ئابوورى بكەين، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ وەبەرهێنەرانى توركيا لە ميسر كارەكانيان رانەگرتووە، كە بە بڕى زياتر لە دوو مليار دۆلار لەو وڵاتە كارى وەبەرهێنان دەكەن."ئەو بەرەو پێشچوونانه‌ی توركیا و میسر دواى تێكچوونى پەيوەندیىى سياسى نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌یه‌.

لەسەر ئاستى وەزارەتى دەرەوە، لە مانگى حوزەيران و ئابى ساڵى رابردوو، دوو كۆبوونەوەيان بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكان ئەنجامداوە.

توركيا هەوڵیداوە وەڵامى داخوازييەكانى ميسر بداتەوە، سنوورێك بۆ چالاكييەكانى ئيخوان موسلمین لە وڵاتەكەى دابنێت، راگەياندنەكانى ئيخوان لەو وڵاتە هێرشەكانيان بۆ سەر ميسر كەم بكەنەوە، بەڵام تا ئێستا قاهيرە بەو چەند هەنگاوە رازى نييە، داواى ڕادەستكردنى تۆمەتبارانی ئیخوان  و كشانەوەى هێزەكانى توركيا لە ليبيا دەكات.

ئەنقەر هەوڵدەدات ئاڵۆزييەكانى لەگەڵ قاهيرە كەمبكاتەوە، كێشە هەڵواسراوەكان چارەسەر بكات، بۆيە هەندێك بەدەم داواكارييەكای میسرەوە  چووە، ئەوەش لە چوارچێوەى هەوڵەکانى سفركردنەوەى كێشەكانى نێوانيانە، بەڵام ميسر داوا دەكات توركيا بە تەواوى مەرجەكانى جێبەجێ بكات، بۆیه‌ تا ئێستا ناكۆكييەكانى نێوان هەردوولا چارەسەر نەبوو و سوودييان لەو پەيوەندييە ئابوورييە بەهێزەى نێوانيان وەرنەگرتووە، كە توانيويانە رێگە نەدەن تێچوونى پەيوەندى ئەمنى و سياسى كاريگەريی لەسەريان هەبێت، هەر دوولاش سوورن لەسەر ئەوەى وەبەرهێنان لە ململانێ سیاسییه‌كان دووربخەنەوە.

بە درێژايى ئەو چەند ساڵەى ناكۆك بوون، پەيوەندى ئابوورى پێچەوانە بوو، وەك ئەوە بوو دان بە ئاستى سياسى دانانێنن، دووربوون لە لێككەوتە ئاڵۆزەكان، ئەوەشى مايەى تێبينيیە، هەردوولا سوور بوون لەسەر پارێزگاريكردن لەو بەرژەوەندييانە.

موحەرەم هيلال، سەرۆكى يەكێتى وەبەرهێنەرانى ميسر بە رۆژنامەى (ئەلعەرب)ى راگەياند، "پێشوازى لە بەهێزكردنى پەيوەندى ئابوورى لەگەڵ توركيا دەكەين، ديدارى دوولايەنەى ژوورى بازرگانى و بزنسمانەكان هەنگاوى سەرەتايە بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندى نێوانمان، رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيا هەوڵدەدات هەڵە سياسييەكانى لە رێگەى بزنسمانەكان راست بكاتەوە، چونكە ميسر ناوەندێكى گرنگە بۆ كۆتاييهێنانى گۆشەگيریى تورکیا لە وڵاتانى عەرەبى."

هيلال لەبەشێكى ترى قسەكانى روونى كردەوە، "چاوەڕوان دەكرێت ميسر بەربەستەكانى بەردەم پيشەسازى ئەندازيارى جلوبەرگی توركی لابدات، هه‌رچه‌نده‌ بەهۆى ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندی سياسى، وەبەرهێنانى توركيا لە ناوچە پيشەسازييە گەورەكانى ميسر بەربەستيان بۆ دروست نەبووە."

رۆژنامەكە ئەوەى ئاشكرا كردووە، يەكێتى وەبەرهێنەرانى ميسرى، بۆ ديدار لەگەڵ وەبەرهێنەرانى تورك، چاوەڕوانى ئاماژەى عەبدولفەتاح سيسى، سەرۆكى ميسرى، ياخود سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزيران بەسەرۆكايەتى مەستەفا مەدبولى بوون، چونكە يەكێتى وەبەرهێنەران بەگوێرەى بەرژەوەندى سياسى و ئابوورىییەکان كاردەکات.

يەكێتى وەبەرهێنەران گەورەترين رێكخراوى تايبەتى ميسرييە، هەموو وەبەرهێنەرانى ناوچە پيشەسازييەكان لەخۆى دەگرێت، پەيوەندى راستەوخۆ و هەماهەنگى لەگەڵ دەسەڵاتى فەرمانڕەوا هەيە، جووڵەكانى ژوورى بارزگانى و بزنسمانەكان لەگەڵ هەر لايەنێكى دەرەكى بێت، لەوانەش توركيا، لە رێنمايى سياسى فەرمى سەرچاوەى گرتووە.

لە (2005) ميسر و توركيا رێككەوتنى بازاڕى ئازادييان واژۆكرد، دواى دوو ساڵ خستيانە بوارى جێبەجێكردن، هەردوولاش پابەند بوون بە دابەزاندنى باجى گومرگى ساڵانە، تا لە (2020) هەردوولا بەتەواوى باجيان هەڵگرت، تا ئێستاش بەردەوامە، ئەوەش بۆتە بەهێزكردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانى دوولايەنە.

توركيا لەو رێككەوتنە سوودى زياترى وەرگرتووە، چونكە تواناى پيشەسازى و رەوانەكردنى زياترە، بەتايبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەى كۆمپانيا جيهانييەكان دروستى دەكەن لە توركياوە رەوانەى ميسر دەكرێت، هيچ باجێكى گومرگى لەسەر نييە.

توركيا ئۆتۆمبێلى تويۆتا كورۆلا و هوند سيفك و ئۆتۆمبێلى ئيتالى و فەرەنسى رەوانەى ميسر دەكات. بەگوێرەى داتاكانى ئەنجوومەنى زانيارى بازاڕى ئۆتۆمبێلى (ئۆميك) لە رابردوو فرۆشتنى ئۆتۆمبێلى توركى لە ميسر بە رێژەى لە (67%) زيادى كردووە، كە (30( هەزار و (200) ئۆتۆمبێل فرۆشراوە، لە ساڵى (2019) پێش جێبەجێكردنى رێككەوتنى لادانى باجى گومرگ، (18) هەزار و (100) ئۆتۆمبێلى توركيا لە ميسر فرۆشرا.

دوای لادانی ئيخوان موسلمین لە حكوم لە ميسر لە مانگى تەموزى (2013) پەيوەندى ئابوورى نێوان توركيا و ميسر بەردەوام بوو، بەڵام قۆناغەكان لە نێوان پاشەكشە و بەرەوپێشچوون بوو، بەگوێرەى داتاى يەكێتى ژوورى بۆرسە و بازرگانى توركيا لە ساڵى رابردوو لە ماوەى (11) قەبارەى ئابوورى گەيشتە پێنج مليار و (800) مليۆن دۆلار، ئەو رێژەيە بەراورد بە هەمان به‌روار لە ساڵى (2020) بە رێژەى لە (35%) زيادى كردبوو.

بەسنەت فەهمي، جێگرى پێشووى سەرۆكى ليژنەى ئابوورى و پسپۆڕ لە ئابوورى نێودەوڵەتى بە رۆژنامەى (ئەلعەرەب)ى رايگەياند، "بوارى ئابوورى پەيوەندى بە ململانێ و ناكۆكييە سیاسییه‌كان نييە، چونكە لەسەر بەرژەوەندى بنياتنراوە، چارەنووسى گەلان و ڵاتان و كرێكارانى پێوە بەندە، بۆيە لەبەرژەوەندى هەردوولا وڵات دايە ئابووريان بەهێز بێت، پێويستە ميسر بوژانەوەى ئابوورى توركيا بۆخۆى بقۆزێتەوە ئەو ئەزموونە بگوازێتەوە، هەروەك بازاڕى ميسر فراوانە بۆ پێشوازى زياتر لە وەبەرهێنانى توركى، لەگەڵ ئەوەش هەوڵەكانى ميسر بۆ بوژانەوەى كەرتە جۆراوجۆرەكان دەكرێت ببێتە ئامرازێك بۆ هاوكارى ئەنقەرە."

فەهمى لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "ئەزموونى كەرتى تايبەتى توركيا كە لەسەر هاندان بنياتنراوە، چونكە زۆربەى كه‌لوپه‌له‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ناوخۆييە، بە پێچەوانەوە ميسر زياتر پشت بە هاوردە دەبەسترێت، حكومەت پاڵپشتى گەورەيان ناكات، بۆيە دەكرێت ئەزموونى وەبەرهێنانى توركيا بۆ ميسر بگوازرێتەوە.

بەگوێرەى بڵاوكراوەى تايبەت بە هەناردە، كە دەزگاى ناوەندى سەر بە ئامارى قاهيرە بڵاويكردۆتەوە، قەبارەى بازرگانى نێوان توركيا و ميسر لە نۆ مانگى ساڵى رابردوو بەرێژەى لە (16.3%) بەرزبۆتەوە، ئەو كە چوار مليار (12) مليۆن دۆلار بوو، لە ساڵى (2020) لە هەمان بەروار قەبارەى ئابوورى نێوانيان سێ مليار و (54) مليۆن بوو.

قەبارەى بازرگانى توركيا و ميسر، ساڵى رابردوو بڕى يەك مليار و (23) مليۆن دۆلار چۆتە بەرژەوەندى توركيا،  لە مانگى شوبات تا مانگى ئەيلوولى ساڵى (2020) بڕى يەك ميار و سێ مليۆن دۆرلار چۆتە بەرژەوەندى توركيا، ئەوەش واتە كورتهێنانى بازرگانى ئەو دوو وڵاتە بە رێژەى لە (16.4%).

ئەو بڵاوكراوە دەرى دەخات لەو ماوەى باسكراوە، هەناردەى ميسر بۆ توركيا بە رێژەى لە (33.9%) زيادى كردوو، كە بڕەكەى يەك مليار و (54) مليۆن دۆلار بووە، لە بەرانبەر لە هەمان قۆناغ لە ساڵى (2020) بڕەكەى يەك مليار و (15) مليۆن دۆلار بوو، كە رێژەى لە (4%)ى هەناردەى ميسر بووە لەو ماوەيە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین