هێزى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى راپۆرتێك له‌سه‌ر دانانى هێزێكى تایبه‌ت به‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى ئه‌مریكا، مشتومڕێكى سیاسى له‌ عێراق دروست بووه‌ و محه‌مه‌د حه‌لبووسیش بوونى هێزێكى وه‌ها ره‌تده‌كاته‌وه‌.

"تارمایییه‌كانى بیابان "أشباح الصحراء" ناوى ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ عێراق مشتومڕى له‌سه‌ر ده‌كرێت، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24ى كانوونى دووه‌م راپۆرتێكى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

شه‌رق ئه‌وسه‌ت باسى له‌وه‌ كردووه‌، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان راپۆرتێكى "ناڕۆشن" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ ئه‌نبار هێزێكى تایبه‌ت دروست بووه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، "تارماییه‌كانى بیابان ئه‌ندامه‌كانى عێراقیین و خه‌ڵكى پارێزگاكانى رۆژئاواى عێراقن و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى هێزه‌كانى ئه‌مریكا مه‌شقیان پێكراوه‌ و ئاماده‌كراون، به‌ وردى له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستنیشان كراون كه‌ لایه‌نگرى سیاسى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم و سیاسه‌تمه‌داره‌كانى ژێر سه‌ركردایه‌تى ئه‌ون".

هه‌ر له‌ راپۆرته‌ "ناڕۆشنه‌كه‌" باس له‌وه‌ كراوه‌ ئه‌و هێزانه‌ به‌ به‌ بیانووى پاراستنى هێزه‌ سوننیه‌كان ره‌وانه‌ى به‌غدا ده‌كرێن و دواتر له‌وێ بڵاویان پێده‌كرێت.

دوێنێ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ تویتێكدا ناوه‌ڕۆكى ئه‌و راپۆرته‌ى ره‌تكرده‌وه‌ و گوتى، " به‌ ئامانجى نانه‌وه‌ى پشێوى ئه‌و بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌".

جگه‌ له‌مه‌یش ئه‌مڕۆ شه‌رق ئه‌وسه‌ت باسى له‌وه‌ كردووه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ حه‌لبووسى ده‌ڵێ، "تارماییه‌كانى بیابان چیرۆكێكى هه‌ڵبه‌ستراوه‌، ئامانجى هه‌ڵخه‌ڵتاندنى كه‌سانى ساده‌یه‌، تا وا تێبگه‌ن هێزى تایفه‌گه‌رى له‌ بیابان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش چیرۆكێكه‌ مایه‌ى گاڵته‌جارییه‌".

جگه‌ له‌مه‌یش ئه‌حمه‌د ئه‌بوڕیشه‌ كه‌ كه‌سایه‌تێكى عه‌شایه‌رى سوننه‌یه‌ و سه‌رۆكى كۆنگره‌ى سه‌حوه‌ى عێراقه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌ ئامانج له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و راپۆرته‌ ئه‌وه‌یه‌ رێگه‌نه‌درێت هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم له‌ حكومه‌تى نوێى عێراق به‌شدار بێت. سه‌ركرده‌ سوننه‌كان پێیانوایه‌ هه‌ندێك له‌ میلیشیاكانى شیعه‌ له‌پشت بڵاوكردنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه‌ن.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌كۆتایى راپۆرته‌كه‌ى خۆیدا باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ى مه‌سعود بارزانى و محه‌مه‌د حه‌لبووسى و موقته‌دا سه‌در پێكیانهێناوه‌، لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئانگى شیعه‌ى تووڕه‌ كردووه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن شكست بهێنێ.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین