ئێران فشار ده‌خاته‌ سه‌ر نوورى مالیكى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب پێشبینى ده‌كات ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران فشار بخاته‌ سه‌ر نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى حكومه‌ت نه‌كات، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا ده‌بێت گره‌نتى ئه‌وه‌ى پێبدات رووبه‌ڕووى دادگا نه‌كرێته‌وه‌.

دواى نیوه‌ڕۆى دوێنێ ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران سه‌ردانى عێراق كرد. وه‌ك میدیاكان باسى ده‌كه‌ن ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى قائانى هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشتریش له‌م مانگه‌دا بۆى هاتبوو، ئه‌ویش یه‌كخستنى لایه‌نه‌كانى شیعه‌یه‌.

رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26 ى كانوونى دووه‌مى 2022 هه‌ندێك زانیارى له‌سه‌ر ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى قائانى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باس له‌وه‌ كراوه‌، قائانى بۆ ئه‌وه‌ سه‌ردانى عێراقى كردووه‌، تا سه‌در هه‌ندێك له‌ مه‌رجه‌كانى سووكتر بكات.

له‌وانه‌ واز له‌ داواكارییه‌كانى سه‌باره‌ت به‌ میلیشیاكان بهێنێ، كه‌ پێداگریى له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و چه‌ككردنیان ده‌كات. جگه‌ له‌مه‌یش قائانى ده‌یه‌وێ هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران له‌ حكومه‌تى عێراق به‌شدار بن.

چه‌ند جارێك له‌ راپۆرته‌كه‌ باسى ئه‌وه‌ كراوه‌ ئێران به‌ ته‌واوى دژى حكومه‌تى زۆرینه‌ى سیاسیی نییه‌، به‌ڵام نایه‌وێ په‌راوێزى هاوپه‌یمانه‌كانى خۆى له‌ عێراق به‌رته‌نگ بكرێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ نوورى مالیكى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب به‌ دوورى نازانێ كه‌ قائانى فشارى لێ بكات، تا به‌شدارنه‌بێت له‌ حكومه‌تى نوێ، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا ده‌بێت گره‌نتى ئه‌وه‌ى پێبدات كه‌ ره‌وتى سه‌در دواى پێكهێنانى حكومه‌ت رووبه‌ڕووى دادگاى نه‌كه‌نه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى، وه‌ك پێشتر هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین