ليبيا گۆڕەپانى ململانێى هەژموونى توركيا و ميسر شیکاری

نوچەنێت:

جورج ميخائيل

دواى چەندين مانگ لە تۆمەتباركردنى يەكترى لەگەڵ بەرەى رۆژهەڵاتى ليبيا، توركيا لە (20) ئەو مانگە هەنگاوى نوێى بەرانبەر سەركردايەتى ئەو بەرەيە نا، كەنعان يەلماز، باڵيۆزى توركيا لە تەرابلوس سەردانى رۆژهەڵاتى ئەو وڵاتەى كرد و لەگەڵ عەقیلە ساڵح، سەرۆكى پەرلەمان، كە يەكێك بوو لەوانەى رەخنەى توندى لە چوونى سوپاى توركيا بۆ وڵاتەكەى دەگرت كۆبوونەوە، ئەوەش هەنگاوێكى گرنگ بوو لە پەيوەندييەكانى نێوانيان، چونكە پێشتر دژى توركيا بەهۆى  رێككەوتنى ئەمنى و سەربازى لەگەڵ حكومەتى وڵاتەكەى لە پايتەخت.

رۆژى (19)ى كانوونى دووەم، حەسەن قەترانى، جێگرى سەرۆك وەزيرانى ليبيا، كە نوێنەرايەتى بەرەى رۆژهەڵاتى لە حكومەتى ليبيا دەكات، رايگەياند، "توركيا پلانى كردنەوەى کونسوڵخانەى وڵاتەكەى لە بەنغازى هەيە، لە كۆتايى ئەو مانگەش سەردانى ئەنقەرە دەكەم."

لە (15) كانوونى يەكەمى ساڵى رابردوو، شاندێكى پەرلەمانى تەبروق سەردانى توركيايان كردوو لەگەڵ رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيا و بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە كۆبوونەوە، دواتر پەرلەمانى تەبروق لە راگەيێندراوێك دا باسى لە قەيرانى وڵاتەكەى و دانانى سنوورێك بۆ دەستوەردانى دەرەكى و رێگەكانى سەقامگيرى لە ليبيا و ناوچەكە كرد.

لە (18) كانوونى يەكەمى ساڵى رابردوو، ئەو پەرلەمانتارانەى سەردانى توركيايان كردبوو، رايانگەياند، "ئەو سەردانە بووە هۆى كردنەوەى رێگەى فڕۆكەوانى ليبيا و كۆمپانياكانى وڵاتەكەمان گەشت بۆ فڕۆكەخانەى بەنينا و ئيستەنبوڵ دەكەن، دەرگا بۆ هێڵى گواستنەوەى دەرياى لەگەڵ بەندەر تەبروق و بەنغازى بكەنەوە.

كوتلەى نوێنەرانى فەزان لە پەرلەمانى ئەو ليبيا، كە ژمارەيەك پەرلەمانتارى باشوورى ئەو وڵاتە لەخۆى دەگرێت، لە (16)ى كانوونى يەكەم لە راگەيێندراوێكدا رەخنەيان لەو سەردانەى شاندى پەرلەمانى وڵاتەكەيان بۆ توركيا گرت، جەختيان لەسەر ئەوە كردەوە، "سەردانى ئەو پەرلەمانتارانە چاوپۆشييە لە پێشێلكارييەكانى توركيا بەرانبەر سەرەوەرى خاكى ليبيا."

بەڵام تا ئێستا ئەو لێكنزيكبوونەوەى نێوان ئەنقەرە و رۆژهەڵاتى ليبيا تەنيا لەسەر ئاستى پەرلەمانتارانەيە، هەرچەندە لە (29)ى كانوونى يەكەمى ساڵى رابردوو، مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا رايگەياند، "خەليفە حەفتەر، بەرپرسى سوپاى سەربازى ليبيا داواى كردووە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان سەردانى توركياى بكات، بەڵام سەرۆكى توركيا داواكەى رەتكردتەوە،." بۆيە تا ئێيستا سوپاى نيشتيمانى ليبيا كە كۆنتڕۆڵى ئەو ناوچەى كردووە لەگەڵ بەرپرسانى توركيا هيچ كۆبوونەوەكيان نەكردووە.

دەربارەى هەڵوێستى ميسر بەرانبەر ئەو نزيكبوونەوەى نێوان سوپاى نيشتيمانى ليبيا لە رۆژئاوا لەگەڵ توركيا، راپۆرتە رۆژنامەوانييەكان ئاماژە بەوە دەكەن، "قاهيرە مەترسى هەيە توركيا لەدواى رێككەوتنى لەگەڵ ئيمارات و هاوپەيمانەكانى لە رۆژهەڵاتى ليبيا بەفەرمى بچێتە ئەو ناوچەيە و لە سنوورەكانى رۆژئاواى ميسر نزيك بێتەوە".

لەو دواييە توركيا هەوڵى داوە پێگەى خۆى لە رۆژهەڵاتى ليبيا بەهێز بكاتەوە، بۆيە حكومەتى ميسر بەنهێنى ميواندارى ژمارەيەك سەركردەى سوپاى نيشتمانى و سەرۆك هۆزەكانى رۆژهەڵاتى ئەو ناوچانەى ليبياى كردووە، بۆ ئەوەى لە لێكتێگەيشتنەكانى دۆخى ليبيا هەڵوێستى بەهێز بێت، بەرانبەر چوونى توركيا بۆ بەشى رۆژهەڵات. 

لەپاڵ ئەو هەوڵانەى توركيا لە رۆژهەڵاتى ليبيا، دواى ماوەيەك لە ململانێى نێوان كانديدانى سەرۆكايەتى ليبيا، كە بڕيارى بوو لە (24) كانوونى يەكەمى ساڵى رابردوو بەرێوە بچێت، دۆخى ئەو وڵاتە كەمێك ئاسايى بۆتەوە.

سەبارەت بە هۆكارى دواكەوتنى هەڵبژاردنەكانى ليبيا، عيماد سايح، سەرۆكى كۆميسيۆنى باڵاى نيشتيمانى بۆ هەڵبژاردنەكان لەسەرەتاى ئەو مانگە رايگەياند، "لەبەر چەند هۆكارێك بەرێوەچوونى هەڵبژاردنەكان زۆر قوڕس بوو، ئەگەر ليستى كانديدەكانمان بڵاوبكردايەوە رووبەڕووى هەڕەشە دەبووينەوە."

پەرلەمانى ليبيا و ئەنجومەنى باڵاى وڵات گفتوگيان لەسەر نەخشە رێگەى نوێى وڵاتەكەيان كرد، بە ئامانجى دروستكردنى حكومەتێكى نوێ لە پێناو گەيشتن بە قۆناغێكى نوێى سياسى. 

ئيبراهيم بلقاسم، نووسەرى ليبى بە ماڵپەڕى (مۆنيۆتۆر)ى راگەياند، "لێكتێگەيشتنى نێوان ميسر و ئيمارات لە لايەك توركيا لەلايەكى تر بووە هۆى نزيكبوونەوەى توركيا لە رۆژهەڵاتى ليبيا."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "دواى ئەوەى هەڵبژاردنەكان لە وادەى خۆى نەكرا، ئێستا قۆناغى لێكتێگەيشتن و ئاساييكردنەوەى دۆخەكەيە، بۆيە هەموو لايەنەكان دەيانەوێت بگەن بە لێكتێگەيشتن."

دەربارەى ميسڕ بلقاسم گوتى، "ميسر هەوڵدەدات لە رێگەى ئابوورى و سياسى دوور لە هەژموونى سەربازى لەگەڵ حكومەتى تەرابلوس لێكنزيك ببێتەوە، هەروەها چاودێرى هەوڵەكانى توركياش لە رۆژهەڵاتى ليبيا بكات، بەڵام تا ئێستاش بەرانبەر هەبوونى پێگەيەكى بەهێزى توركيا لەو بەشى رۆژهەڵات ترسى هەيە، بەتايبەت ميسر لە چەند ساڵى رابردوو هاوكارى زۆرى سوپاى نيشتيمانى ليبياى كردووە."

لە مانگى تشرينى دووەمى ساڵى رابردوو حكومەتى ميسرى لەگەڵ حكومەتى ليبيا رێككەوتن بۆ ئاسانكارى گواستنەوەى كرێكارانى وڵاتەكەى بۆ ئەوەى لە پڕۆژەكانى ئاوەدانكردنەوەى ئەو وڵاتە كار بكەن.

چاوەڕوان دەكرێت، لە قۆناغى داهاتوو بەرپرسانى توركيا سەردانەكانيان بۆ رۆژهەڵاتى ليبيا زياد بكەن، ئەوەش رەنگدانەوەى ئەو دۆخە نوێيەى ناوچەكەيە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین