رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب: لایه‌نه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران كاندیدبوونى زێبارى ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب كه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، لایه‌نه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران كاندیدبوونى هۆشیار زێبارى ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ سه‌دان كه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و هۆشیارى زێبارى به‌ "جوداخوازیى" تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ى كانوونى دووه‌م له‌ گۆڕه‌پانى نسور له‌ رۆژئاواى به‌غدا، خۆپێشاندانێك له‌ دژى هۆشیار زێبارى كاندیدى پارتى بۆ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار ئه‌نجام درا. رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ ئه‌و كه‌سانه‌ى خۆپێشاندانیان كردووه‌ سه‌ربه‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگین كه‌ ئه‌ویش لایه‌نگرى ئێرانه‌. 

رۆژنامه‌كه‌ باس له‌وه‌یش ده‌كات دروشمى هه‌ره‌ زه‌قى خۆپێشانده‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و كه‌سانه‌یان ناوێ كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ جیابوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ هۆشیار زێبارى پاڵپشتى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆى كوردستانى كردووه‌ له‌ ساڵى 2017 .

هه‌ر رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ لایه‌نه‌كانى به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كه‌ هاوپه‌یمانه‌كانى ده‌وڵه‌تى یاسا و فه‌تح و نه‌سڕ له‌خۆ ده‌گرێت، پاڵپشتى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌رهه‌م ساڵح بۆ جارى دووه‌م ببێته‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار.

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ى ئاشكرا كرد، كه‌ حه‌وتى مانگى داهاتوو پێشبڕكێ له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار ده‌كه‌ن و ژماره‌شیان 25 كه‌سه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین