یه‌كێتى فه‌رمانبه‌ران پێداگریى له‌سه‌ر پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌كات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

یه‌كێتى فه‌رمانبه‌رانى كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حكومه‌ت ده‌ستپێنه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌وان خۆپێشاندان یان بایكۆتى ده‌وام ده‌كه‌ن، هاوكاتیش بۆ هه‌مان داوا كه‌مپینێكى ئیمزا كۆكردنه‌وه‌ له‌نێو فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان ده‌ستیپێكردووه‌.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 30ى كانوونى دووه‌م یه‌كێتى فه‌رمانبه‌رانى كوردستان یاداشتێكى به‌ حكومه‌ت داوه‌ و داوایكردووه‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێبكاته‌وه‌. ئه‌مڕۆ جه‌زا محه‌مه‌د سه‌رۆكى لقى سلێمانى یه‌كێتى فه‌رمانبه‌ران له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى بۆ رووداو ده‌ڵێ، "ماوەیەک دەدەینە حکومەت بۆ ئەوەی وەڵامی داواکارییەکەمان بداتەوە، بەتایبەت ئێستا دیارە، کە دۆخی دارایی حکومەت زۆر باشە، ئەگەر وەڵامی نەداینەوە دەست بەخۆپیشاندان و بایکۆتکردنی دەوام دەکەین، ئێستا مامۆستایان دەستیان بە ناڕەزایی دەربڕین کردووە و ئێمەش دەچێنە پاڵیان ئەگەر حکومەت داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکات".

پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌ ساڵى 2014 وه‌ستاوه‌ و زۆربه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌دواى ئه‌م رێكه‌وته‌وه‌ مافى دووجار پله‌به‌رزكردنه‌وه‌یان هه‌یه‌.

له‌سه‌ر هه‌مان داوا چه‌ند رۆژێكیشه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ڵمه‌تێكى ئیمزا كۆكردنه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، له‌ راگه‌ێێندراوی كه‌مپینه‌كه‌ هاتووه‌، "پێویستە بە زووترین کات ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگێڕنەوە. لەکاتێکدا ئەم داواکارییە دەکەین کە دڵنیاین داهاتی حکومەت تەواو زیادی کردووە و زۆر بەئاسانی دەتوانرێت بەشی پلەبەرزکردنەوەکانمان بکات".

یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانى كه‌مپینه‌كه‌ به‌ نوچه‌نێتى راگه‌یاند، تا ئێستا به‌ سه‌دان كه‌س واژۆیان له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ كردووه‌، داواكارییه‌كه‌یشیان ئاراسته‌ى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى دارایى كردووه‌ 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین