ئەکادیمیاى کوردى: زیندانیکردنى زارا محەمەدى لە ناخەوە هەموو کوردێکى هەژاند کولتوور

نوچەنێت:

ئەنجوومەنى ئەکادیمیاى کوردى لەسەر زیندانیکردنى زارا محەمەدى، مامۆستا و چالاکوانى کورد لە ئێران پەیامێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "بە ئەرکی خۆی دەزانێ بێتەدەنگ لە هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر بەو زمانە و ئاخێوەرانی لەهەر کوێیەکی جیهان بێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە (2/شوبات/2022)، ئەنجوومەنى ئەکادیمیاى کوردى لەسەر زیندانیکردنى زارا محەمەدى هاتەدەنگ و لە پەیامێکدا نیگەرانی و ناڕەزایی توندی خۆی سەبارەت بە هەڵوێستی دادگای ئێران بەرامبەر بە مامۆستایەکى زمانی کوردی ڕادەگەیێنێت.

جێگەى ئاماژەپێدانە، زارا محەمەدى، مامۆستاى زمانى کوردى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لە سەرەتاى مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵ لەلایەن دادگاى ئێرانەوە بە تۆمەتى گوتنەوەى وانە بە زمانى کوردى لەلایەن دادگاى ئێران بە سزاى (5) ساڵ زیندانیکرا.

 

دەقى پەیامی ئەنجومەنی ئەکادیمیای کوردی لەبارەی زیندانیکردنی زارا محەمەدی:

ئەکادیمیای کوردی وەک دەزگایەکی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرس لە پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی، بە ئەرکی خۆی دەزانێ بێتەدەنگ لە هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر بەو زمانە و ئاخێوەرانی لەهەر کوێیەکی جیهان بێت. بەم بۆنەیەوە، ئەکادیمیا نیگەرانی و ناڕەزایی توندی خۆی دەردەبڕێ سەبارەت بە زیندانیکردنی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاتوون زارا محەمەدی بە "تۆمەتی" گوتنەوەی وانەی زمانی کوردی لە هۆڵەکانی خوێندندا ، لەکاتێکدا خوێندن بەزمانی دایک سادەترین مافی شەرعیی مرۆڤە لە سەرانسەری جیهان و تەنانەت خودی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ، لە مادەی ١٥دا ، دانی بەم مافە ناوە لەنێو سنووری ئێراندا.

جێگای ئاماژە بۆ کردنە کە لە وڵاتێکی وەکو کۆماری تورکیاش ، دوای ئەوەی سەدەیەک پترە کە زمانی کوردیی تیایدا قەدەغەیە، ئێستاکە ئەو مافە خەریکە کاری پێ دەکرێ !... بۆیە ئەوەی بەسەر خاتوون زارا هاتووە، کە دادگا پێنج ساڵ زیندانیی بۆ دەرکردووە، لە ناخەوە هەموو کوردێک و هەموو مرۆڤ دۆستێکی هەژاند لە جیهاندا .

ئەنجومەنی ئەکادیمیای کوردی لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە 2022/01/30 لە کۆبوونەوەی ژمارە (١٥)یدا، بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی نیگەرانی و ناڕەزایی توندی خۆیی ڕاگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستی دادگای ئێران بەرامبەر بە مامۆستای زمانی کوردی زارا محەمەدی و پێنج ساڵ زیندانیکردنی ؛ هەمان کات ، ئەنجومەن دووپاتیکردەوە کە خوێندن بە زمانی کوردی (زمانی دایک) هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ یاسا دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکان و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤدا نییە و بگرە مافێکی سەرەتایی و شەرعیی هەر مرۆڤێکە لە سەرانسەری جیهاندا.

ئەنجومەنی ئەکادیمیای کوردی

هەولێر

2022/01/30

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین