هیچ بڕگه‌یه‌كى کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

سه‌نته‌رێكى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، ئه‌و پڕۆژه‌ چاكسازییه‌ى حكومه‌تى كازمى به‌ ناوى "كاغه‌زى سپى" پێشنیارى كردووه‌، ته‌نیا یه‌ك بڕگه‌ى جێبه‌جێ كراوه‌، ئه‌ویش به‌هۆى دابه‌زاندنى نرخى دینار بووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ دووى شوباتى 2022 رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى پوخته‌ى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌نته‌رى EPC "سه‌نته‌رى ئیمارات بۆ سیاسه‌ت" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى چاكسازى ئابوورى ده‌كات كه‌ هاوینى 2020 له‌ لایه‌ن حكومه‌تى مسته‌فا كازمى خراوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ ده‌پرسێ دواى تێپه‌ڕبوونى زياتر  لە ساڵێك به‌سه‌ر پێشكه‌شكردنى كاغه‌زى سپى ئایا هیچ شتێك گۆڕاوه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ، "به‌رپرسیانى عێراقى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئاستى ئامانجى كورت مه‌ودا هه‌ندێك شت به‌دیهاتووه‌، له‌ نموونه‌ى تێپه‌ڕاندنى داڕمانى دارایى، زیادبوونى نه‌ختینه‌یى له‌ رێگه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌هاى دینار به‌رانبه‌ر به‌ دۆلار". 

له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "به‌ڵام شاره‌زایانى ئابوورى دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌هاى دینار له‌ به‌رانبه‌ر دۆلار ته‌نیا توانى ئاستى كورتهێنان كه‌م بكاته‌وه‌، نه‌یتوانى هیچ چاكسازییه‌ك بۆ پاراستنى هه‌ژاران و چینى مامناوه‌ند بكات".

راپۆرته‌كه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى عێراق بتوانێ چاكسازى ئابوورى بكات، ئه‌وا ده‌بێت له‌ پێشدا كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو بنێت بۆ رێكخستنه‌وه‌ى كه‌رته‌ ئابوورییه‌كان به‌ تایبه‌تى له‌بوارى وزه‌ى نه‌وت، هه‌روه‌ها رێكخستنه‌وه‌ى ده‌رامه‌تى ئاو، جیا له‌مه‌یش چه‌ندان بابه‌تى تر وه‌ك گه‌نده‌ڵى و خراپى به‌ڕێوه‌بردن چاره‌سه‌ر بكرێن.

كاغه‌زى سپى له‌ هاوینى 2020 له‌ لایه‌ن حكومه‌تى كازمى پێشكه‌ش كرا، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ بانكى نێوده‌وڵه‌تى و سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى و گرووپى جى 7 پاڵپشتیان له‌ پرۆژه‌كه‌ كرد، كه‌ 64 بڕگه‌ و پێشنیارى ئابوورى له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌ هه‌ندێكیان مه‌وداكورت و هه‌ندێكى تریش مه‌ودامامناوه‌ندن. به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى سێ تا پێنج ساڵ كورتهێنان له‌ 20% بۆ 3% كه‌م بكاته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین