دایک و باوکی منداڵانی ئۆتیزم: پێویستە سەنتەری حکومی بۆ منداڵەکانمان بکرێتەوە ناوخۆیی

نوچەنێت: تایبەت

بار و دۆخی ئەو خیزانانەی کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە سەختە. لەوە سەختتر ئەوەیە کە هیچ پاڵپشتییەکی دارایی و مەعنەوییان نییە، سەرۆکی رێکخراوی هوما بۆ منداڵانی ئۆتیزم دەڵیت: پێویستە سەنتەری حکومیمان بۆ منداڵانی ئۆتیزم هەبێت بۆئەوەی کەمێک لە ئەرکی سەر شانی دایک و باوکیان سوک بکەن.

فەرەیدون بێوار، سەرۆکی رێکخراوی هوما بۆ منداڵانی ئۆتیزم،  سەبارەت بە بارودۆخی ئەو خێزانانەی کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە گوتی"بە حوکمی ئەوەی ئێمە چوار پێنج ساڵ سەنتەرمان هەبوو تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم، من زیاتر ئاگاداری بارودۆخی دایک و باوکان بووم ئەوانەی کە منداڵی کەمئەندامیان هەیە بە گشتی بارودۆخە کە بۆ هەردووکیان سەختە، لە رووی دەرونیەوە هەردووکیان قوربانین، بەڵام وەکو ئەرکی بەخێوکردنەکە دایکەکە زیاتر لەگەڵی ماندووە و دەبێت ژیانی خۆی بۆ تەرخان بکات، ئێمە سەنتەری حکومی، پەیمانگە و قوتابخانەی تایبەتمان نییە کە رۆژانە ئەو منداڵانە لە بەیانیەوە بچنە دەرەوە تا ئێوارە راهێنانیان پێ بکرێت و شتیان فێر بکرێت، تا دایک و باوکەکانیش کەمێک ئەو ئەرکەیان لەسەر کەم بێتەوە ".

ئارەزوو تەڵعەت، قوتابی دکتۆرا لە پسپۆڕی دەرونزانی مەعریفی،  سەبارەت بە بارودۆخی ئەو خێزانانەی کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە دەڵێت" خێزان هەیە لایەنی ماددی ئەوەندە زۆر نییە، تا بتوانێ منداڵەکەی بباتە لای دکتۆرێکی دەرونی یاخود سەنتەری تایبەت، بۆیە فشارێکی دەرونی زۆر بۆ دایک وباوکە کە دروست دەبێت، ئەو خێزانانە ژیانیان لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە سەختە ".

کێشەیەکی دیکە کە ئارەزو تەڵعەت ئاماژەی پێدەکات، ژینگەی کۆمەڵایەتییە "مامەڵەی خەڵک لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزم و ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە زۆر خراپە. دایک و باوک هەیە دەڵێت، منداڵەکەم پێویستی بەوەیە مامەڵە لەگەڵ منداڵی تر بکات بەڵام دایک و باوکیان رێگە نادەن و حەزناکەن منداڵەکانیان تێکەڵی منداڵی ئێمە بن".

رەشاد محەمەد، سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی سەبارەت بەو ئاریشە دەرونی، دارایی و کۆمەڵایەتییانەی کە خێزانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت تێیدا دەژین دەڵێت "  ئێمە ئێستا لە قەیرانی داراییداین ئەوەش وادەکات فشاری زیاتر لەسەر دایک وباوکان دروست ببێ، ئەو سەنتەرانەی کە ئێستا بۆ منداڵانی ئۆتیزم هەیە هەمووی بە پارەیە و خێزان هەیە ناتوانێ منداڵەکەی بنێرێتە ئەو سەنتەرانە".

خێزانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، داوادەکەن حکومەت سەنتەری تایبەت بەم منداڵانە بکاتەوە بۆ ئەوەی کەمێک لە سەختی ژیانیان بۆ ئاسان بکات. 

بە هەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان تەنیا سێ سەنتەری تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم هەیە، ئەوانیش توانای وەرگرتنی دووسەد منداڵیان هەیە و لە سەنتەری شارەکانن قەزاو ناحیەو ناوچەکانی تر سەنتەری حکومی لێنییە، نرخی سەنتەرە ئەهلییەکانیش زۆرە و زۆربەی خێزانەکان باس لەوەدەکەن کە ناتوانن مانگانە ئەم بڕە پارەیە تەرخان بکەن. ئەوە لە کاتێکدا ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم لە نێوان سێ بۆ پێنج هەزار منداڵ بەرزبووەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین