بۆچى ئيسرائيل بۆ چاككردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ توركيا لە دڵەڕاوكێ دايە؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

 رينا باسيست

لە ماوەى چەند رۆژێك رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيا چەند جارێك رايگەياند، "لەگەڵ ئيسرائيل پێكەوە كار بۆ رەوانەكردنى گازى سروشتى ئيسرائيل بۆ ئەوروپا دەكەين."

لە سێیى شوباتى ئەمساڵ ئەردۆغان بە رۆژنامەنووسانى راگەياند، "لەناوەراستى مانگى ئازارى ئەمساڵ ئيسحاق هێرزۆغ، سەرۆكى ئيسرائيل سەردانى توركيا دەكات، دەتوانين بەهاوبەشى گازى سروشتى ئيسرائيل لە رێگەى توركياوە بۆ ئەوروپا بگوازينەوە، لەكاتى سەردانى سەرۆكى ئيسرائيل بۆ توركيا گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەكەين، هەردوولامان سوورين پەيوەندييەكانمان ئاساييبكەنەوە."

لە (19) كانوونى دووەمى ئەمساڵ ئەردۆغان رايگەياند، "نووسينگەى سەرۆكايەتى لەگەڵ نووسينگەى ئيسحاق هێرزۆغ سەرۆكى ئيسرائيل لەگفتوگۆدان، بۆ ئەوەى لەو نزيكانە سەرۆكى ئيسرائيل سەردانى توركيا بكات، ئيسرائيل بايەخ بە ئاساييكردنەوەى پەيوەندييە ديپلۆماسييەكان دەدات، نەفتالى بنێت، سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل خاوەن ديدێكى نەرێنيە."

ئەو قسانەى سەرۆكى توركيا هەڵگرى چەندين ئاماژەى ترە لە ئەنقەرەوە بۆ تەلئەبيب، لە (18) تشرينى دووەمى ساڵى رابردوو، توركيا دوو هاووڵاتى ئيسرائيلى ئازاد كرد كە  بە گومانى سيخوڕى دەستگيركرابوون، ئەوەش رايگشتى ئيسرائيلى تووڕەكرد، بەڵام دواى دوو هەفتە ئەردۆغان ئەو دوو كەسەى ئازادكرد، دواى ئەوە هەر يەك لە سەرۆكى ئيسرائيل و سەرۆك وەزيرانى ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن سوپاسى سەرۆكى توركيايان كرد.

لە (13) كانوونى دووەمى ئەمساڵ بەبۆنەى كۆچى دوايى دايكى سەرۆكى ئيسرائيل، ئەردۆغان بە تەلەفۆن سەرەخۆشى لێى كرد، لە (20) كانوونى دووەمى ئەمساڵ يائير لابيد، وەزيرى دەرەوەى ئيسرائيل تووشى كۆڕۆنا بوو، مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا پەيوەندى پێوە كرد هيواى چاكبوونەوەى بۆخواست، ئەو پەيوەندييە لەسەر ئاستى وەزارەتى دەرەوە ماوەى (10) ساڵ بوو، پچڕابوو.

لەو كاتەوەى ئەردۆغان پۆستى سەرۆک وەزیرانى وەرگرت، پەيوەندى نێوان ئيسرائيل و توركيا پەيوەندييەكى دوژمنكارانە بوو، بەتايبەت لە رووداوى كەشتى مەڕمەڕە لە (2010) نۆ هاووڵاتى توركيا لە لايەن سوپاى ئيسرائيلەوە كوژران.

لە (2013) باراك ئۆباما، سەرۆكى ئەو كاتەى توركيا فشارى خستە سەر ئيسرائيل، بنيامين ناتەنياهۆ، سەرۆك وەزيرانى ئەو كاتەى ئيسرائيل بە تەلەفۆن داواى لێبووردنى لە ئەردۆغان كرد، بەڵێنى دا دانووستاندنەكان بەردەوامبن بۆ ئەوەى قەرەبووى كەس و كارى قوربانييەكانى ئەو رووداوە بكەنەوە، سەرۆكى توركيا ئەو داواى لێبووردنەى قبوڵ كرد، بەڵام پەيوەندییەکان ئاسايى نەبۆوە، لە چەند بۆنەيەكيش ئەردۆغان هێرشى توندى كردە سەر ئيسرائيل.

لەدواى ئەوەى هێزە ئەمنييەكانى ئيسرائيل لە سنوورى غەززە لە مانگى ئايارى (2018) رووبەڕووى فەڵەستينييەكان بوونەوە، توركيا ئيتان نائييە، باڵيۆزى ئيسرائيلى لە وڵاتەكەى دەركرد، لە فڕۆكەخانەش رووبەڕووى سوكايەتى پێكردن بۆوە، لە بەرانبەريشدا ئيسرائيل تيمى ديپلۆماسى توركياى لە تەلئەبيب رەوانەى ئەنقەرە كردەوە.

بەڵام نزيكەى دوو ساڵە ئاڕاستەى توركيا گۆڕاوە، ئەردۆغان هەندێك ئاماژەى رەوانە كرد، ئامادەيى خۆى دەربڕى كە پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل ئاسايى بكاتەوە، بەڵام ئەگەر سەيرى مێژووى نێوانيان بكەين، ئەستەمە بتوانن بە زوويى پەيوەندييەكانيان ئاسايى بكەنەوە، تەلئەبيب بە گومانەوە لەو لێدوانانەى ئەردۆغان دەڕوانێت، پێىوايە ئەو گۆڕانكارييە ئامانجى ترى لەپشتە.

ئەو قەيرانە ئابوورييەى توركيا و گۆڕانكارييەكانى ناوچەكە و ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكان لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى بۆتە هۆكار توركيا پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل ئاسايى بكاتەوە، دواتريش لەو رێگەيەوە پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەمەريكا و وڵاتانى ترى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاسايى بكاتەوە.

ئەو خواستەى توركيا بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل، لە چوارچێوەى سياسەتێكى فراوانترە، كە بەهۆى دابەزينى بەهاى ليرە تووشى بووە، ئەوەش بەروونى لە ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيمارات دەركەوت، كە لە مانگى تشرينى دووەمى ساڵى رابردوو محەمەد بن زايد سەردانى توركياى كرد چەندين گرێبەستى ئابوورى لەگەڵ ئيمارات واژۆ كرد.

لێكنزيكى ئيسرائيل و ئيمارات، وايكردووە توركيا هەوڵبدات پەيوەندى ئابوورى سێ لايەنە دروست بكەن، بەڵام ئيسرائيل بەلايەوە قورسە، متمانە بە خودى ئەردۆغان بكات، دڵەڕاوكێيەكەى پەيوەستە بە پرسى ترەوە، چونكە ئيسرائيل ترسى هەيە ئەو لێكنزيكبوونەوە، كاريگەرى لەسەر هاوپەيمانى ستراتيژى نێوان ئيسرائيل قوبرس يۆنان هەبێت، لە سەرەتاوە بە چاودێرى بنيامين ناتەنياهۆ واژۆكراوە.

دواتريش هەر يەك لە نەفتالى بنيت، سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل، يائير لايبيد، وەزيرى دەرەوە، بينى گانتس وەزيرى بەرگرى، لە كۆبوونەوە سێ قۆڵييەكان بەردەوام جەختيان لەسەر بەهێزكردنى ئەو پەيوەندييە كردۆتەوە، لەدوايين كۆبوونەوە لە (20) كانوونى دووەمى ئەمساڵ نيكۆلاوس باناجيۆتۆپۆلۆس، وەزيرى بەگرى يۆنان لەگەڵ گانتس، جەختيان لەسەر ئەو پەيوەندييە كردۆتەوە. 

هۆكارى دووەم، ئيسرائيل دەيەوێت ئەو قسانەى ئەردۆغان بكرێت بەكردەوە، نەك تەنيا لە چوارچێوەى قسە بمێنێتەوە، بەتايبەت لە پرسى حەماس، ئيسرائيل دەيەوێت توركيا نووسنگەى بزووتنەوەى حەماس لە وڵاتەكەى دابخات و چالاكوانەكانى لەو وڵاتە نيشتەجێن دووريان بخاتەوە، گابى ئەشكەنازى، وەزيرى پێشووى دەرەوەى ئيسرائيل چەند جارێك ئەو داوايەى كردووە، وەزيرى دەرەوەى ئێستاش هەمان داواى لە توركيا هەيە.

لە تشرينى دووەمى ساڵى رابردوو، ئيسرائيل (50) فەڵەستينى دەستگيركرد بەتۆمەتى هەبوونى پەيوەندى بە شانەيەك، كە لە توركياوە پاڵپشتى دەكرێت، دواى ئاسايى بووبوونەوەى دۆخەكە، يائير لايبيد رايگەياند، "ئيسرائيل پێشبينى دەكات، نووسينگەكانى حەماس لە ئيستەنبوڵ داخرێن."

ئەگەرى ئەوەش هەيە وەزيرى دەرەوەى ئيسرائيل و سەرۆك وەزيران، سووربن لەسەر ئەوەى توركيا دژ بە حەماس هان بدەن، هەر ئەوەشە هۆكارى ئەو وادەيەى توركيا بۆ سەردانى ئيسحاق هێرزۆغى سەرۆكى ئيسرائيلى ديارى كردووە، بۆ ئەوەى بە درێژى باسى ئەو بابەتەش بكەن، سەركەوتنى كۆبوونەوەى سەرۆكى ئيسرائيل و لەگەڵ سەرۆكى توركيا خزمەتى بەرژەوەندييەكانى هەردوولا دەكات، ئەوەش دەرفەتى پێويست دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەى توركيا چارەنووسى ئەو دۆسيە ديارى بكات بەرەو كام ئاڕاستە دەڕوات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین