جیا له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت كێشه‌یه‌كى تر به‌رۆكى شیعه‌ ده‌گرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

جیا له‌ بابەتی پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق، گرژییه‌كى توند ده‌كه‌وێته‌ نێوان عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق و ره‌وتى سه‌در، هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تحیش وێراى ئه‌وه‌ى هۆشدارییان پێده‌دات، ئاماده‌یى بۆ ناوبژیوانى ده‌رده‌بڕێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10ى شوباتى 2022 هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح هۆشداریى دایه‌ میلیشیاكانى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق و ره‌وتى سه‌در له‌و رووداوانه‌ى له‌ پارێزگاى میسان "عماره‌"ى باشوورى عێراق رووده‌ده‌ن. عامرى پێیوایە ئه‌م رووداوانه‌ مه‌ترسى شه‌ڕى ناوخۆى شیعه‌یان له‌ پشته‌وه‌یه‌ و دەڵێ "ئه‌و شه‌ڕه‌ كه‌ به‌ ملیاران دۆلارى بۆ خه‌رج كراوه‌ و شكستى هێناوه‌، ئێستا شیعه‌كان خۆیان به‌ خۆڕایى به‌ نه‌یارانیان ده‌ده‌ن".

عامرى داوا له‌ ره‌وتى سه‌در و عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق ده‌كات دان به‌خۆیان بگرن و زیاتر به‌ره‌و رووى "ئاژاوه‌" نه‌چن. ئاماده‌ییش نیشان ده‌دات بۆ ناوبژیوانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. 

ماوه‌یه‌كه‌ شارى میسان شڵه‌ژانێكى ئه‌منى به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینى، به‌ شێوه‌یه‌ك جیا له‌ پیاوانى میلیشیاكان چه‌ندان به‌رپرسى حكومه‌ت كوژراون. دوێنێ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق گه‌یشته‌ میسان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. ئه‌مڕۆ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در شاندێكى پێكهێنا بۆ هێوركردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌. 

قه‌یس خه‌زعه‌لى ئه‌میندارى گشتى میلیشیاكانى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق  هه‌فته‌ى رابردوو په‌یامێكى به‌ سه‌در دا، باسی لەوە کرد گوایه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌ستیان له‌ كوشتنى به‌رپرسانى عه‌سائیب هه‌بووه‌ له‌ ریزى میلیشیاى سه‌رایا سه‌لامن كه‌ سه‌ربه‌ موقته‌دا سه‌درن. ئه‌م گرژییانه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێكهاته‌ى شیعه‌ تووشى دووبه‌ره‌كییه‌كى سیاسى توند بووه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین