عێراق چه‌ك له‌ سێ وڵات ده‌كڕێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئاژانسى هه‌واڵى عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، عێراق به‌ نیازه‌ چه‌ك له‌ فه‌ڕه‌نسا و رووسیا و پاكستان بكڕێت، له‌ برى پاره‌ نه‌وت بدات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ى شوباتى 2022 ئاژانسى هه‌واڵى عێراق "واع" له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، عێراق تاوتوێى كۆمه‌ڵێك پلان ده‌كات بۆ كڕینى چه‌ندان جۆره‌ چه‌ك. به‌ تایبه‌تى تانك و فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان "درۆن".

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى باڵا به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌، "عێراق ده‌یه‌وێ شاندێكى ئه‌منى باڵا ره‌وانه‌ى هه‌ر یه‌كه‌ له‌ رووسیا و فه‌ڕه‌نسا و پاكستان بكات، بۆ كڕینى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان و تانكى پێشكه‌وتوو".

له‌ ورده‌كاریى زانیارییه‌كان هاتووه‌، فه‌ڕه‌نسا ده‌یه‌وێ 20 فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان به‌ عێراق بفرۆشێت، وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق ئێستا شیكارى ته‌كنینكى بۆ پێشنیاره‌كه‌ ده‌كات و بڕیاره‌ شاندێكى ئه‌منى بچێته‌ فه‌ڕه‌نسا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتووێكى نزیك فڕۆكه‌ ببینێ. جگه‌ له‌ درۆن عێراق ده‌یه‌وێ 14 فڕۆكه‌ى جه‌نگى رافال له‌ فه‌ڕه‌نسا بكڕێت، كه‌ نرخه‌كانیان نزیكه‌ى 240 ملیۆن دۆلار ده‌بێت و له‌ برى پاره‌ نه‌وت به‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌درێت 

به‌ هه‌مان شێوه‌ى فه‌ڕه‌نسا پاكستانیش به‌ نیازه‌  20 فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان به‌ عێراق بفڕۆشێت و ئه‌م پێشنیاره‌یش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراقه‌وه‌ تاوتوێ ده‌كرێت. سه‌باره‌ت به‌ كڕینى چه‌كى رووسیا هیچ زانیارییه‌كى نوێ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێشتر چه‌ند جارێك به‌رپرسانى عێراق رایانگه‌یاندووه‌ عێراق چه‌ك له‌و وڵاته‌ ده‌كرێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین