پـەتـایـەکـی بـێ ڤاکسیـن ڕووبەڕووی جیـهان دەبێتـەوە!! شیکاری ئابوری
کۆمیسیۆنی ئەورووپا ستراتیژیەتی نوێیی یەکێتیی ئەورووپای، بۆ خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانی (کەش و هەوا)ـدا خستەڕوو، هەروەها هەوڵەکانی بۆ ئامادەکاری لە ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی ئەو پەتایە بێ ڤاکسینە ئاشکراکرد.

ئامادەکردنی: نوچەنێت

وڵاتانی جیهان لە هەوڵی بەردەوامدان، بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە نەخوازراوەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، بەڵام نەتوانراوە سەرکەوتووبن ، بۆ کەمکردنەوە و بنبڕکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە، بە تایبەت خانووە پلاستیکییەکان و ئەو گازانەی کە کاریگەری نێگەتیڤ دروست دەکەن.

 بۆ ئەم مەبەستە یەکێتیی ئەورووپا لە سەر ئاستی نـێـودەوڵـەتـی و هەرێـمـی، لە هەوڵی بەردەوامدایە، بۆ گرتنە بەری ڕێکاری پێوسیت و بە پەلە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە جیهانییە، کە پشتگوێخستنی گــۆی زەوی دەخاتە مەترسییەکی بەرچاو. ڕیزکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، چ لە شەپۆڵی گەرمای کوشندە و وشکـەسـاڵـی وێرانکەرەوە، بۆ پووش سوتانی دارستان و بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی ئاستی کەنارە ئاوییەکانی دەریا و زەریاکانەوە بێت، پێوسیتە دان بەوە بنێن، کە جیهان بە گشتی و یەکێتیی ئەورووپا بە تایبەتی، باجی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانە دەدەن، کە بە هۆی گۆڕانی کەش و هەواوە بەرۆکی مـرۆڤـایـەتـی گرتوون. 

بە گوێرەی ئەو ستراتیژییە نوێیە، کە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەش و هەوا بڵاوی کردەوە، ڕاگرتن و بنبڕکردنی سەرجەم ئەو خانووە پلاستیکییانەی کە گازە نەخوازراوەکان بەرهەم دەهێنن، ڕێگری لە خێرابوونی گۆڕانی فاکتەرە ژینگەییەکان ناگرێت. قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بووەتە نمونەیەک و ئاماژەیەکی زیندوو، بۆ ئاگادارکردنەوەی وڵاتانی جیهان لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەییەکانی، کە بەرۆکی جیهانی گرتوون.

 لە پرێس کۆنفرانسێکدا، فرانس تیمرمانس، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیایی سەوزایی ئەورووپی رایگەیاند: "پەتای COVID-19 بیرهێنانەوەیەکی زەق بوو بۆ تەواوی جیهان، کە ئامادەکارییەکانی ئێستا بۆ رووبەڕوونەوەی ئەو گۆرانکارییانەی ئێستا بەس نین، بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی جیهانی هاوشێوەی جەنگ!" هەروەها گوتیشی: "هیچ ڤاکسینێک نییە لە دژی قەیرانی کەش وهەوا، بەڵام هێشتا دەتوانین شەڕ لەگەڵ ئەو قەیرانە بکەین و ئامادەکاری، بۆ نەهێشتنی کاریگەری ئەو قەیرانە بێ هاوتایە بکەین!" لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، کە ستراتیژیەتی نوێیی یەکێتیی ئەورووپا هەوڵی جدی دەدات بۆ بۆ خێراکردنی هەنگاوەکان، چونکە ئێمە هێشتا دەتوانین هەنگاوەکانی بەیانی خێرابکەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە ژینگەیەکی بێ کێشە ژیان بکەین.

 لێکەوتەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، کاریگەرییان لەسەر هاوکێشە ئابووریەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دروست کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە بڕی 12 میلیار یۆرۆ، زیان بە ئابووری وڵاتانی ئەو هەرێمە بگەیەنن. بـە واتـایـەکـی تر، گۆڕانی 3 پلە، لە کەش و هەوای وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەراورد بە سەردەمی پێش شۆرشی پێشەسازی، دەبێتە هۆی لەدەستدانی ساڵانە بە لایەنی کەم 170 میلیار یۆرۆ، لە ئابووری وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا. گۆڕان لە پێوەرکانی ژینگە، تەنیا کاریگەری لەسەر پرسە ئابوورییەکان دروست ناکات، بەڵـکـوو کەرتی تەندوورستی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2019ـدا، بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، تووشی قەیرانێکی کارەسەتبار هات، دوای مردنی 2500 کەس بە هۆی ئەو شەپۆڵە گەرمایەیی بەرۆکی هەرێمەکەی گرتبوو، بۆیە بەرزبوونەوە و نزمبونەوەی پلەکانی گەرما، تێچووەکانی سەر حکومەتەکان زیاد دەکەن، ئەمەش وڵات بەرەو قەیرانێکی بێ کۆتایی دەبەن، بە تایبەت ئەگەر قەیرانە سیاسییەکان ئاڵۆزبن. 

جـگـە لـەوە، گۆڕانی کەش و هەوا، مەترسییەکی زۆری لەسەر ئاسایشی خۆراکی وڵاتانی هەناردەکاری کەرەستەکانی خۆراک، بۆ یەکێتیی ئەورووپا دروست کردووە، چونکە سوتانی دارستانەکانی بەرزایل و ئەمازۆن، وشکبوونی زەوەیە کشتوکاڵییەکانی بەشێکی وڵاتانی ئەفریقا، هەڕەشەی جدین لەسەر دابینکردنی خۆراکی پێوسیتی وڵاتەکانی ئەورووپا. دامەزراوە داراییەکان وەک ABN AMRO، Santander و گروپی ING، کە تایبەت بە دابینکردنی بەرهەمی ئاژەڵی و سۆیا، بۆ وڵاتانی ئەورووپا لە ناوچە بەرهەمدارەکانی بەرازیل کاردەکەن، هۆشداریان لە کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمە خۆراکییەکان بەڕێژەی %17 بۆ %20 لە وڵاتی بەرازیل دا، بە هۆی کێشە ژینگەییەکانەوە، ئەمەش بە واتای کورتهێنان دێت لە ئاسایشی وزەی وڵاتانی ئەورووپا.

 بە گشتـی ستراتیژیەتی گۆڕانی کەش و هەوا، مەترسییە جدییەکانی بەردەم ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەخاتە ڕوو، دەرخەری ئەو ئەنجامانە دەدات بەدەستەوە، کە کیشوەرە بەتەمەنەکەی جیهان، وەک چۆن لەوەی تووشی قەیرانی دابینکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بووەتەوە، لە داهاتوودا، توشی پەتایەکی بێ ڤاکسین دەبێتەوە، کە سەرکەوتن بەسەر ئەو قۆناغە، بە بێ ئامادەکاری جدی، ئەوا قەیرانی مرۆیی و دارایی و ئابووری دروست دەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین