دادگای باڵای فیدڕاڵی چوار بڕیاری لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

دادگای باڵای فیدڕاڵی، یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی بەنادەستوری ئەژمارکرد و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە رادەستکردنی نەوت بە حکومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (15/شوبات/2022  )دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی دوو سکاڵا کە لە ساڵانی 2012 و 2019 لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کۆبووەوە، سکاڵاکان تایبەتن بە نەوتی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی. 

لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگەی باڵای فیدڕاڵی چوار بڕیار لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکران، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان.

بڕیارەکان: 

1-یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007  نادەستوورییە و پووچەڵدەکرێتەوە، چونکە پێچەوانەی ماددەکانی 110، 111، 112، 115، 121، 130ی دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005ە. 

2- پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی تەواوی ئەو بەرهەمە نەوتییەی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەوە دەردەهێنرێت کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵساوە بەدەرهێنانی نەوت لێیانەوە، هەروەها رادەستکردنی بە حکومەتی فیدراڵی لەڕێگەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە و رێگەی پێبدرێت لە بەکارهێنانی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی لەبارەی دۆزینەوەی نەوت و دەرهێنان و هەناردەکردنی.

3- سکاڵاکار دەتوانێت چاودێری پووچەڵبوونەوەی ئەو گرێبەستە نەوتییانە بکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی  سکاڵالێکراو وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە بیانییەکان لە دەوڵەتان و کۆمپانیاکان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنییەوە واژۆی کردوون.

4- پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێگەپێدان بە وەزارەتی نەوتی عێراق و دیوانی چاودێری فیدڕاڵی بە پێداچوونەوە بەسەرجەم گرێبەستە نەوتییەکان کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنی نەوت و غاز و فرۆشتنییەوە واژۆکراو، بەمەبەستی وردبینیکردنی و دیاریکردنی ئەو مافانەی لەسەر هەرێمی کوردستانە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و بەو شێوەیەی کە گەیاندنی مافەکانی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵی گەرەنتی بکات و دوانەکەوێت، دوای ئەوەی هەموو بڕگەکانی ئەم بڕیارە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێدەکرێت و حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی ئاماژە بەوە دەکات.

5- پابەندکردنی سکاڵالێکراو بە پێدانی هەموو رسومات و خەرجی و کرێی پارێزەران بریکارەکانی سکاڵاکارەکان کە بڕی 100 هەزار دینار دەبێت و بەپێی یاسا دابەشدەکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین