حکومەتى هەرێم دیارکردنی رێژەی باج بۆ پیشەوەران بە رێگەی مەزندە ڕاگرت کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

نووسینگەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەربارەى وەرگرتنى باج  بە ڕێگەى مەزندەکردن ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکات و ڕاگرتنى ئەو بڕیار ڕادەگەیێنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (21/شوبات/2022)، نووسینگەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر وەرگرتنى باج لە پیشەوەران و خاوەن دوکان و پیشە بچووکەکان  لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "سەرۆکی حکومەت خۆی بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتەکە کرد و فەرمانی بە لایەنە پەیوەندارەکان کردووە کە دیارکردنی رێژەی باج بۆ پیشەوران بە رێگەی مەزندە رابگیرێت."

هەروەها لە بەشێکى ترى ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وێرای بەردەوامی لە کۆکردنەوەی باج، ڕەچاوی دۆخی ئابووری و ژیانی پیشەوەران بکرێت و نابێت باج ببێتە هۆی لاوازکردنی جوڵەی ناو بازار." 

 

دەقى ڕوونکردنەوەى نووسینگەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان:

یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، رێکخستنەوەی باج لە هەرێم بووە. حکومەت وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن ناتوانێت باج زیاد بکات, بەلکو ئەرکی ئەم دەسەلاتە تەنھا جێبەجێکردنی یاساکانە و ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەریش ئامانج لێیان تەنھا رێکخستنەوەی باج و رێگری کردن بووە لە خۆدزینەوە لە دانی باج. هەر لەم چوارچێوەیەدا باجی کۆمپانایا گەورەکان و گەورە باجدەران رێکخراوەتەوە و ئەم چەندەش کاریگەریی لە سەر زیادکردنی داهات هەبووە و ئەم داهاتەش بۆ خزمەتی هاولاتیان دەبێت.

لەم ماوەیەدا گلەیی هەبووە کە رێژەی باجی پیشەوەران و خاوەن دوکان و پیشە بچووکەکان زیاد بووە، جەنابی سەرۆکی حکومەت خۆی بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتەکە کرد و دوای چەند کۆبوونەوەیەک فەرمانی بە لایەنە پەیوەندارەکان کردووە کە دیارکردنی رێژەی باج بۆ پیشەوران بە رێگەی مەزندە رابگیرێت و وێرای بەردەوامی لە کۆکردنەوەی باج، ڕەچاوی دۆخی ئابووری و ژیانی پیشەوەران بکرێت و نابێت باج ببێتە هۆی لاوازکردنی جوڵەی ناو بازار.

حکومەتی هەرێم بە رێگەی بسپۆرانی بواری باج، خەریکی رێکخستنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باجن بە شێوەیەک کە دیارکردنی رێژە و و کۆکردنەوەی باج بە شێوەیەکی گونجاو و دادپەروەرانە و شەفاف بێت. تا ئامادەبوونی ئەو سیستەمەش نابێت بارگرانیی دارایی بۆ پیشەوەران دروست ببێت.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2022-2-21

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین