توركيا خۆى لەگەڵ ئەفريقيا دەگونجێنێت شیکاری

نوچەنێت:

دوێنێ يەكشەممە (20)ى شوبات، رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا، بەسەردانى فەرمى گەيشتە كۆنگۆى ديموكرات، بڕياريشە سەردانى چەند وڵاتێكى ترى كيشوەرى ئەفريقيا بكات، ئەو سەردانە بە ئامانجى بەهێزكردنى پێگەى وڵاتەكەيەتى لەگەڵ وڵاتانى ئەو ناوچەيە.

لە هەفتەى رابردووش سەردانى ئيماراتى كرد، ئەو سەردانانەى سەرۆكى توركيا ئاماژەيە كە توركيا لە رێگەى پاڵپشتى ئەمنى، پلانى فراوانكردنى پەيوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتانى كەنداو هەيە، بەتايبەت لە چەند هەفتەى رابردوو حوسييەكان چەند جارێك بە مووشەك هێرشيان كردە سەر ئيمارات، ئەوەش دەرفەتى رەخساند ئەردۆغان چەندين رێككەوتن لەگەڵ ئەبوو زەبى واژۆ بكات، بەوەش سەركەوتوو بوو لە تێپەڕاندنى ناكۆكييەكانى  (10) ساڵى رابردووى لەگەڵ ئەو وڵاتە، هەرچەندە پێشتريش محەمەد بن زايد سەردانى توركياى كرد، بەڵام هێرشە موشەكييەكان بۆ سەر ئيمارات كاريگەریى گەورەى هەبوو لە قووڵكردنەوەى ئەو پەيوەنديانە، ئێستا هەوڵيش دەدات ئەو رێككەوتنانەى لەگەڵ قەتەر هەيەتى لەگەڵ ئيماراتيش دووبارەى بكاتەوە، سەبارەت بە سعووديەش ئەنقەرە پەلەى نييە بۆ رێككەوتنى ئاشتەوايى، بەڵكو هەوڵەكان بۆ بنياتنانەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ميسر بەكار دەهێنێت.

توركيا ئێستا دوو بنكەى سەربازى لە قەتەر هەيە، لە (2015) بنكەى رەيانى دامەزراند، لە (2019) بنكەى عەديدى دامەزراند.

توركيا خۆى وەك هاوپەيمانێكى وڵاتانى عەرەبى بۆ رووبەڕووبوونەوەى هەژموونى ئێران لەو ناوچەيە نيشان دەدات، لە ماوەى رابردووش هەوڵەكانى خستۆتە گەڕ بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل.

لە چەند ساڵى رابردوو  وڵاتانى ناوچەكە رەخنەى تونديان لە هەبوونى بنكەى سەربازى توركيا لە سووريا و عێراق و بوونى هێزى سەربازى ئەنقەرە لە ليبيا دەگرت، بەڵام لەم دواييە سوپاى ليبيا بە فەرماندەيى خەليفە حەفتەر و حكومەتى تەرابلوسيش ئەو رەخنانەيان لە توركيا وەستاند، گفتوگۆيان دەست پێكرد.

ئێستا توركيا هەوڵدەدات سوود لە ئاساييبونەوەى دۆخەكە و سەرقاڵى وڵاتانى عەرەبى بە قەيرانەكانيان وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەش هەوڵدەدات پێگەى خۆى لە كيشوەرى ئەفريقيا بەهێز بكات، بەتايبەت ئەو ناوچەيە جێگەى ململانێيەكى بێدەنگى ئەنقەرە و وڵاتانى عەرەبى بوو، بەڵام جووڵە ديپلۆماسى و ئابوورييەكانى لە رۆژئاواى ئەو كيشوەرە ئاسانتر بووە.

ئەردۆغان دەيەوێت سوود لە پاشەكشەى فەرەنسا و بێهيوايى پاريس لە بڕیارى كشانەوەى هێزەكانى لەو ناوچەيە وەربگرێت، خۆى وەك جێگرەوەيەكى متمانەپێكراوى فەرەنسا لەو كيشوەرە نيشان بدات، كە ململانێيەكى زۆر هەیە لەسەر دروستكردنى هەژموونى ئەو وڵاتانى تێدايە.

سەردانى ئەردۆغان بۆ كۆنگۆى ديموكرات و سەنيگال و غينيا بيسا، كردنەوەى دەرگاى هەماهەنگى نوێيە لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا بۆ زيادكردنى قەبارەى بازرگانى دوو لايەنە لەگەڵ ئەو وڵاتانە.

بەرپرسانى توركيا لە رێگەى لێدوانەكانيان دڵنيايى دەدەنە ئەو وڵاتانە، ئامانجى وڵاتەكەيان بەرژەوەندى دوولانەيە، كە بە ناڕاستەوخۆ پێيان رادەگەينن، سياسەتيان جياوازە لە سياسەتى فەرەنسا، چونكە هەميشە پاريس بەوە تۆمەتبار دەكرا، تەنيا بەرژەوەندى خۆى دەوێت.

يوسف جەنگ داگسو، سەرۆكى ئەنجوومەنى كارى توركى ــ كۆنگۆيى رايگەياند، "بەهێزكردنى پەيوەندى دۆستايەتى و هاوكارى لەگەڵ ئەفريقيا بايەخى تايبەتى هەيە، دەمانەوێت بەرژەوەندى دوولايەنە و گەشەى ئابوورى هاوبەش بينيات بنێين، ئەو سەردانەش بۆ زيادبوونى قەبارەى ئابوورى كاريگەرى ئەرێنى دەبێت."

توركيا وەك وڵاتانى عەرەبى مامەڵە لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا دەكات، ئاستى بازرگانى لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە رووى هەناردە و هاوردەوە زۆر بەرەو پێش چووە.

لە ساڵى رابردوو توركيا بە بڕى زياتر لە نيو مليار دۆلار كاڵاى هەناردەى سەنيگال كردووە، هەروەها بايى (10) دۆلار كاڵاشى لەو وڵاتە كردووە.

 فوئاد تۆسيالى سەرۆكى ئەنجوومەنى كارى توركى ــ سەنيگالى رايگەياند، "سەنيگال يەكێكە لە وڵاتە گرنگەكانى ئەفريقيا، خاوەنى نەوت و گازى سروشتى زۆرە، لە بوارى هيدرۆكاربۆنى يەكێكە لە وڵاتە سەرەكييەكانى جيهان.

 لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "پەيوەندى ئابوورى ئەو دوو وڵاتە بەردەوام بەرەو پێش دەچێت، ئەوەش بۆتە بەهێزبوونى پەيوەندى سياسى نێوانمان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین