لە هەڵبژاردنى داهاتوو سەرۆكى شارەوانى ئەنقەرە و ئيستەنبوڵ نابنە ڕكابەرى ئەردۆغان شیکاری

نوچەنێت:

كەمال كليچدار ئۆغلۆ، سەرۆكى پارتى گەلى كۆمارى (جەهەپە)، رايگەياند، "ئەكرەم ئيمامئۆغلۆ، سەرۆكى شارەوانى ئيستەنبوڵ و مەنسوور يافاش، سەرۆكى شارەوانى ئەنقەرە، لە هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوو نابنە ركابەرى ئەردۆغان." ئەوەش دەرگا بۆ كليچدار دەكاتەوە خۆى بچێتە نێو ئەو ململانێيە لەگەڵ ئەردۆغان.

لە چەند مانگى رابردوو لە راپرسييەكان دەنگى ئەو دوو كانديدە، زۆر زياترە لە دەنگەكانى سەرۆكى جەهەپە، بەگوێرەى راپرسييەكان، رێژى دەنگەكانى يافاش (60.4%)یە  ئيمامئۆغلۆش رێژەى لە (50.7%)یە، بەڵام سەرۆكى جەهەپە دەربارەى ئەو راپرسيە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "ئەو راپرسيانەى ئەمڕۆ بايەخيان نييە." 

بەگوێرەى ئەو پێشهاتانە كليچدارى تەمەن (73) ساڵ خۆى ئامادەكردووە، لە هەڵبژاردنى ساڵى ئايندە دەبێتە نوێنەرى شەش پارتى ئۆپۆزيسيۆن.

لە بەشێكى ترى قسەكانى سەرۆكى جەهەپە رايگەياند، "بۆمن گەورەييە ئەو پێنج پارتە كانديدم بكەن، ئەوەش دەرخەرى ئەوەيە من جێى متمانەى ئەو پارتانەم."

لە (12)ى ئەم مانگە شەش پارتى ئۆپۆزسيۆن كۆبوونەوە، دواتر رايانگەياند، "هاوپەيمانييەك بۆ كۆتاييهێنان بە دەسەڵاتى حكومڕانى لە رێگەى هەڵبژاردنى پێكدەهێنين."

هاوپەيمانييەكە پێكهاتووە، لە كەمال كليچدار ئۆغلۆ، سەرۆكى جەهەپە، میراڵ ئه‌كشنار سەرۆكى پارتى چاكە، وكارامولا ئۆغلۆ سەرۆكى پارتى سعادە،  ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ سەرۆكى پارتى ئايندە، وعه‌لی باباجان، سەرۆكى پارتى ديموكراتى و پێشكەوتن،  گۆڵتكین ئۆیساڵ، سەرۆكى پارتى ديموكرات.

هەرچەند ئەو هاوپەيمانييە تا ئێستا كەسێكى ديارى نەكردووە تاوەكو لە هەڵبژاردنى ئايندە پاڵپشتى بكات، بەڵام بەگوێرەى راپرسيەكى ناوەندى ميترۆپۆڵ، كەمال كليچدار ئۆغلۆ رێژەى دەنگەكانى لە (28.5%) تێپەڕ ناكات، ئەوەش زۆر كەمترە، بەراورد بە دەنگەکانى ئەردۆغان و مەنسور يافاش و ئيمامئۆغلۆ.

بەگوێرەى راپرسيەكى مانگى كانوونى يەكەمى ساڵى رابردوو ئەردۆغان رێژەى دەنگەكانى لە (37.9%)، ئەوەش دەرخەرى ئەوەيە كلچيدار تاكە كانديدە، ئەردۆغان دەتوانێت شكستى پێبهێنێت.

لاى خۆشيانەوە سەركردەى پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكان رايانگەياندووە، "سەرەتا دەبێت لەسەر پرسە ئابوورى و كۆمەڵايەتى و سياسيەكانى تايبەت بە هاوپەيمانى نێوان رێكبكەوين، پاشان گفتوگۆ لەسەر پرسى كانديدى هاوپەيمانى بۆ هەڵبژاردنەكان دەكەين."

لاى خۆشيەوە كەمال كليچدار بە روونى ئاماژە بە كانديدبوونى خۆى لە هەڵبژاردنى داهاتوو دەكات، لەلاپەڕەى فەرمى خۆى لە تويتەر ئاڵاى حزبەكەى لاداوە، تەنيا ئاڵاى توركياى هێشتۆتەوە.

پێشتر كەمال كليچدار ڕایگەیاندبوو،ئەگەر لە هەڵبژاردنى داهاتوو سەركەوتوو بووم ئەوە ئاوارەكانى سووريا دەنێرمەوە وڵاتەکەى خۆیان، هەروەها پەيوەندييەكانمان لەگەڵ حكومەتى سووريا ئاسايى دەكەينەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین