مەسرور بارزانى: هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌ هەواڵ

نوچەنێت:

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دەربارەى ئەو توتدوتیژی ئەم دواییانەى بەرامبەر ئافرەتان ئەنجامدراوە، نیگەرانى خۆى دەردەبڕێت و دەڵێـت، "هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌."

ئەمڕۆ چوارشەممە (23/شوبات/2022)، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، "زۆر نیگەران و خه‌مبارم به‌ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێره‌دا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌. "

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان گووتیشى، "تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێتاوان ‌لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە‌ ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین."

دەقى پەیامەکەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان:

زۆر نیگەران و خه‌مبارم به‌ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێره‌دا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌. 

لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕووداوی دڵته‌زێنی شنیار خان گفتوگۆمان كرد و ستایشی كارمه‌ندانی پۆلیسم کرد بۆ دەستگیرکردنی تاوانباره‌كه‌ و پشتگیری خۆمم بۆ سزادانی تاوانباران دووپات کردەوە.

تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێتاوان ‌لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە‌ ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لەسەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە. 

من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه‌ له‌ مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداریی هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان ، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە .

ئێمە ھەموو ھەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ کۆتاییھێنان بەم تاوانانە . 

مەسرور بارزانی 

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین