لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە هەواڵ

نوچەنێت

لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی بەردەوامبوونی ڕوداوەکانی کوشتنی ئافرەتانەوە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە(23/شوبات/2022 ) لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان، راگەیێندراوێکی بڵاوکردوەوە. تێیدا دەڵێن: وێڕای شەرمەزارکردنی تاوانی کوشتنی ئافرەتان هەفتەنییە شاهیدی تراژیدیای کوشتنی ئافرەتێک نەبین.

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە کوشتنی شنیار هونەرکراوەو تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ دوای مانەوەی نزیک لە هەفتەیەک لە نەخۆشخانە، خاتوو شنیار هونەر، بەهۆی زۆری سوتانەکەیەوە گیانی پەپولە ئاسای سپارد و بووە قوربانییەکی دیکە لە زنجیرەی ئەو ژنانەی کە بە ناهەق و تاوانی دڕندە کوژران لە هەرێمی کوردستان.

لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی شنیار دەکەن و دەڵێن: وێڕای سەرەخۆشیمان لە خانەوادەی شنیاری جوانەمەرگ و ئەو هەشت ژنەی لەماوەی ئەمساڵدا بوونە قوربانیی دەستی توندوتیژی لە کوردستان، ئەم تاوانە قێزەونە شەرمەزار دەکەین و داوا لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری دەکەین کە تاوانباران و بکوژانی ژنان بە قورسترین سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگه‌یەنن و سنوورێک بۆ ئەم تاوانە دابنێن، کە خەریکە ناو و ناوبانگی هەرێمەکەمان لەکەدار بکات.

هەروەها تیایدا هاتووە "لێرەوە دەمانەوێت بە خەڵکی کوردستانی ڕابگەیەنین کە لە پەرلەمانی کوردستان دەستمان کردووە بە پێداچوونەوە بەو یاسایانەی کە پێویستیان بە گۆڕانکاری و دەستکاریکردن هەیە تاوەکو بەجۆرێک دایانبڕێژینەوە کە ببنە قەڵغانێک بۆ پارێزگاریکردن لە ژیان و کەرامەتی ژنان و ڕێگربن لە هەر کەسێک کە بیەوێت تاوانی کوشتن بەرامبەر ئافرەتان ئەنجام بدات. لە هەمان کات بەدواداچوونی ورد و بەردەوام دەکەین بۆ ئەوەی تاوانباران و ئافرەتکوژان بە سزای یاسایی و دادپەروەرانە بگەیەنرێن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین