ئیحسان شەمەری: ئەم شەڕە دووجۆر کاریگەری ئابوری لەسەر عیراق دەبێ عێراق ناوچەکە و جیهان

لاڤین عومەر: نوچەنێت

ئیحسان شەمەری سەرۆکی سەنتەری بیرکردنەوەی سیاسی، سەبارەت بە کاریگەری شەڕی روسیا و ئۆکرانیا لەسەر عیراق گوتی: تەنگژەی ئۆکرانیا کاریگەری سیاسی بۆ سەر عێراق نییە، بەڵام لە رووی ئابوورییەوە کاریگەری دوولایەنەی دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە(27/شوبات/2022) ئیحسان شەمەری مامۆستای زانکۆ و توێژەری سیاسی، لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت کاریگەرییەکانی جەنگی ئۆکرانیا و روسیای بۆ سەر عێراق وەها لێکدایەوە کە" ئەگەر لە رووی سیاسی و ئابورییەوە سەیری جەنگەکە بکەین تەنگژەی ئۆکرانیا هیچ کاریگەری سیاسی لەسەر عێراق نییە، چونکە عێراق خۆی بە دوور دەگرێت لە هەر تێوەگلانێک لەو تەنگژەیە، جا هەردوو لایەنەسەرەکییەکە بێت کە مەبەستم ئۆکرانیا و روسیایە یانیش لایەنەکانی سەر بەو دوانە بێت، عێراق پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ روسیا و ئەو لایەنانە هەیە کە پاڵپشتی لە روسیا دەکەن، هەروەها پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ ئەو لایەنانە هەیە کە پاڵپشتی ئۆکرانیا دەکەن، جا ئەمەریکا بێت یان یەکێتی ئەوروپا بۆیە هەوڵدەدات دوور بکەوێتەوە".

ئەو توێژەرە سیاسییە دەڵێت "بە بڕوای من عێراق پێیوایە هەر تێوەگلانێک لەم ململانێیە، تەنانەت بۆ دەربڕینی هەڵوێستێکیش بێت، ئەوە کاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر بنەمای هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی دەرەوە، بۆیە ئێستا هیچ کاریگەرییەکی سیاسی بۆ عێراق نییە، بەڵام لە رووی ئابوورییەوە عێراق کاریگەری دەبێت بە تایبەتی ئەگەر هاتوو جەنگەکە درێژەی کێشا. ئەمەش دووڕووی کاریگەری هەیە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی، دەبێت".

سەبارەت بە پۆلێنکردنەکە د.ئیحسان شەمەری دەڵێت" لایەنە ئەرێنییەکە بریتییە لە بەرز بوونەوەی نرخی نەوت، عێراق لەم رووەوە سودمەندێکی گەورە دەبێت جیا لەمەش دەکرێت، رێککەوتنێکی خێرا بکات بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی لە گازی سروشتی مەبەست ئەو گازەی کە لەگەڵ نەوت دەردەهێنرێت، بەڵام سەبارەت بە لایەنە نەرێنییەکەی ئابوری- پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی گەنم هەیە، چونکە ئۆکرانیا و روسیاش بە دوو بەرهەم هێنەری گەورەی گەنم دادەنرێت، عێراقیش لەو وڵاتانە گەنم هاوردە دەکات جیا لەمانەش دەکرێت کاریگەری نەرێنی هەبێت لە هەندێک کەرتی تری ئابوری بەتایبەتی بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک شتومەک کە عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەکات".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین