توركيا چۆن لە نێوان دوو وڵاتى دژ بەيەك هاوسەنگى خۆى دەپارێزێت؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

جارێكى تر سەركردايەتى توركيا كەوتە نێوان چەند بژاردەيەك، شيرنترينيان تاڵە، هێرشى رووسيا بۆسەر ئۆكراينا رەجەب تەيب ئەردۆغانى خستە بەردەم هەڵوێستێكى قوڕس، لايەك نايەوێت رووسيا تووشى كاردانەوە بكات و زيان بە دەستكەوتە ئابوورى و سەربازييەكانى بكەوێت، كە چەندين ساڵە لە رێگەى (دۆستايەكى هەستيارانە) لەگەڵ ڤلاديمێر پۆتين، سەرۆكى رووسيا دروستى كردووە، لە لايەكى تريشەوە نايەوێت ئۆكرايناى هاوبەشى سەربازى و ستراتيژى وڵاتەكەى لەدەست بدات، لە هەمانكاتيش نايەوێت رۆژئاواى هاوكارى كيێڤ تووڕە بكات.

ئۆكراينا دەرگاى ئابوورى بۆ توركيا دەكاتەوە

كاتێك رووسيا نزيك ببۆوە هێرش بكاتە سەر ئۆكراينا، بۆ ئەوەش زياتر لە (100) هەزار سەربازى لە سنوورەكانى ئۆكراينا بڵاوە پێكردبوو، دەزگا هەواڵگرييەكانى رۆژئاوا پێشبڕكێيان بوو بۆ دياريكردنى كاتژمێرى سفر بۆ هێرشەكەى رووسيا، لە گەرمەى ئەو ململانێيانە لە مانگى رابردووى ئەمساڵ ئەردۆغان سەردانى ئۆكرايناى كرد، ئەو سەردانە زۆر گرنگ بوو، چ لەلايەنى كات، چ ئەو بڕيارانەى لەو سەردانە درا.

لەو سەردانە سەرۆكى توركيا لەگەڵ ڤلاديمێر زيلينسكى، سەرۆكى ئۆكراينا چەندين رێككەوتنى دوولايەنەيان واژۆكرد، لە هەموويان گرنگتر رێككەوتنى دروستكردنى ناوچەى بازاڕى ئازاد بوو لە نێوان توركيا و ئۆكراينا، كە ماوەى (16) دانوستاندنى لەسەر دەكەن، بۆ دواين جار لە سەردانى ئەردۆغان واژۆكرا. 

ئەنقەر كانزا و مەوادى خام و  گەنم و دانەوێلەى بۆ روونى زەيت لە كيێڤ هاوردە دەكات، رێژەيەكى زۆريش گەنم لە ئۆكراينا هاوردە دەكات، لە بەرانبەردا ئەنقەرە ئامێرى كارەباى و فڕۆكەو و ئۆتۆمبێلى بارهەڵگرى وشكانى و جلوبەرگ و قوماش و پێداويستيەكانى تر كە لە مادەى پلاستيك دروستكراون رەوانەى ئۆكراينا دەكات، هەروەها لە بوارى كورەى ئەتۆمى هاوكارى دوولايەنە لە نێوانيان هەيە، لە لايەكى تريشەوە لە چەند ساڵى رابردوو توركيا شوێنێگى گرنگ بوو بۆ گەشتيارانى ئۆكراينا، لە ساڵى رابردوو زياتر لە يەك مليۆن گەشتيارى ئۆكراينا سەردانى توركيايان كرد.

هەر لە ساڵى رابردوو قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان ئەو دوو وڵاتە زياتر لە حەوت مليار دۆلار بوو، هەناردەى ئۆكراينا بۆ توركيا چوار مليار و (100) مليۆن دۆلار بوو، هاوردەى لە توركيا لەو وڵاتە سێ مليار و (200) مليۆن دۆلار بوو، بەگوێرەى رێككەوتنى نوێيان لە پێنج ساڵى داهاوو ئەو رێژەيە دەگاتە (10) مليار دۆلار.

ئەو رێككەوتنە ئابوورى لە (2011) دەستى پێكرد، ماوەيەكى زۆرى خاياند، بە فەرمى (11) جار دانيشتن، ئەوەش تەنيا تايبەت نەبوو بە بوارى ئابوورى، بەڵكو لە چوارچێوەيەكى فراوانترى پەيوەندييەكانى ئەو دوو وڵاتە بوو، چونكە هەريەك لە ئەنقەرە و كێيڤ پەيوەندى تايبەتيان لە بوارى سەربازى و ستراتيژى هەيە.

پەيوەندى تايبەتى سەربازى لە نێوان توركيا و ئۆكراينا

ئەردۆغان لەو سەردانەى لەگەڵ سەرۆكى ئۆكراينا رێككەوتنى دروستكردنى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانيان واژۆكرد، كۆمپانيەكى دروستكردنى فڕۆكەى بەيرەكدارى توركى لە ئۆكراينا دابمەزرێت، ئاشكرايە وەبەرهێنانى تەكنەلۆژياى سەربازى بەگەورەترين پڕۆگرامى ئەنقەر دادەندرێت، چونكە ئەوە سيبولى پيشەسازى سەربازى توركيايە، بۆيە ئەو رێككەوتنە بەو جۆرە بەهێزى متمانە و پێشكەوتنى پەيوەندى نێوان توركيا و ئۆكراينا لە بوارى سەربازى دەردەخات.

فڕۆكەى بەيركدارى توركى

رێككەوتنى نێوان توركيا و ئۆكراينا بۆ (2019) دەگەرێتەوە، ئەوكاتەى توركيا بڕيارى دا سيستەمى بەرگرى (ئێس400)ى رووسى بكڕێت، كە بەو هۆيەوە ئەمەريكا توركياى لە پرۆگرامى فڕۆكەى (ئێف35) دوورخستەوە، كە كۆڵەگەيەكى بەهێزى تەكتيكى رۆژئاوا بوو لەبوارى بەرگرى ئاسمانى، لەپاڵ ئەوەش هەندێك رێكارى ترى دژ بە تواناى پيشەسازى سەربازى توركيا گيرايە بەر.

لەو كاتەوە توركيا بەدواى جێگرەوە دەگەڕا بۆ قەرەبووكردنەوەى ئەو بۆشايەى ئەمەريكا دروستى كردبوو، يەكێك لەو وڵاتانە ئۆكراينا بوو، لە (2020) رێككەوتنى بەرهەمهێنانى مەكينەى فرۆكەى سەربازى لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆ كرد، ئەوەش ئۆكرايناى بەرەو پێش برد، توركياش هەوڵى دەدا سوود لە ئۆكراينا وەربگرێت، كە لە ئايندە بۆ فڕۆكەى بێفڕۆكەوان بەكارى بهێنێت.

پێش ئەو رێككەوتنەش پەيوەندى سەربازى نێوان ئەنقەرە و كيێڤ بەهێز بوو، لە (2018) ئۆكراينا (20) فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى جۆرى بەيرەكدارى لە توركيا كڕى، بەگوێرەى هەندێك ئاماژە ئۆكراينا فڕۆكەى زياترى كڕيوە، لە مانگى تشرينى يەكەمى ساڵى رابردوو، ئۆكراينا ئەو فڕۆكانەى دژ بە جوداخوازەكانى نزيك لە مۆسكۆ لە هەرێمى دۆنباس بەكارهێنا، ئەوەش كاردانەوەى رووسياى دژ بە توركيا لێكەوتەوە.

لە (27)ى مانگى رابردوو سوپاى ئۆكراينا بڵاويكردەوە، فڕۆكەى (بەيرەكدار2)يان لە بۆرمانى كاروانەكانى سوپاى رووسيا بەكارهێناوە، كاريگەرى زۆرى لە تێكشكاندنى سوپاى رووسيا هەبوو، دواتريش چەند گرتە ڤيديۆيەكى تێكشاندنى كاروانە سەربازييەكانى رووسيان لە نزيك پايتەختىى وڵاتەكەيان بڵاوكردەوە، هەروەها فڕۆكەكانى توركيا كاروانێكى ترى چەكدارە شيشانييەكانى هاوپەيمانى رووسيايان كردبووە ئامانج لە نزێك كيێڤ، بەمەش دەركەوت سووپاى رووسيا نەيتوانيوە رێگرى لە فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى توركيا بكات، ئەوەش ئاستى بەهێزى فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى توركيا دەردەخات.

لەپاڵ ئەو هاوكارييانە لە بوارى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان، ئۆكراينا و توركيا رێككەوتنى پڕۆگرامى مەشقى فڕۆكەوانەكانى توركيايان هەيە، ئەوە جگەوە هاوبەشن لە فڕۆكەى بارهەڵگرى سەربازى و فڕۆكەى شەڕەكەر، لەلايەكى تريشەوە توركيا رۆڵى گرنگ دەبينێت لە دروستكردنى كەشتى ئۆكراينى، كە توانايەكى باشى هەيە، لە (2020) كيێڤ لە دەرياى (ئۆكيان) بۆ لە شارى ميكۆلايڤى باشوور كردووە، بە هاوكارى دەزاگاى پيشەسازى سەربازى توركيا دەستى بە دروستكردنى كەشتى جەنگى جۆرى (كۆرڤيت كردووە.

ئەردۆغان دەرياى ڕەش بەڕووى پۆتين دادەخات

لەسەرەتاى هێرشەكانى رووسيا، پرسى پەڕينەوەى كەشتييە جەنگييەكانى رووسيا بە ئاوەكانى توركيا لەسەر ئاستى جيهان بووە باسى سياسى و ديپلۆماسى، بەگوێرەى رێككەوتنى مۆنترۆ كە لە (1936) واژۆكراوە، توركيا خاوەنى دەسەڵاتە بەسەر گەرووى بۆسفۆڕ و دەردەنيل، كە تاكە كەناڵى نێوان دەرياى رەش و دەرياى ناوەڕاستە.

رێككەوتنى مۆنترۆ دەسەڵاتى رەهاى داوە بە توركيا بۆ داخستانى ئەو گەروانە، بەسەر هەر لايەنێكى شەڕكەر، بەڵام ئەگەر لايەنگير نەبوو، (وەك ململانێى ئێستاى نێوان رووسيا و ئۆكراينا) مافى ئەوەى هەيە رێگە نەدات بەكەشتى وڵاتانى شەڕكەر بەو گەرووانە ببەپڕنەوە.

لێكەوتەكانى ئەو شەڕە لەنێوان رووسيا و ئۆكراينا

لەسەرەتاوە پرسى جێبەجێكردنى رێككەوتنى مۆنترۆ بووە جێى گفتوگۆ، سەرۆكى ئۆكراينا لە لاپەڕەى فەرمى خۆى لە (تويتەر) رايگەياند، "سوپاسى ئەردۆغان دەكەم، رێگەى لە كەشتييە شەڕەكەرەكانى رووسيا گرت، لە هەمانكاتيش پاڵپشتى سەربازى و مرۆى كردين، كە ئەوەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە، گەلى ئۆكراينا لە بيرى ناكات."

دواتر مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا رايگەياند، "بە رووسيامان رێگەياندووە، رێككەوتنى مۆنترۆ بە تەواوى جێبەجێ دەكەين." ئەوەش واتە رێگە نەدان بە پەڕينەوەى كەشتييەكانى رووسيا لە رێگەى گەرووەكان، ئۆغلۆ هيواشى خواست ئەو هەنگاوە رێگە لە ئاڵۆزبوونى سەربازى لەو ناوچايە بگرێت." 

چاوەڕوان ناكرێت، ئەو بڕيارە بەشێوەيەكى كارا پاڵپشتى سەربازى ئۆكراينا بێت، چونكە رووسيا هێزى گەورە و  كەشتى ژێر ئاوى و كەشتى جەنگى لە دەرياى ڕەش هەيە، هەروەها بڕيارى توركيا رێگە ناگرێت لەو كەشتيانەى بنكەكانيان لە دەرياى ڕەشە، كە دەيانەوێت بگەڕێنەوە.

بەوەش ئەگەر هەيە، مۆسكۆ بنكە سەربازييەكانى ترى دەرەوەى دەرياى ڕەش بگێڕێتەوە بنكەكانى خۆيان، ئەوەش كەلێنێكى ئەو رێككەوتنەيە لەو قۆناغەى ئێستا لە بەرژەوەندى رووسيايە، سەعيد لحاج، شارەزا لە كاروبارى توركيا، پێى وايە، "ئەوە  قەرەبووى هێرشى وشكانى و ئاسمانى رووسيا دەكاتەوە، نەك هێرشى دەريايى.

بەڵام لەگەڵ ئەو رەچاوكردنانە، توركيا بەشێوەيەكى كاتى بەردەوام دەبێت لە داخستنى گەرووەكان، ئەوەش هەڵوێستێكى بەهێزى سياسييە دژ بە رووسيا، دواى ئەو بڕيارەى توركيا، ئەنتۆنى بلينكن، وەزيرى دەرەوەى ئەمەريكا، رايگەياند، "سوپاسى توركيا دەكەم كە بەرانبەر جێبەجێكردنى رێككەوتنى مۆنترۆى، ئەوەش پاڵپشتيەكى سەربازى بەهێزە بۆ ئۆكراينا لە پێناو پارێزگارى لە سەروەرى خاكى خۆى." دواتريش ئۆكراينا سوپاسى ئەو هەڵوێستەى توركياى كرد. 

بژاردەكانى توركيا لە قەيرانى ئۆكرانيا قوڕسە

چەند هۆكارێك بۆ پاڵپشتى توركيا بۆ كيێڤ هەيە، لەوانە پرسى نيمچە دوورگەى كريم، كە لە (2015) رووسيا بە زەبرى هێز داگيرى كرد، ئەوكاتە توركيا رايگەياند، "دان بەو داگيركردنە نانێين."دانيشتوانى ئەو دوورگەيە بەرەگەز توركن، بۆيە توركيا سوورە بەرگرى لە دۆزەكەيان بكات، بەڵام بەبێ نيگەرانكردنى مۆسكۆ، لاى خۆشيەوە رەفعەت شۆبارۆڤ، سەرۆكى ئەنجوومەنى تەتەرەكانى كريم، لە پەيامێكدا رايگەياند، "سوپاسى رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيا دەكەم، كە هەوڵى داوە ئاستى بژێوى توركەكانى لە دوورگەى كريم دەركراون بەرزبكاتەوە."

بەڵام لەگەڵ ئەوەش چەندين هۆكار هەيە پاڵ بە توركياوە دەنێت شلگيرى بكات و هەڵوێستێكى دوژمندارانە دژ بە مۆسكۆ لە شەڕى ئۆكراينا بگرێتە بەر، بە درێژايى ساڵانى رابردوو پەيوەندى ئابوورى نێوان توركيا و رووسيا فراوان بووە، قەبارەى ئابووريان گەيشتۆتە (40) مليۆن دۆلار، بەرپرسانى هەردوو وڵات پلانيان هەبوو ئەو ژمارەيە بەرز بكەنەوە، توركيا بەشێوەيەكى زۆر پشتى بە هاوردەكردنى وزە لە رووسيا دەبەستێ، ئەوەش كاريگەرى لەسەر پەيوەندييەكانى هەردوو وڵات هەيە، جێگرەوەكانى توركيا بۆ پڕكردنەوەى ئەو بۆشايە زۆر سنووردارە، چونكە ئێستا قەيرانى وزە لە جيهان هەيە.

هەرچەندە توركيا و رووسيا لە سووريا و ليبيا ناكۆك بوون، بەڵام دۆستايەتى نێوان پۆتين و ئەردۆغان، هاوكار بوو بۆ راگرتنى هاوسەنگى پەيوەندى نێوان توركيا و رووسيا، بۆيە چاوەڕوان ناكرێت ئەردۆغان سياسەتێكى توند دژ بە رووسيا بگرێتەبەر، كە مۆسكۆ لەدەست بدات، ئێستاش ئەمەريكا بەردەوام فشار دەخاتە سەر توركيا، پەيوەندى ئەردۆغان و جۆ بايدن وەك بەهێز نييە، ئەوانە هۆكارن توركيا هەڵوێستێكى هاوسەنگ دژ بە رووسيا بگرێتە بەر.

بۆيە چاوەڕوان دەكرێت پاڵپشتى توركيا بۆ ئۆكراينا لە ئاستێك بێت جێگەى رەزامەندى رووسيا بێت، سەرۆكى توركيا رايگەياند، "ئۆكراينا و رووسيا دوو وڵاتى دۆستن پەيوەندى سياسى و ئابوورى و كۆمەڵايەتى بەهێزيان لەگەڵمان هەيە، بۆيە بەردەوام دەبين هەوڵەكانمان بۆ نێوەندگيرى ئەو دوو وڵاتە، كە تا ئێستا نەگەيشتۆتە ئەنجامێك.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین