له‌سه‌ر به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ لێپرسینه‌وه‌  له‌گه‌ڵ وه‌زیرى بازرگانى ده‌كرێت کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

18 په‌رله‌مانتارى عێراق یاداشتێكیان به‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق داوه‌ و داوا ده‌كه‌ن لێپرسینه‌وه‌ له‌گەڵ عه‌لا ئه‌حمه‌د حوسێن وه‌زیرى بازرگانى بكرێت، چونكه‌ گومان له‌ بوونى گه‌نده‌ڵى له‌ دابه‌شكردنى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ى هاووڵاتیان دەکرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ شه‌شى ئادارى 2022  ماڵپه‌ڕه‌ عێراقییه‌كان به‌ڵگه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ واژووى 18 په‌رله‌مانتارى عێراقى له‌سه‌ره‌ و داوا ده‌كه‌ن لبَپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عه‌لا حوسێن وه‌زیرى بازرگانى بكرێت. 

له‌ به‌ڵگه‌كه‌ هاتووه‌، "به‌ ئامانجى چاودێرى و به‌گوێره‌ى ماده‌ى 61ى ده‌ستوور، به‌هۆى بوونى گومانى گه‌نده‌ڵى له‌ دابنیكردنى ماده‌كانى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ و دواكه‌وتنى" داوا ده‌كرێت واده‌یه‌ك بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیرى بازرگانى دیارى بكرێت.

سه‌ڵاح ته‌میمى په‌رله‌مانتار له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ شه‌ش مانگى رابردوو، وێراى دواكه‌وتنى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ هه‌ندێك له‌ ماده‌كان دابه‌ش نه‌كراون، به‌ تایبه‌تى برنج. بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ن لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى بازرگانى بكرێت.

هه‌فته‌ى پێشوو په‌رله‌مانى عێراق لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق كرد، كه‌ یه‌كه‌م وه‌زیر بوو له‌م خوله‌دا لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بكرێت.
 
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین