رووسيا لە رێگەى هاوردەكردنى زێڕ رووبەڕووى سزاکان دەبێتەوە وەرگێڕان

نوچەنێت:

لە چەند ساڵى رابردوو، بە هەندێ شێواز رووسيا چەندين تۆن زێرى لە سوودان و وڵاتانى ئەفريقيا هاوردەكردووە، ئەوەش بۆ بەهێزكردنى يەدەگى وڵاتەكەيەتى بەرانبەر بەو سزايانەى بەهۆى ئۆكراينا دەخرێتە سەرى.

لە (2010) بڕى زێڕى بانكى ناوەندى رووسيا چوار ئەوەندەى پێشوو زيادى كردووە، ئەوەش لە رێگەى دروستكردنى (سندوقى شەڕ) بوو، لەگەڵ هاوردەى بيانى و يەدەگى زێڕى ناوخۆيى تێكەڵى كرد، كە سێيەم وڵاتى گەورەى بەرهەمێنەرى كانزاى گرانبەهايە لە جيهان.

بۆ يەكەمجار سامانى زێرى رووسى لە مانگى حوزەيرانى (2020) زياتر لە (23%) يەدەگى زێر بوو، كە لە مانگى رابردوو بايى (630) مليار دۆلار بوو.

بەگوێرەى داتا فەرمييەكان، سوودان هيچ زێڕێكى بۆ رووسيا رەوانە نەكردووە، بەڵام بەپرسێكى جێبەجێكارى يەكێك لە كۆمپانيا گەورەكانى سوودانى بە رۆژنامەى (تەلەگراف)ى راگەياند، "كرملين بە گەورەترين كڕيارى بيانى كەرتى سامانى ژێر زەوى لە سوودان دادەندرێت، لە رێگەى فڕۆكەخانە بچووكەكانى لەو ڵاتەوە بۆ مۆسكۆ سەرپەرشتى گواستنەوە و بە تاڵانبردنى زێر دەكات."

دەربارەى ئامارى ئەو زێرەش، ساڵانە (30) تۆن زێر لە سوودانەوە بۆ رووسيا گوازراوەتەوە، هەرچەندە ئەو قەبارەيە زێدەڕەوى تێدايە.

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژە بەوە دەكات، رووسيا بەهۆى پەيوەندى بە محەمەد حەمدان دەقلۆ، كە ئێستا بۆتە كەسى يەكەمى سوودان، لە هەفتەى رابردووش سەردانى رووسياى كرد، پەيوەندى بەهێزى لەگەڵ خەرتووم دروستكردووە.

شارەزايان دەڵێن، "ڤاگنەر كە رێكخراوێكى سەربازييە، يەڤگينى بريگۆجينى كە سەر بە كرملينە سەرپەرشتى دەكات و مەشقى بە هێزەكانى نزيك لە حەميدەتى كردووە، پێكەوەش سەرپەرشتى ئەو كۆمپانيا رووسيانە دەكەن، كە كاريان لە سوودان دەرهێنانى كانزكانى ژێر زەوييە، ئەوەش لەبەر ئەوەيە ئەو ناوچانە شوێنى دووردەستن، پێويستيان بە پارێزگارى بەهێز هەيە."

سيم تاك، كە يەكێكە لە دامەزرێنەرانى كۆمپانياى (فۆڕس ئاناليسيس) كە كۆمپانيايەكى راوێژكارييە بارەگاكەى لە بەلجيكايە تايبەتە بە پێدانى راوێژكارى بە لاينە ناكۆكان، دەڵێت، "كاتێك رووسيا هێزى بردە سوودان، يەكێك لەو شتانەى بينيمان، هێزى ڤاگنەر بايەخى زۆر گەورەيان بەو شوێنانە دەدا كە زێڕى تێدايە بە جددى پارێزگارييان لێى دەكرد."

كۆمپانى (ئێم ئێنفست)ى رووسى كە لقى ناوەخۆى بە ناوى (ميرۆ گۆڵد)ە لە دواى كۆبوونەوەى عومەر بەشيرى سەرۆكى ئەوكاتەى سوودان و ڤلاديمێر پۆتين، سەرۆكى رووسيا لە (2017) كە لە سوودان دەستى بەكارەكانى كرد، دەستبەجێ پێشنيازى رێگەدانى بە دروستكردنى بنكەيەكى سەربازى لە دەرياى سوور كرد.

كۆمپانييەكى ترى سەر بەڕووسيا بە ناوى (كۆش) لە سوودان لە (2013) كارى دۆزيينەوە و بەرهەمهێنانە، تاك ئاماژە بەوە دەكات، "ئەو كۆمپانيايە وەك بەشێكە لەو ناوچەيە كاردەكات، بڕێكى زۆريشى زێڕ رەوانەى رووسيا كردووە، بەڵام نازاندرێت ئەو بڕە بە دياريكراوى چەند بووە."

هەرچەندە كۆمپانياى (ئێم ئينفێست) كارى سەرەكى كانزا گرانبەهاكانى ژێر زەوى بوو، بەڵام بەگوێرەى راپۆرتێكى (سى ئێن ئێن) لە كاتى خۆپيشاندانەكانى ساڵى (2019) بۆ لادانى عومەر، كارى لە دژى شۆڕشگێڕان كردووە.

لە (2020) ئەمەريكا رايگەياند، "كۆمپانياى (ئێم ئينفێست) كە خاونەكەى بريگۆجينە، رووكارى كۆمەڵەى ڤاگنەرە، ئێستا لە رێگەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان دژ بە دووبارە خۆپيشاندانەكانى سوودانە."

لە چوارچێوەى ئەو ئەزموونە كەمەى سوودان لەگەڵ ديموكراسى، حكومەتى سوودانى هەوڵى دا پەيوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتانى رۆژئاوا ئاسايى بكاتەوە، كە چەندين سزايان بەسەر دا سەپاندبوو، بەڵام رووسيا مامەڵەى لەگەڵ دەسەڵاتى مەدەنى ئەو وڵاتە نەدەكرد، بەڵكو زياتر لە حەميدەتى نزيك دەبۆوە، ناكۆكى لە نێوان سوپا و دەسەڵاتى جێبەجێكردن هەبوو.

لە لايەكي تريشەوە، كۆمپانياكانى تايبەت بە دۆزينەوەى سامانى ژێر زەوى ستراتيژيەتێكى فراوانى شەڕى ئەليكترۆنى پۆتين لە ئەفريقيا جێبەجێ دەكەن، ئەوەش هێڵێكى جياكەرەوەى نێوان كارى ئەمنى و دەرهێنانى سامانى ژێر زەوييە.

تاك جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، "سوودان گەورەترين سەرچاوەى زێڕە بۆ رووسيا، تاكە وڵاتيش نييە كرملين كردبێتيە ئامانج، بەكارهێنانى زێڕ يەكێكە لەو ستراتيژيانەى رووسيا بۆ  كەمكردنەوەى كاريگەريى سزاكانى رۆژئاوا لەسەرى بەكارى دەهێنێت، چونكە ئێمە ئاگادارين رووسيا نەك تەنيا لە سوودان، بەڵكو لە مالى و بۆركينا فاسۆ و كۆمارى ئەفريقياى ناوەڕاست كارى لەسەر دەكات، وڵاتانەش لە رێگەى سامانى ژێر زەوييەوە هاوكارێكى باشن بۆ بەهێزكردنى يەدەگى رووسى."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین