رەمزیە زانا: هەشتی مارس رۆژی ماتەمینی ئێمەیە هەواڵ

لاڤین عومەر: نوچەنێت

رەمزییە زانا، سەرۆکی رێکخراوی لێکۆڵینەوە زانیارییەکانی جێندەر، لە گفتوگۆیەکی نوچە دەڵێت:ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی رۆژێکی شادە بۆ ئافرەتان بەڵام ئێمە بە جلی رەشەوە هاتووینەوە دەرەوە چونکە پرسەمانەو لە ماوەی دوومانگدا 15 ژن کورژراوە.

رەمزییە زانا دەڵێت: گروپی هاوپەیمانی کە کۆمەڵێک رێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤن ئەمڕۆ بە پرسە دەزانین" ئێمە وەکو گروپی هاوپەیمانی کوردستان کە گروپێکە پێکهاتووە لە چەندین رێکخراو چالاکوان و کەسایەتی  ئافرەت لە کوردستان، ئەمڕۆ کاتژمێر(11) ئیڤێنتێک هەستاین لە هەولێر،هەڵەبجە، سلێمانی و دهۆک، هەشتی مارس رۆژێکی پیرۆزە لای ئافرەتان بەڵام ئێمە بە ماتەمینی هاتینە دەرەوە چونکە لە ماوەی دوومانگدا( 15)ئافرەت کوژران، ئەوە گەورەترین تاوانە بەرامبەر ئافرەت دەکرێت، گەورەترین لەکەیە بۆ ئەو کۆمەڵگایەی ئێمە تێیدا دەژین بەداخەوە لەو کۆمەڵگە باوک سالارییە رۆژ بە رۆژ تەشەنە دەکات گەورەتر دەبێت ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارە هەرماوە ، کە هەر ژنێک هەڵە بکات توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت کۆتاییەکەی کوشتن بێت، بەڵام پیاو هەیە هەڵەی گەورە دەکات و هیچ کێشەیەکی نەبووە لە کۆمەڵگادا".

 رەمزییە زانا، هۆکاری هاوسەرگیری پێشوەختەو لە تەمەنی بەر لە 18ساڵی بە یەک لە هۆکارەکانی توندوتیژی دەزانێت "بەداخەوە ئێمە نامانەوێ جیاوازی دروست بکەین، بەڵکو دەمانەوێت کۆمەڵگایەکی یەکسان دروست بکەین پیاو و ژن وەکو یەک بن لەسەر بنەمای خۆشەویستی و مرۆڤ سالاری دروست بنیاتبنرێت، نەک لەسەر بنەمای کوشتن و لێدان شەڕەف، ئایا پێناسەی شەڕەف چییە لەو کۆمەڵگایە؟ شەڕەف بەس ژن دەگرێتەوە؟ ئەی پیاو چییە؟ بۆچی شەڕەف لە ئافرەتدا دەدۆزێتەوە کە هەڵە دەکات؟ بەداخەوە ئەو ئافرەتانەی کاتێک کە کوژراون بە باگراوندی خۆیان بەداخەوە من دەڵێم شەهیدن، چونکە ئەوانە هەمووی لە تەمەنێکی بچوک بە شو دراون، کاتێک  کچەکانتان کێشەیان هەیە لە باوەشیان بگرن وەریانگرنەوە، ماوەیەک با لەو توندوتیژییە دوور بکەوێتەوە تا چارەسەری بۆ دەدۆزیتەوە، کاتێک کچ پڕۆسەی هاوسەرگیری لەو کۆمەڵگایە ئەنجامدا وەکو بێگانەیەکی لێدێت لای ماڵی کەسوکاری بۆیە ناوێرێت بگەڕیتەوە کۆتاییەکەی ئەوە چارەنوسی دەبێت".

رەمزیە و گروپەکەیان کە بە جلی رەشەوە بەشدارییان لە یادکرنەوەی رۆژی هەشتی مارس رۆژی ژنانی جیهانی کرد، داوایەک ئاراستەی حکومەت دەکات"داوا لە حکومەت دەکەین ئەو یاسایانەی کە هەیە جێبەجێبکرێت، ئەو کەسانەی کە توندوتیژی ئەنجامدەدەن بە توندترین شێوە سزا بدرێت بە پێی یاسا، لەهەمان کاتدا ئەوەی کە هاندەریشە سزا بدرێت، ئەوەی دوورۆژ پێش ئێستا کوژرا بە ناوی (ماریا) چالاکوانێکە لە مافی ئافرەت دەبینی براکەی تەمەنی یاسایی تەواو نەکردووە (18) ساڵ کەمترە بەڵام مامی لەگەڵ بووە بێگومان مامی هاندەربووە بۆیە دەبێت بەهەمان شێوە سزاکە ئەویش بگرێتەوە".

رەمزیە زانا جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئافرەتانی کوردستان لە ماتەمینیدان چونکە" ئێمە ئەمڕۆ لە ماتەمینیداین بۆ ئەو یادکردنەوەیە، بۆیە بە جلی رەش هاتووینەتە دەرەوە، پەیاممان هەبوو بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمە زۆرە کە لە ئافرەت دەکرێت بەرامبەر ئەو تاوانە گەورەیە کە لەماوەی دوومانگدا کراوە دژ بەو ئافرەتانە لە کوردستان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین