توركيا و ئيسرائيل لەسەر بەرژەوەندييەكانيان رێك دەكەون شیکاری

نوچەنێت:

وڵاتانى ناوچەكە و جيهان چاويان لەسەر كۆبوونەوەى ئيسحاق هێرزۆغ، سەرۆكى ئيسرائيل و رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيايە.

ئەو بايەخدانەى جيهان بەو كۆبوونەوەیە، هۆكارەكەى ئەوەيە ئەو دوو وڵاتە زياتر لە (10) ساڵە ناكۆكن، لەساڵى (2018) باڵيۆزەكانيان لێك كێشاندەوە، بەڵام بەرژەوەندييە هاوبەشەكانى نێوانيان وايكرد ئەنقەرە و تەلئەبيب دووبارە پێداچوونەوە بە پەيوەندى ديپلۆماسى بكەنەوە و چاو لە دۆسيە ناكۆكەكان بپۆشن.

دۆسيەى گازى سرووشتى

بەهۆى هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا و سزاكانى سەر كەرتى وزەى رووسيا و هەوڵەكانى ئەوروپا بۆ پڕكردنەوەى ئەو بۆشاييەى دروست دەبێت بەهۆى راگرتنى گازى سروشتى رووسيا، چاوەڕوان دەكرێت دۆسيەى گازى سروشتى ئيسرائيل لە كۆبوونەوەى نێوان هەردوو وڵات بايەخى زۆرى پێبدرێت.

ئەردۆغان چاوى لەسەر ئەوەيە هەردوو وڵات پڕۆژەى گواستنەوەى گازى ئيسرائيل بۆ ئەوروپا زيندوو بكەنەوە، كە بۆ يەكەم جار بيرۆكەى دەرهێنانى (540) مليار مەتر چوارگۆشەى گازى دەرياى ڕەش  لە ساڵى (2002) گفتوگۆى لەسەر كرا.

لە مانگى رابردوو يۆسى ئەبوو بەڕێوەبەرى جێبەجێكارى كۆمپانياى (نيوميد ئينێرجى) رايگەياند، "هەڵوێستى ئێمە روونە، ئەگەر گازى سرووشتيتان دەوێت، ئێوە بۆڕى راكێشن، ئێمەش رەوانەى دەكەين."

رەوانەكردنى گازى سروشتى دەرياى ناوەڕاست، پشتبەستنى ئەوروپا بە گازى رووسيا  كەم دەكاتەوە، توركياش دەبێتە رێڕەوى گازى ئيسرائيل، بەوەش بەشێك لەو شيرنييە بەر ئەنقەرە دەكەوێت.

سۆرين كيرن، لێكۆڵەرى سياسى رايگەياند، "پاشەكشەى ئەمەريكا لە هێڵى (ئيست ميد) كە لە ساڵى (2020) يۆنان و قوبرس و ئيسرائيل واژۆيان كرد بوو، ئەوەش هەڵوێستى ئەنقەرەى بەهێز كرد."

بڕياربوو ئەو پڕۆژەيە لە ساڵى (2025) تەواو بێت، لە (10%)ى گازى ئەوروپا دابين بكات، بەوەش ئەوروپا كەمتر پشت بە گازى رووسى دەبەستێت، بۆيە هەر رێككەوتنێكى ئەنقەرە و تەلئەبيب لەسەر رەوانەكردنى گازى ئيسرائيل بۆ ئەوروپا دەبێتە مايەى بايبەخى وڵاتانى ئەوروپايە.

تەها ئۆغلۆ، چاودێرى سياسى رايگەياند، "ئەگەر ئەو دوو وڵاتە لەسەر هێڵە گشتييەكان لێكنزيك ببنەوە، ئەنقەرە لەسەر ئەو دۆسيە گرنگە دەست بە گفتوگۆ دەكات، كە ئەگەرى هەيە لەسەر دياريكردنى سنوورە ئاوييەكانى نێوانيان رێككەون.

هاوئاهەنگى ئابوورى

بەهۆى لێكەوتەكانى كۆڕۆنا و هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا، توركيا هەوڵدەدات پەيوەندييەكانى لەگەڵ ميسر و ئيمارات و سعوودييە و ئيسرائيل ئاسايى بكاتەوە، بۆ ئەوەى لێككەوتەى ئەو شەڕە لەسەر قەيرانە ئابوورييەكانى كەم بكاتەوە.

لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئێستا توركيا بەبڕى شەش مليار و (400) مليۆن دۆلار كاڵاى رەوانەى ئيسرائيل كردووە، ساڵى رابردوو لە هەمان بەروار هەناردەى توركيا بۆ ئەو وڵاتە دوو مليار دۆلار بوو.

ناميق تان، باڵيۆزى پێشووى توركيا لە ئيسرائيل رايگەياند، "هەنگاوە سياسيەكانى دەرەوەى توركيا، هەنگاوى پراگماتين، ئەو قەيرانە ئابوورييەى وڵاتەكەمان هاندەرە بۆ ئەوەى هەنگاوى لەو جۆرە بهاوێين، چونكە دۆخەكەمان بەرگەى پچڕانى پەيوەندى بازرگانى لەگەڵ دەرەوە ناگرێت."

بەگوێرەى پێوەرى خزمەتگوزارى تۆڕى ئينتەرنێت بۆ بڵاوكردنەوەى داتا بازرگانييەكانى جيهان، ساڵى (2020) ئيسرائيل لە پلەى چوارەمى ئەو وڵاتانە بوو، زۆرترين كاڵاى لە توركيا هاوردەكردووە، لە بەرانبەردا توركيا لە پلەى هەشتەمى ئەو وڵاتانەيە كاڵاى ئيسرائيلى كڕيووە.

رۆنى شاكيد، لێكۆڵەر لە زانكۆى عيبرى لە قوددس رايگەياند، "توركيا شوێنی سەرەكی گەشتیارانی وڵاتەكەمانە، ئەنقەرەش حەزدەكات گەشتیارانی ئیسرائیلی دەست بەگەشت بكەنەوە بۆ وڵاتەكەیان، هەردوولاش بەرژەوەنديان پێكەوە هەیە."

كۆتایی هێنان بە دوژمنكاری 

ئەردۆغان بە لێهاتوویی سیاسی ناسراوە، بە دوو چۆلەكە بە بەردێك دەكوژێت، یەكێك لەو كارانەی مايەى ئاوڕ لێدانەوەیە، پێشوازی كردنە لە سەرۆكی ئیسرائیل لەسەر ئاستی باڵا.

گالیا لیندنشتراوس لە پەیمانگەی ئاسایشی نەتەوەیی لە زانكۆی تەلئەبیب رایگەیاند، "دوورخستنەوەی توركیا لە گفتوگۆكانی پڕۆژەی گاز پاڵنەرێكی سەرەكی بوو بۆ لێكنزیكبوونەوەی توركیا لە ئیسرائیل، هەروەها بەریەككەوتنیان لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكاش بەسەرۆكایەتی جۆ بایدن بووە هاندەر توركيا زياتر لە ئيسرائيل نزيك بێتەوە."

بەشیر عەبدولفەتاح، پسپۆڕ لە كاروباری توركیا لە ناوەندی ئەهرام بۆ لێكۆڵینەوەی سیاسی رایگەیاند، "ئەردۆغان بەبێ پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ ئيسرائيل ناتوانێت پارێزگاری لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریكا رۆژئاوا بكات." 

لە هەمانكات ئەنقەرە بە گومانەوە سەیری هاوپەیمانی نێوان ئیسرائیل و یۆنان و میسری دەكرد، كە پێی وابوو لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی یەك ناگرێتەوە، بۆيە پێویستی بەوە بوو ئەو بەربەستە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لابدات.

توركيا لەگەڵ ئيسرائيل و وڵاتانى دراوسێى، بۆ توندانەوى بەستەڵەكى نێوانيان سياسەتى سفركردنەوەى كێشەكان پەيڕەو دەكات، پێشتريش لەگەڵ میسر پەيوەندى دەستپێكردۆتەوە، لەگەڵ ئەرمینیا و یۆنان كەناڵى پەيوەندييەكانى كردۆتەوە.

خاڵە ناكۆكەكان 

پرسی فەڵەستین یەكێكە لەو دۆسیە ناكۆكانەی نێوان ئەو دوو وڵاتە، پێشتر توركیا سیاسەتی ئیسرائیل و هێرشەكانی بۆسەر غەززە رەتكردەوە، بەردرەوام دژ بە سیاسەتی بە جووكردنی قوددس بوو.

لەبەرانبەریشدا ئیسرائیل رەخنەی ئەوەی لە توركیا دەگرێت، كە بەرپرسانی باڵای حەماسی لە وڵاتەكەی داڵدەداوە، داواش دەكات توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ حەماس بچڕێنێت، توركیاش ئەوە رەت دەكاتەوە.

ماڵپەڕی (i24News) ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، ئەنقەرە داوای لە بەرپرسانی حەماس كردووە، نایانەوێت بەرپرسانی سەربازی حەماس لە وڵاتەكەیان بمێنەوە، بەڵام رێگە دەدات بەرپرسانی سیاسی چالاكی خۆیان ئەنجام بدەن. 

بەڵام غالیا لندنشتراوس پێیوایە، "دواى لادانی بنیامین ناتەنیاهۆ و دروستكردنی حكومەتی نوێ هەردوولا خواستی لێكنزیكبوونەوەیان بەهێزتر بوو."

ئێران دۆسییەكی ترە لە نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و تاران جێگەى سەرنجى ئيسرائيلە، لەبەرانبەریشدا نیگەرانییەكی ئیسرائیل لە پڕۆگرامی ئەتۆمی و زیادبوونی هەژموونی حزبوڵای زیادی كردووە. 

هەرچەندە خاڵى ناكۆكيان هەيە، بەڵام پەیوەندی نێوان دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیل و میتی توركی بەهێز بۆتەوە، ئەوەش هەماهەنگی نێوانيان زیاتر كردووە، بەتايبەت لەو قۆناغە توركيا لە رووى پيشەسازى سەربازى زۆر پێشكەوتووە، لە رابردووش فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا كاریگەری زۆرى لەسەر ململانێ سەربازييەكانى ناوچەكە هەبوو.

هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا هاندەرێكی سەرەكی بوو، بۆ ئەوەی توركیا و ئیسرائیل پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەك ئاسایی بكەنەوە، بە ئاراستەی هەماهەنگی لە دەریای ناوەڕاست و  دیاریكردنی سنوورە ئاوییەكانى نێوانيان هەنگاو بنێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین