لە هەولێر گەورەترین فێستیڤاڵ بە بۆنەى نەورۆز بەڕێوەدەچێت کولتوور

نوچەنێت:

دواى چەندین ساڵ وەستانى و ئەنجامنەدانى لە ماوەى (10) ڕۆژدا،  (12)مین فێستیڤاڵى ئازادى و نەورۆز لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، پارێزگارى هەولێر دەڵێت، "فێستیڤاڵەکە چەندین بڕگە و بەرنامەى جۆراوجۆر لە خۆى دەگرێت."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (10/ئادار/2022)، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانییدا وردەکارى (12)مین فێستیڤاڵى ئازادى و نەورۆز لە هەولێر خستەڕوو.

ئومێد خۆشناو لە درێژەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی چەند ساڵێک فێستیڤاڵی ئازادی نەورۆز لە شارەکەمان ئەنجامنەدرا، ئەمساڵ بەرنامەڕێژی کرا کە جارێکی دیکە ئەو فێستیڤاڵە بەڕێوەبچێت".

سەبارەت شێواز و کاتى بەڕێوەچوونى فێستیڤاڵەکە، پارێزیگارى هەولێر ڕاشیگەیاند، "سبەى کە یادی (31) ساڵەی ئازادکردنی هەولێر چالاکییەکانی (12) مین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێر دەستپێدەکات، فێستیڤاڵەکە هەمەجۆرە، لیژنەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، ئامادەکاری باشیان کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەند ئامادەی دەبن و بڕگەی جیاواز لە فێستیڤاڵەکەدا هەن، ئێوارەی رۆژی 20ی ئادار لەگەڵ هەڵکردنی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز فێستیڤاڵەکە کۆتایی پێدێت".

ئەو زیاتر روونیکردەوە، "لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا (23) جۆر چالاکی لە هەولێر ئەنجامدەدرێن، چالاکییەکان هونەری و وەرزشین و ژمارەیەک زۆر لە هونەرمەندە بە ئەزموونەکان بەشداری دەکەن، نزیکەی (2500) کەس لە چالاکییەکان بەشدار دەبن".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین