دانووستاندنەكانی نێوان رووسیا و ئۆكراینا شكستی هێنا وەرگێڕان

نوچەنێت:

رۆژی پێنجشەمەی رابردوو لە توركیا وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆكراینا نەگەیشتنە رێككەوتن بۆ راگرتنی شەڕی نێوانیان، كە لە (24)ی مانگی رابردوو رووسیا هێرشی كردە سەر ئۆكراینا، پێشتریش هەر یەك لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا و ئۆلاف شۆڵتز لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیان لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین داوایان كردووە پێویستە چارەسەی ئەو شەڕە رابگیرێت و ناكۆكییەكان لە رێگەی دانوستاندنی نێوان رووسیا و ئۆكراینا چارەسەر بكرێت.

لە كۆبوونەوەی ئەنتاڵیا لە باشووری توركیا، كە بە نێوەندگیری مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا لە نێوان سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و دیمیترۆ كۆڵبیا، وەزیری دەرەوەی ئۆكراینا بەرێوەچوو، یەكەم كۆبوونەوەی لەو ئاستە بوو، دەربارەی ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوە، وەزیری دەرەوە ئۆكراینا رایگەیاند، "باسمان وەستاندنی شەڕكرد، بەڵام هیچ هەنگاوێك بەو ئاڕاستەیە نەنراوە، رووسیا جەختی لەسەر هێرشەكانی كردەوە، تا مەرجەكانیان قبوڵ دەكەین."

لە بەشێكی تری قسەكانی وەزیری دەرەوەی ئۆكراینا رایگەیاند، "نە رابردوو خۆمان رادەستكردووە، نە لە ئێستاش و داهاتووش خۆمان رادەست دەكەین."

هەر سەبارەت بە كۆبوونەوەکە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "رووسیا دەیەوێت بەردەوام بێت لە گفتوگۆكانی لەگەڵ ئۆكراینا، بەڵام من پێم وایە، دەبێت بەو شێوەیە بێت كە لە نێوان ئێمە كیێڤ لە بیلارووسیا بەڕێوە دەچێت، كە لەسەر نزمترین ئاستە، چونكە گفتوگۆ هیچ جێگرەوەیەكی ترمان نییە."

لەسەرەتای هێرشەكانی رووسیاوە بۆ سەر ئۆكراینا، تا ئێستا سێ جار دانووستان لە نێوان ئەو دوو وڵاتە شەڕكەرە بەرێوەچووە، ئەنجامەكەشی ئەوە بووە هەندێك رێڕەوی مرۆیی كراوەتەوە بۆ ئەو شارانەی گەمارۆ دراون، بەڵام رووسیا چەند جارێك بە پێشێلكردنی ئەو رێككەوتنە تۆمەتباركراوە.

بەگوێرەی سەرۆكایەتی سوپای ئۆكرانیا هێزەكانی رووسیا بەردەوامن لە گەمارۆدانی كیێڤ، لە چەندین لاوەش هێرش دەكەنە سەر شارەكانی ئیزیۆم و بترۆفسكی و هرۆچۆفاكا و سۆمی و ئەختەریكا و ناوچەی دۆنیتسك و زابارۆجی.

سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، "وڵاتانی رۆژئاوا چەك بە ئۆكراینا دەدەن، ئەوە كارێكی مەترسیدارە، ئەوانەی ئۆكراینا نقومی چەك دەكەن، پێویستە ئەوەش بزانن لە ئایندە بەرپرسیارێتی كارەكانیان هەڵبگرن، پێدانی مووشەكی دوورهاوێژ، كە لەسەر سەرشان دەهاوێشترێت، دەبێت بزانن بەكارهێنانی پێچەوانەی یاساکانى فرۆكەوانی مەدەنییە." لاڤرۆڤ لە بەشێكی تری قسەكانی سەركۆنەی هێنانی موڕتەزەقەی بیانی كرد، بۆ ئەو ناوچەیە.

لەسەر ئاستی یەكێتی ئەوروپا سەرۆكی وڵاتان گفتوگۆیان لەسەر ئەو ئاڵنگەرییە ئابووریی و ئەمنییەكانی شەڕی رووسیا و ئۆكراینا كردووە.

دوو هەفتە دوای ئەو شەڕە رەنگدانەوەی سزاكانی رۆژئاوا بەسەر رووسیا بە دیار دەكەوێت، كۆمپانیا لە دوای كۆمپانیا دەكشێنەوە و بایكۆتی رووسیا دەكەن.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەریتانیا سزای بەسەر حەوت بزنسمانی رووسیا سەپاند، كە لە نێویاندا رۆمان ئەبرامۆڤیچ خاوەنی یانەی چێڵسی و ئۆلیگ دیریباسكای هاوبەشی بوو، لەگەڵ بلۆككردنی پارەكانیان رێگری لە گەشتكردنیان.

هەر یەك لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا و ئۆلاف شۆڵتز لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیان لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین داوایان كردووە پێویستە چارەسەی ئەو ناكۆكیانە لە رێگەی دانوستاندنی نێوان رووسیا و ئۆكراینا بێت.

سوپای رووسیا بەردەوامە لە گەمارۆدانی شارە گەورەكان و بۆردوومانكردنی چڕی هەموو شوێنەكان، لە چەند رۆژی رابردوو نەخۆشخانەیەكی لە ماریۆپۆڵ كردە ئامانج، هەروەها لە دەریای ئازۆڤ كە لە لایەن هێزەكانی رووسیا گەمارۆدراوە، بەندەرێكی ستراتیژی كردە ئامانج.

مۆسكۆ بەهۆی بۆدروومانی نەخۆشخانەی ماریۆپۆڵ رووبەڕووی سەركۆنەكردنی نێودەوڵەتی بۆووە، كە بە تاوانێكی قێزەونی جەنگیان وەسفكرد، كۆشكی سپی بە هێرشی دڕەندانەی ناوبرد، بۆریس جونسۆن بە هێرشێكی نا ئەخلاقی ناوبرد.

ئەندامێكی بەرێوەبەری سەربازی ناوچەی دۆنیتسك راگەیاند، "ئەو هێرشەی لەسەر نەخۆشخانەكە لە كاتێك دابوو، ئافرەت هەبوو منداڵی دەبوو." لە بەرانبەردا وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "ئەو نەخۆشخانەیە وەك بنكەیەك بۆ هێزێكی نەتەوەیی بەكار دەهات."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین