داعش خه‌لیفه‌ى نوێى دانا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رێكخراوى تیرۆریستى داعش خه‌لیفه‌یه‌كى نوێى دانا و دانى به‌ كوشتنى ئه‌بوئیبراهیم قوڕه‌یشى نا، هاوكات شه‌وى رابردوو له‌ سێ ناوچه‌ى عێراق تیرۆریستان هه‌وڵى كرده‌ى تیرۆریستیان داوه‌.

ئاژانسى فرانس 24 شه‌وى رابردوو 10ى ئادارى 2022 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ تۆمارێكى ده‌نگیدا رێكخراوى تیرۆریستى داعش دانى به‌ كوشتنى ئه‌بوئیبراهیم قوڕه‌یشى ناوه‌ كه‌ له‌ سووریا له‌ سێى مانگى رابردوو له‌ ئۆپراسیۆنێكى تایبه‌تى هێزه‌كانى ئه‌مریكا كوژرا.

به‌گوێره‌ى تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ى داعش، ئه‌بوحه‌سه‌ن هاشمى بووه‌ته‌ خه‌لیفه‌ى نوێى داعش، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و تیرۆریستانه‌ى له‌لایه‌ن خودى ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى خه‌لیفه‌ى یه‌كه‌مى داعش كه‌ ئه‌ویش له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ كوژرا، مه‌شقیان پێكراوه‌.

زانیارى زۆر له‌سه‌ر ئه‌بوحه‌سه‌ن هاشمى نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت عێراقییه‌ و پێشتر به‌ ناوى "زه‌ید عێراقى" ناسراوه‌ و له‌ ریزه‌كانى داعش به‌ "ئوستاز" ناو ده‌برێت، پێشتر كۆمه‌ڵێك به‌رپرسیارێتى له‌ناو رێكخراوه‌ تیرۆریتییه‌كه‌ هه‌بووه‌. سه‌یف ره‌عد چاودێرى ئه‌منى بۆ شه‌فه‌ق نیوز باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌بوحه‌سه‌ن هاشمى له‌ سه‌ركرده‌كانى ترى داعش دڕه‌نده‌تره‌.

هاوكات شه‌وى رابردوو رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ ناوچه‌كانى سامه‌را و به‌عقوبه‌ و كه‌ركووك، جموجۆڵى تیرۆریستیان ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، هه‌وڵه‌كانى داعش شكستى هێناوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كه‌ى شه‌وى رابردووى كه‌ركووك، ماڵپه‌ڕى رووداو بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، تیرۆریستانى داعش هه‌وڵیان داوه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى باى حه‌سه‌ن و هاڤانه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر داواى سوپاى عێراق فڕۆكه‌ى جه‌نگى هه‌ڵساون و بۆردومانى تیرۆریستانیان كردووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین