رووسيا بۆچى پێويستى بە چەكدارانى سوورييە بۆ شەڕى ئۆكرانيا؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

لاى سوورييەكان باسى بردنى چەكدارانى وڵاتەكەيان بۆ بەرەكانى شەڕى ئۆكراينا و رووسيا شتێكى نامۆ نييە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك ئەو راستييە قبووڵ ناكەن، كە چەندين ساڵە لايەنەكان چەكدارە سوورييەكان بۆ ليبيا و ئازەربايجان دەبەن، لەبرى خۆيان شەڕيان پێ دەكەن، ئەو وڵاتانە دۆخى ئەو گەنجانە و هەژارييان دەقۆزنەوە، لەبەرانبەريشدا زيانە گيانييەكانى خۆيان كەم دەكەنەوە.

رووسيا لەپێشەوەى ئەو وڵاتانەيە چەكدارانى سوورى لە شەڕەكان بەكارهێناوە، چونكە ناونووسكردنيان لە ديمەشق لەلايەن مۆسكۆوە زۆر ئاسانە، حكومەتى سوورياش بە هەموو شوێيەك كار بۆ رازيكردنى رووسيا دەكات، چونكە بۆتە هۆى مانەوەى دەسەڵاتى ئەسەد. 

شەڕى ئۆكرانيا جارێكى تر خواستى مۆسكۆ بۆ بەكارهێنانى چەكدارانى سووريا نوێكردەوە، بەرپرسانى رووسيا لە پارێزگاكانى سووريا لەبەرانبەر پێدانى بڕێك پارە كاريان لەسەر نانووسكردنى چەكدارانى سووريا كردووە، بەڵام ئەمجارە ئەو چەكدارانە لەپاڵ خودى سوپاى رووسيا شەڕدەكەن، نەك لە وڵاتێكى تر لەبرى رووسيا شەڕ بكات.

بەگوێرەى راپۆرتەكان (23) هەزار چەكدارى سوورى لەو نزيكانە دەگەنە بنكەى سەربازى رووسيا لە خاكى ئۆكرانيا، لە پاڵ (190) هەزار سەربازى رووسيا لەو سنوورە دژ بە ئۆكراينا شەڕ دەكەن.

مردن لە سەنگەرەكانى بێگانە

چيرۆكى ناونووسكردنى گەنجانى سوورى لە ساڵى (2020) دەست پێدەكات، كە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕى نێوان حكومەتى ويفاقى نيشتيمانى و سوپاى ليبيا بە فەرماندەيى خەليفە حەفتەر، كە هەوڵى كۆنتڕۆڵكردنى تەرابلوسى پايتەختى ئەو وڵاتەى دەدا، كە لە كاتەدا توركيا و رووسيا بەشدارى ئەو شەڕەيان كردبوو و هەردوو وڵات چەكدارانى سوورييان بۆ ليبيا  رەوانەكردووە. 

هەر چەندە شەڕى ليبيا كۆتاييهاتووە،  لايەنەكان دەستيان بە چارەسەرى سياسى قەيرانەكان كردووە، بەڵام تا ئێستا چەكدارانى سووريا بۆ تەرابلوس دەچن، ناوەندەكانى هەواڵ باس لەوە دەكەن، كۆمپانيا رووسييەكانى تايبەت ناونووسكردنى چەكداران پارەى چەكدارانيان لە دوو هەزار دۆلارەو بۆ (700) دۆلار كەم كردۆتەوە.

لە كۆتايى ساڵى رابردوو رووسيا (300) چەكدارى لە رێگەى بنكەى حەميم لە لازقيەوە گواستەوە بۆ خاكى ليبيا.

ناونووسكردنى چەكدارانى سووريا لە لايەن رووسياوە تەنيا بۆ ليبيا نەبوو، بەڵكو بۆ ڤێنزوێلاشيان ناردووە، نيكۆلاس مادۆرۆ، سەرۆكى ڤێنزوێلا، كە (2018) پۆستى سەرۆكى وەرگرتووە، لەلايەن ئەمەريكاوە پاڵپشتى دەكرێت، رووسيا و چين پاڵپشتى خوان گوايدۆ دەكەن دژ بە سەرۆكى ئەو وڵاتە، هۆكارى رەوانەكردنى چەكدارانى سووريا بۆ ئەو وڵاتە، لە پێناو پارێزگاريكردنە لەو ناوچانەى ڤێنزوێلا و رووسيا لەلايەك لە نێوان خۆيان ململانێيانە، لە لايەكى تريشەوە لەگەڵ مافيا جيهانييەكانى كۆڵۆمبيى و ڤێنزوێلى، كە هەوڵدەدەن دەست بەسەر سەرچاوەكانى زێڕ دابگرن لە ململانێدان، بەشێكى تريش بۆ بەشدارييە لەو شەڕەى لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزيسيۆن، كە لە پێناو دەستبەسەرداگرتنى دەسەڵاتى ئەو وڵاتە، ئەو چەدارانەى رەوانەىى ڤێنزوێلا كراون لەبەرانبەر بەشدارييان لەو شەڕە مانگانە بڕى چوار هەزار دۆلاريان پێ دەدرێت.

لە (2020) رووسيا چەكدارانى سوورى بۆ شەڕى ئەرمينيا دژ بە ئازەربايجان رەوانەكرد، هەر چەكدارێكيش مانگانە هەزار و (500) دۆلارى پێ دەدرا، ئەو چەكدارانەشى لە بەرەكانى شەڕ دەكوژران كەسووكاريان قەرەبوو دەكرانەوە، ئەوەش وايكرد سەدان چەكدارى سوورى پەيوەندى بە سەربازگەكانى رووسياوە بكەن بۆ مەشقى سەربازى لەسەر دەستى ئەفسەرانى رووسيا. 

ئامادەسازى ئێستا بۆ ئۆكراينايە

لەسەرەتاى رۆژەكانى هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا، سەدان چەكدارى سوورى خۆيان ناونووسكردووە بۆ بەشدارى لەو شەڕە، ماڵپەڕى (سەوت لعاسيمە) دوو رۆژ دواى هێرشەكە بڵاويكردەوە، رووسيا لە شارەكانى سووريا دەستى بە ناونووسكردنى چەكدارانى سوورى كردووە بۆ ئەوەى رەوانەيان بكات بۆ بنكە سەربازييەكانى وڵاتەكەى لە خاكى ئۆكراينا.

وەك هەمووجارانى پێشوو، ئەو بريكارانەى سەربە ڕووسيا چەكدارانى سوورييان ئامادە دەكرد و رەوانەى ليبيا و ڤێنزوێلايان دەكردن، ئێستاش چەكدارى تر ئامادە دەكەن بۆ ئەوەى رەوانەى خاكى ئۆكرانيايان بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش لە شارەكانى رەعا و سوەيدا و دەورەوبەرى ديمەشق دەستيان پێكردووە، ئەو گرێبەستەشى ئامادەيان كردووە چەند خاڵێكى گرنگى لەخۆ گرتووە. 

مووچەى مانگانەى هەر چەكدارێكى سوورى دوو هەزار دۆلارە، ئەو سەربازانەى دەكوژرێن بڕى پێنج هەزار دۆلار دەدرێت بە كەسوكاريان، ئەو چەكدارانەشى بريندار دەبن، (20) تا (500) دۆلارى ئەمەريكيان وەك قەرەبوو پێ دەدرێت، هەفتەيەك بەر لە هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا وەزيرى بەرگرى رووسيا سەردانى سوورياى كردوو لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆكى ئەو وڵاتە كۆبوونەوە، لەكاتى سەردانى بنكەى سەربازى وڵاتەكەى لە پارێزگاى لازقيەكەى ئەو بڕيارانەى سەرەوەى بۆ ناونووسكردنى چەكدارە سوورييەكان دەركرد.

ماڵپەڕى (دەرعا24) بڵاويكردەوە، لە كۆتايى مانگى كانوونى يەكەمى ساڵى رابردوو رووسيا دەستى كردووە بە ناونووسكردنى چەكدارانى سوورى لە لەشكرى چوار و پێنجى سەر بەهێزەكانى سوهەيل حوسێن، لە بنكەى تەيفوورى ئاسمانى مەشق بە چەكدارەكان دەكات و رەوانەى ناوچەى دۆنباسيان دەكات، بەگوێرەى راپۆڕتەكان دوو هەزار و (500) تا چوار هەزار چەكدار ناونووسكراوە.

ئايا رووسيا بە تەنيا ناتوانێت شەڕ بكات؟

هۆكارى يەكەم، ئەو ئەزموونەى چەكدارانى سوورى بە درێژايى ساڵانى رابردوو لە شەڕى شەقام و ناو شارەكان بەدەستيان هێناوە، سەربازى رووسيا ساڵانێكى زۆرە بەشدارييان لەو جۆرە شەڕەيان نەكردووە، ئەوەش لە كاتێكدايە چەكدارانى سووريا چەندين ساڵە لە شارەكانى حەلەب و حومس و دەوروبەرى ديمەشق ئەو جۆرە شەڕە دەكەن، ئەو ئەزموونەش پاڵنەرێكى سەرەكييە بۆ بردنى ئەو چەكدارانە بۆ شەڕى ئۆكراينا.

هۆكارى دووەم، لەو كاتەوەى هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا دەستى پێكردووە، زيانێكى گيانى زۆرى بەركەوتووە، چاوەڕوانى ئەو هەموو زيانەى نەدەكرد، ئەگەر ئەو ئامارانەى ئۆكراينا سەبارەت بە كوژرانى سەربازانى رووسيا راست بێت، ئەوە تەنيا لەو دوو هەفتەى رابردوو زيانێكى زۆرى بەركەوتووە، چونكە كيێڤ رايگەياندووە، زياتر لە (10) هەزار سەربازى رووسيا كوژراوە، بەڵام رووسيا رايدەگەيێنێت، "تەنيا (500) سەربازمان كوژراوە."

بەڵام بەگوێرەى راپۆرتى هەواڵگرى ئەمەريكا ژمارەى كوژراوان لە ريزەكانى سووپاى رووسيا لەنێوان دوو هەزار تا چوار هەزار سەربازە.

ئەو ژمارانە هۆكارى سەرەكين رووسيا پەنا بۆ بردنى چەكدارانى سوورى بۆ بەرەكانى پێشەوەى ئەو شەڕە ببات، بۆئەوەى ژمارەى قوربانيانى خۆى كەم بێتەوە، چونكە ئەو شەڕە پێويستى بە تێچوونێكى زۆرى مادى و مرۆيى هەيە. 

هۆكارى سێيەم، بردنى ئەو چەكدارانە سنوورێك بۆ قوربانيەكانى لە ريزەكانى سووپاى رووسيا دادەنێت، بەوەش تێچووى قەرەبووى كوژاران و بژێوى ژيانى مانگانەى خێزانەكانى لە كۆڵ دەبێتەوە، چونكە قەروبووى كوژراوانى سوورى زۆر كەمترە لە قەرەبووى سەربازانى خۆى.

بەمجۆرە سووريا شوێنێكى گونجاوە بۆئەوى دۆخى ئابوورى و كۆمەڵايەتييەتيان بقۆزێتەوە، تاوەكو رەوانەى بەرەكانى شەڕى ئۆكرانيايان بكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین