توركيا و يۆنان پەيوەندییە ئابوورییەکانیان بەهێز دەكەن شیکاری

نوچەنێت:

لە ماوەى رابردوو توركيا چەند هەنگاوێكى نا بۆ بەهێزكردنەوەى پەيوەندیى ئابوورى لەگەڵ ئيمارات و ئيسرائيل، لە پاڵ ئەو هەنگاوانەى بەرەوداوە لە دانوستاندنەكان لەگەڵ سعووديە و ميسر، سادق ئەحمەد، سەرۆكى ئەنجوومەنى بازرگانى توركيا ــ يۆنان رايگەياند، "بەهێزبوونى پەيوەندى ديپلۆماسى يۆنان و توركي،ا بوارى بازرگانى بۆ هەردوو وڵات پاڵنەرێكى بەهێزە، كۆبوونەوەى كیریاكۆس میتسۆتاكیس، سەرۆك وەزیرانی یۆنان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان رەنگدانەوەى ئەرێنى لەسەر پەيوەندى ئابوورى هەردوو وڵات دەبێت."

بەگوێرەى داتاكانى ناوەندى بازرگانى جيهانى، قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان توركيا يۆنان لەو چەند ساڵەى رابردوو جێگير نەبووە، لە ساڵى (2019)وە ئەو قەبارەيە لە بەرژەوەندى توركيا دايە، ساڵى (2012) قەبارەى بازرگانييان پێنج مليار دۆلار بووە، لە ساڵى (2014) گەيشتە شەش مليار دۆلار، بەڵام ئەو قەبارەيە لە ساڵى رابردوو بۆ پێنج مليار و (300) مليۆن دۆلار دابەزى.

بەگوێرەى داتاكان ساڵى رابردوو يۆنان بايى سێ مليار و (100) مليۆن دۆلار كاڵاى لە توركيا هاوردە كردووە، لە بەرانبەردا توركيا بايى دوو مليار و (200) مليۆن دۆلار كاڵاى لە يۆنان هاوردە كردووە. 

يۆنان مەوادى كیمياویى و كارەبا و ئەليكترۆنى و ئۆتۆمبێل و جلوبەرگ لە توركيا دەكرێت، لە ساڵى (2002 تا 2021) وەبەرهێنانى راستەوخۆى يۆنان لە توركيا گەيشتە حەوت مليار دۆلار، ئەو ژمارەيە لە (3,9%) وەبەرهێنانى راستەوخۆى جيهانيە كە لە توركيا لەو ماوەيە جێبەجێكراوە. 

دەربارەى ئەو سەردانەش صادق ئەحمەد جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئەو سەردانە لەو كاتە هەستيارەى شەڕى رووسيا و ئۆكراينا بايەخى تايبەتى هەيە، دەشمانەوێت قەبارەى بازرگانى نێوانمان زياتر بكەين، دەبێت هەردوولاش كارئاسانى بۆ بازرگانەكان بكەن."

دەربارەى بوارە هاوبەشەكانى بازرگانى سەرۆكى ئەنجوومەنى بازرگانى توركيا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "لە بوارى كشتوكاڵ و گەشوگوزار و وزە دەرفەتى گەورە لەبەردەم هاوكارى دوولايەنە، دەكرێت لەو بوارانە پێكەوە كار بكەين، لە بوارى وزەش دەتوانێرێت كۆمپانياكانى هەردوو وڵات بەهاوبەشى وەبەرهێنانى تێدا بكەن."

لە بەشێكى ترى قسەكانى داوايكرد، "كۆڕبەندى بازرگانانى هەردوو وڵات بە بەشدارى سەرۆكى توركيا و سەرۆك وەزيرانى يۆنان ببەسترێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین