توركيا دەبێتە ناوەندێكى نوێى كۆمپانيا ئەمەريكييەكان شیکاری

نوچەنێت:

میدیاكانى توركیا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن دواى سزا یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانى سه‌ر رووسیا، ئه‌و كۆمپانیا ئەمەريكيانەى بە دواى ناونیشانى نوێ ده‌گه‌ڕێن بۆ وه‌به‌رهێنان، له‌لایه‌ن ئيدارەى ئەمەريكاوە پێشنیازيان بۆ كراوه‌ بچن لە‌ توركیا وەبەرهێنان بكەن.

شارەزايانى ئابوورى  توركيا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، "ئەو كۆمپانيايانەى خاوەنى ناوبانگێكى جيهانين روويان لە توركيا كردووە، چاوەڕوان دەكرێت كاريگەرى گەورە لەسەر ئابوورى توركيا دروست بكەن."

 محەمەد عەلى يەڵجينداغ، سەرۆكى ئەنجومەنى ئابوورى  توركى ــ ئەمەريكى رايگەياند، "گرنگى جيۆسياسى توركيا جارێكى تر دەركەوتۆتەوە، هەڵوێستى توركياش بەرانبەر بە قەيرانى ئۆكراينا مايەى دڵنياييە، بڕيارە لە مانگى ئايندە (10( ئەندامى كۆنگرێسى ئەمەريكا دواى كۆبوونەوە لەگەڵ جيف فليك، باڵيۆزى ئەمەريكا لە ئەنقەرە سەردانى توركيا بكەن، بڕياريشە لە  (18)ى ئەم مانگە مايرۆن بريليانت، جێگرى سەرۆكى ژوورى بازرگانى ئەمەريكا سەردانى توركيا بكات."

لەبەشێكى ترى قسەكانى يەڵجينداغ روونيكردەوە، "پێنج هەزار كۆمپانياى ئەمەريكى بەدواى شوێنێكى نوێ دەگەڕێن بۆ وەبەرهێنان، باڵيۆزخانەى ئەمەريكاش بانگهێشتى كردوون تاوەكو سەردانى توركيا بكەن، بۆ ئەوەى تورکیا ببێتە پەناگەيەكى ئارام بۆيان."

دەربارەى هۆكارەكەشى محەمەد عەلى رايگەياند، "ئەمەريكا بەهۆى هێرشى ئۆكراينا رووبەڕووى رووسيا بۆتەوە، ماوەيەكيشە سزا و گەمارۆى زیاترى خستۆتەسەر چين، لە ماوەى رابردووش بەبڕى (90) مليار دۆلارى كڕينى كاڵا لە چين كەمكردەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵى داهاتوو ئەو ژمارەيە بگاتە (200) مليار دۆلار."

هەرچەندە پەيوەنديى سياسى نێوان ئەنقەرە و واشنتن وەك پێويست نەبووە، بەڵام لەسەر ئاستى بازرگانى چالاكييەكان بەردەوامە، دواى ئەڵمانيا ئەمەريكا دووەم وڵاتە ساڵانە زۆرترين كاڵا لە توركيا دەكڕێت، كە بڕەكەى (28) مليار دۆلارى تێپەڕاندووە، ئەو رێژەيەش نزيكەى لە (30%) زيادى كردووە.

مستەفا تۆنجەر ئەندامى ئەنجومەنى بەرێوەبردنى مۆسياد رايگەياند، "وەبەرهێنانى ئەمەريكا لە رووسيا زياتر لە (100) مليار دۆلار بوو، پلەى هاوبەشى بازرگانى نێوانيان (23) بوو، هەرچەند ئەمەريكا  لە بوارى بازرگانى هاوبەشێكى لە پێشى رووسيا بوو، بەڵام وڵاتانى رۆژئاوا و بەتايبەتيش يەكێتى ئەوروپا بۆ رووسيا لە ئەمەريكا گرنگتر بوون."

 لە بەشێكى ترى قسەكانى تۆنجەر ئاماژەى بەوە كرد، "كۆمارەكانى سۆڤيەتى جاران زۆربەى كاڵاكان لە توركيا دەكڕن، چونكە لە رووسيا بەردەست نين."

سەبارەت بە كۆمپانيا ئەمەريكيەكان ئەو ئەندامەى مۆسياد ئاشكراى كرد، "باڵيۆزى ئەمەريكا ئاماژە بەوە دەكات توركيا يەكێكە لەو وڵاتانەى هەڵسەنگاندنمان بۆى كردووە، كە ئەگەر پەيوەنديمان لەگەڵ رووسيا پچڕاند، كۆمانياكانمان بۆ ئێرە بگوازينەوە."

دەربارەى سوودى هاتنى ئەو كۆمپانيايانەش بۆ توركيا، تۆنجەر جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "لەكاتى پەتاى كۆڕۆنا زۆر بەربەست بۆ گەيشتن بە چين هەبوو، كە بە ناوەندێكى بازرگانى جيهانى دادەندرێت، ئێستا بەهۆى شەڕى ئۆكراينا، وڵاتانى رۆژئاوا بەدواى شوێنێكى ئارامتر بۆ هاوبەشە بارزگانەكانيان دەگەڕێن، بۆيە ئەو خواستەى ئەمەريكا و توركيا هەيانبوو، كە قەبارەى بازرگانيان بەرزبكەنەوە، لە ماوەى رابردوو لە (20) بەرزيان كردەوە بۆ (28) مليار دۆلار، لەو بڕوايەش دام لە سێ ساڵى ئايندە دەگاتە (100) مليار دۆلار، كە ئەوە خواستێكى لە مێژينەى ئەو دوو وڵاتەيە."

سەعدى ئۆزدەمير، پسپۆڕى ئابوورى رايگەياند، "مۆسكۆ و دوبەى و ئيستەنبۆڵ لە نێوان خۆيان ململانێيانە، بۆ ئەوەى ببن بە ناوەندێكى ناوچەيى بۆ كۆمپانيا زەبەلاحەكانى ئەمەريكا و جيهان، مۆسكۆ پێويستى بەو وەبەرهێنانانە بوو، بەڵام ئەو دۆخەى ئێستا لە بەرژەوەندى توركيايە."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەو ئەندامەى (مۆسياد) روونى كردەوە، "رێگرى راستەوخۆى وەبەرهێنان لە رووسيا دەرفەتێكە بۆ توركيا، كاتێكيش دۆناڵد ترامپ لەگەڵ چين ململامنێى بوو لەگەڵ چين، هەوڵدرا كۆمپانيا ئەمەريكيەكان بێن بۆ توركيا، بەڵام هێرشى ئەمجارەى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا، كۆمپانيا ئەمەريكييەكان رادەكێشێت بۆ توركيا، بەوەش توركيا دەبێتە ناوەندێكى بازرگانى و زياتر  بۆ ئەم بوارە بەكاردێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین