ئێران سزاى تره‌مپ و چه‌ند به‌رپرسێكى ئه‌مریكى ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

ئێران سزاى تره‌مپ و چه‌ند به‌رپرسێكى ئه‌مریكى ده‌دات

نوچه‌نێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئەنجامدانی “تیرۆر” لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەونە لیستی سزادراوه‌كان.

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و لەوانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆمار، مایک پەمپیۆ وەزیری دەرەوە، مارک ئه‌سپه‌ر وەزیری بەرگری پێشووی ئەمریکا، کریستۆڤەر میله‌ر سەرپەرستی وەزارەتی بەرگری، ستیۆن منۆچین وەزیری دارایی، جینا هاسپل سەرۆکی CIA، جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی، برایان هۆک سەرۆکی پێشووی گرووپی کاروباری ئێران و نوێنەری تایبەتی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، ئەلیۆت ئابرامز نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و ئاندریان گاکی بەرپرسی ئیدارەی کۆنتڕۆڵی داراییە دەرەکییەکانی ئەمریکا (ئوفک) دەکەوەنە لیستی گەمارۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی، “وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای “ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشێلکارییەکان لە بواری مافەکانی مرۆڤ و کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا لە ناوچە”دا کە لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کراوە چەند کەسایەتییەکی ئەمریکا بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی “تیرۆریستی”، پەرەپێدان و پشتیوانی لە “تیرۆریزم” کە هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچە و جیهان و هەروەها بە هۆی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و لەوانە مافەکانی مرۆڤ، دەخاتە لیستی گەمارۆکانەوە.

خەتیب زادە جەختی کردەوە کە: ئەو کەسانە بە چەندین هۆکار و لەوانە داڕشتن و جێبەجێکردنی ئوپراسیونی “تیرۆر”ی قاسم سڵێمانی و هاوڕێکانی، ڕێکخستنی گرووپە “تیرۆریستییەکان” و پشتیوانیکردن لە کردەوە “تیرۆریستییەکانیان” لە دژی کۆماری ئیسلامی، هەوڵدان بۆ ڕێکخستن و یارمەتیداندان و پێدانی چەک و ڕاهێنانی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچە، پشتیوانی هەمە لایەنە لە ئیسرائیل بە مەبەستی سەرکوتکردنی نەتەوەی فەلەستین و تیرۆرکردنی زانای ئێرانی موحسین فەخری زادە، داسەپاندنی گەمارۆی ستەمکارانە و نایاسایی و یەکلایەنە لە دژی ئێران و قەدەغەکردنی هەناردەکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ ئێران، پشتیوانیکردن لە حکومەتە دیکتاتۆرەکانی ناوچە و پشتیوانی لە جینایەت لە دژی مرۆڤایەتی و جینایەتی جەنگی ئەو حکومەتانە لە یەمەن و هەروەها بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ گرووپە نەیارەکانی ئێران و یارمەتیدانیان کەوتوونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

خەتیب زادە گوتیشی”کۆماری ئیسلامی وەبیر دەهێنێتەوە کە بە پێی بنەماکانی یاسای نێو دەوڵەتی، داسەپاندنی هەر جۆرە گەمارۆیەکی یەکلایەنە بە واتای پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێو دەوڵەتییە کە لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەنگیان داوەتەوە. بەو پێیە کۆماری ئیسلامی، بە مافی خۆی دەزانێ لە بەرانبەر کردەوە ناڕەواکانی ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا هەڵوێست بگرێ. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەم زووانە وەزارەتی دەرەوە ڕاپۆرتێکی ورد سەبارەت بە تاوانەکانی ئەو بەرپرسە ئەمریکیانە بڵاو دەکاتەوە”.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین