پارێزگای هەولێر کۆمەڵێک بڕیاری لە بارەی نرخی بەنزین و سوتەمەنی دا کوردستانی

نوچەنێت

شەش بەنزینخانە لە شاری هەولێر تایبەت دەکرێن بە دابەشکردنی بەنزین بۆ تاکسی و بەنزینخانەیەک بۆ پاسەکان. میکانیزمی دابەشکردنەکە بەپێی تاک و جوتی ژمارەی ئۆتۆمبیلەکان دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە(16/ئازار/2022 ) ژووری ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی نرخ لە سنوری پارێزگای هەولێر یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر-رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکیان داوە کە بۆ ماوەی مانگێک وەک ئەزمون کاریان پێدەکرێت. 

ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: 14 بەنزینخانەیان بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت و تاکسی و پاسەکان تەرخانکردووە، کە رۆژانە بەنزین دابەش دەکەن. رۆژێک بەنزین دەدەنە ئۆتۆمبێلی تابلۆ ژمارە تاک و رۆژێکیش بۆ تابلۆ ژمارە جوت، ئەم پرۆسەیە بۆ ماوەی مانگێک ئەزمونی دەبێت. 

پارێزگاری هەولێر لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین گوتی: یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخ، جیهانییە. بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی هەمانە لە سنوری پارێزگای هەولێر بە هیچ جۆرێک رێگە بە قۆرخکاری نادەین و رێکارەکان تووندتر و بەردەوامتر دەبن بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ لە بازاڕ، بەڵام ئەو پێداویستیانەی لە رووی جیهانیەوە نرخەکانیان بەرزبووەتەوە ئێمە ناتوانین رێگری لێبکەین. بەهۆی ئەوەی لە بەهار و نەورۆز، هەروەها لە مانگی رەمەزانیش نزیک دەبینەوە، بەهۆی زۆریی خواست لەسەر کاڵاکان نرخەکان بەرزتر دەبنەوە، بۆیە ئەگەر رێگری نەکرێت قۆرخکاری دروست دەبێت، بۆیە تیمەکانی قائیمقامیەت و پۆلیسی شارەوانی و چاودێریی بازرگانی بەردەوام تیمەکانیان لەناو بازاڕدا دەبن.

1. ژووری ئۆپەراسیۆن، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی راسپارد، لەوەی هەر بەنزینخانەیەک ببێتە هۆکاری قەرەباڵخی دروستکردن لە شوێنە گشتییەکان و رێگە سەرەکییەکان، رێگەیان پێنەدرێت، ئەو بەنزینەی کە پێیدەگوترێت پاڵپشتیکراو، ئەوانەی لێبێت دەبێتە بارقورسی لەسەر خەڵک و دیراسەکردنی ئەو شوێنانە و ئەو بەنزینخانانەی کە قەرەباڵخی لێ دروست دەبێت.

2. لە 24ی مانگەوە کار بە ژمارەی تاک و جووتی ئۆتۆمبێلی تایبەت دەکرێت، واتە رۆژێک ژمارەی ئۆتۆمبێلی تاک و رۆژێک ژمارەی ئۆتۆمبێلی جووت بەنزینی پێدەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش 7 بەنزینخانە تەرخان دەکرێن. هەروەها 6 بەنزینخانەش بۆ تاکسی تەرخان دەکرێت، ئەوانیش بە تاک و جووت بەنزینیان پێدەدرێت. لەگەڵ دیاریکردنی بەنزینخانەیەک بۆ پاس و ئۆتۆمبێلەکانی هۆیەکانی گواستنەوە، ئەویش بەهەمانشێوەیە بە تاک و جووت دەبێت.

3. کردنەوەی بازگەکانی شاری هەولێر بە رووی هەموو ئەو بازرگانانەی کە بازرگانیی سووتەمەنی دەکەن، لە چوارچێوەی رێنوێنییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان.

4. تایبەت بە نرخی نان و سەموون، نرخی 8 سەمون بە یەک هەزار دینار دەبێت، 4 نانی دەبڵ بە یەک هەزار دینار دەبێت، 8 نانی بچووکیش بە یەک هەزار دینار دەبێت. هەوڵەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن و پارێزگا بەردەوام دەبن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە پێناو دابینکردنی بڕی پێویست و پێداویستیی سووتەمەنی بۆ نانەواخانەکان و سەمونخانەکان. هەروەها لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی بۆ دابینکردنی بڕی پێویستی ئارد. هەروەها دابەزاندنی 20٪ی نرخی کارەبا بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان بەردەوام دەبێت.

5.  بە بەردەوامی تیمەکانی پۆلیسی شارەوانی و قایمقامیەت و چاودێریی بازرگانی بۆ چاودێریکردن و تەواو دەسەڵاتدان پێیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی بازاڕ لە قەزای ناوەند و تەواوی قەزا و ناحیەکان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین