ئیدارەی بایدن لەبەردەم ئاڵنگاریەکانی نرخی بەنزین شیکاری ئابوری

نوچەنێت

بەرزبوونەوەی نرخەکانی بەنزین و هەڵكشانی ئاستی هەڵئاوسان لە بازارەکانی ئەمریکا، بۆتە هۆی ناچارکردنی ئیدارەی جۆ بایدن بۆ دەرکردنی چەند بڕیارێکی لەناکاو، لەوانە بەکاربردنی نەوتی یەدەگی ستراتیژی و ئاراستەکردنی داواکاری بۆ وڵاتانی، چین، هیندستان و یابان، لە پێناو فشار دروستکردن لەسەر ئۆپێک پلەس،بەڵام ئەم داواکاریەی بایدنیش ڕەتکرانەوە و پێشبینی دەکرێت مانەوەی نرخەکانی بەنزین بە بەرزی کاریگەری لەسەر جەماوەری بایدن لە نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە 2022 دروست بکات

بەردەوامی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و لەگەڵیدا هەڵكشانی نرخی بەنزین، ئاستنەگی زۆری بۆ ئیدارەی بایدن دروستکردووە، تا ئاستێک، چارەسەرە چاوەڕوانکراوەکانی بایدن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی نرخی وزە، بۆتە باس و خواستی گەرمی ئاژانسە و ناوەندە جیهانیەکان، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵە جودایەکان دەربارەی بەکاربردنی نەوتی یەدەگی ستراتیژی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوو و هەروەها ئێستاش داواکاریەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە چین، هیندستان و یابان بۆ بەکاربردنی نەوتی یەدەگی ستراتیژی. 

هەموو ئەو قەیرانانەی بەرۆکی بایدنیان گرتووە پێشبینی دەکرێت لێکەوتەی نەرێنی بۆسەر هەژموون و ناوبانگی سەرۆکی ئەمریکا لە 2022 و پرۆسەی نوێکردنەوەی هەڵبژاردنی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوودا دروست بکەن، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە بازارەکانی ئەمریکا، هاوتایە لەگەڵ زێدەبوونی ڕێژەی هەڵئاوسان بە ئاستێکی بەرچاوو و گرانبوونی زیاتری نرخی کاڵا.

بواژنەوەی ئابووری دوای لێکەوتەکانی کۆرۆنا، و ڕەتکردنەوەی داواکاریەکانی بایدن لە ئۆپێک پلەس و زیاد نەکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، بوونە هۆی ناچارکردنی بایدن بە دروستکردنی فشاری زیاتر بۆسەر کۆمپانییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و تاوانبارکردنیان بە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی وزە، بەڵام شرۆڤەکاران و بەرپرسانی سەرەکی وزە بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  پێشنیازەکان و هەنگاوەکانی بایدن بۆ نزمکردنەوەی نرخی بەنزین، بە بێ بنەما و نا لۆژیک پێناس دەکەن و هاوکات  چارەسەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەکاربردنی یەدەگی ستراتیژی نەوتی ئەمریکا و وڵاتانی بەکاربەر، شرۆڤەی جودای بۆ دەکرێت، بەڵام بەشێک لە ناوەندەکانی شیکاری و چاودێری بازارەکانی وزە رایانوایە، بایدن دەیەوێت پەیامێک ئاراستەی ئۆپێک پلەس و ڕووسیا بکات.

هۆشداری و پەیامی بایدن بۆ ئۆپێک پلەس

لە دوای کۆبوونەوەکانی ئۆپێک پلەس و بریاری جێگیرکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بە 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، بەشێوەیەکی بەردەوام، ئیدارەی بایدن داواکاری ئاراستەی  ئۆپثیک پلەس و وڵاتانی کەنداو و رووسیا کردووە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، لێ لەبەرامبەردا، پوتین چەندینجار وەڵامی بایدنی دایەوە و وتی"" ئەگەر وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت و گاز نەکەین، ئەوا رووبەرووی قەیرانێکی سەخت دەبینەوە"

هەروەها وتیشی" ڕۆژێک دێت خواستی سەر نەوت زیاد دەبێت، بەڵام ئەو کات نەوت بوونی نابێت".

لەبارەی بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس، بەرپرسانی رووسیا  ئاشکرایان  کرد" بڕیارەکانی ئۆپێک پلەس لە قازانجی بازارەکانی وزەن".

هەروەها وەزیری وزەی سعوودیە بۆ بایدن"پرسی ئێستای بازارەکانی نەوت، پرسی کەمی یان کورتهێنانی نەوت نیە لەبازارەکاندا، ئەگەر هاتوو نەوتمان زیاد کرد، کوا پاڵاوگە بۆ ئەوەی ئەو نەوتە بگۆڕێت؟".

سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی ئەو قەیرانەی بازارەکانی نەوت و وزە، وەزیری وزەی سعوودیە رەخنەی توندی ئاراستەی  حکوومەت و کۆمپانیاکانی بواری نەوت کردو دووپاتیکردەوە، نەبوونی پلانی سەرکەوتوو بۆ پارێزگاریکردن لە کۆگایەکانی نەوت و شکستهێنانی پێشبینیەکان بۆ بواژنەوەی تەواوەتی بازارەکان دوای پەتای کۆرۆنا، بازارەکانی نەوتی بەم ڕۆژەی ئێستا گەیاند.

لەهەمانکاتدا وەزیری وزەی ئیمارات وتی"ئیمارات توانای بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتری هەیەوە و خاوەن ئاستی زیادەی بەرهەمهێنانە لە نەوت، بەڵام نامانەوێت دژی بڕیارەکانی ئەندامان هەنگاو بنێن".

مەزروعی وتی" ئەگەر میکانزمی کارکردن بۆ پرۆژەکان وەبەرهێنانی نەوتی زیاتر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا بازارەکانی نەوت هاوشێوەی بازارەکانی گازی سروشتی توشی کورتهێنان دەبن و نرخی نەوت بەرزتر دەبێتەوە".

وەزیری وزەی عەمانیش هۆشداری داو وتی" بارودۆخی پیشەسازی نەوت بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، نرخی بەرمیلێک نەوت دەگات بە 200 دۆلار".

هەروەها وتیشی “ئەگەر کاری وەبەرهێنانی تازە لە بەرهەمهێنانی وزەی کاربۆنی نەوت وگاز نەکرێت، نرخەکانی نەوت زیاتر بەرز دەبنەوە”.

بە لێکدانەوە بۆ پەیامی وڵاتانی بەرهەمهێنی سەرەکی نەوت و ئەندام لە ئۆپێک پلەس، شرۆڤەکارانی بواری وزە،  بڕیاری جۆ بایدن بۆ بەکاربردنی یەدەگی نەوتی ستراتیژی و هاوکات داواکری بایدن لە چین، یابان و هیندستان بۆ بەکاربردنی نەوتی یەدەگی ستراتیژی بە پەیاـیکی بایدن بۆ ئۆپێک پلەس پێناس دەکەن، لەو بارەیەوە ئاژانسی THE HIL لە ڕاپۆرتێکیدا ئەو هەنگاوەی بایدن بە فشار و پەیامی بایدن بۆسەر ولاتانی ئۆپێک پلەس ناودە‌هێنیت و دەڵێت" مەبەستی بایدن لەو پەیامە، ئاگادارکردنەوەی ڕووسیا وئۆپێک پلەسە، بۆ گۆرینی سیاسەتەکانیان لە بازارەکانی وزەدا".بەڵام  پێشنایری بایدن بۆ بەکاربردنی یەدەگی نەوتی ستراتیژی ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە، بە تایبەت لە لایان ئاژانسی وزەی جیهانی، ئەمەیش پێوستە بە ئامانجی و هەڵبژاردنی کاتی گونجاو بۆ بەکاربردنی ئەو کارتەی سەرۆکی ئەمریکا

یەدەگی نەوتی ستراتیژی چیە؟

یەدەگی نەوتی ستراتیژی بریتیە لە عـەبارکردنی بڕێکی زۆری نەوت و پێکهایە نەوتیەکان، ئەو نەوتە لە لایەن وڵاتان عەمبار دەکرێت و لەکاتی تەنگانە و قەیارنی نەوت بەکار دەبرێت. زۆربەی زۆری ئەو وڵاتانەی خاوەم یەدەگی نەوتی ستراتیژین ئەندامی هەمیشەی ئاژانسی وزەی جیهانین، بەڵان سعوودیە وچینیش یەکێکن لە وڵاتانەی خاوەن ڕێژەییەکی زۆری یەدەگی ستراتیژین و بەم دوایانەش وڵاتی هیندستانیش بووە خاوەن یەدەگی نەوتی ستراتیژی.

مێژووی وڵاتانی خاوەن ئەو یەدەگە ، خاوەن تۆماری جودایە، بەڵام ئەمریکا لە ساڵانی 1944 هەوڵیداوە بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەنی نەوتی یەدەگی ستراتیژی ، بەڵام لەساڵی 1977 دوای قەیرانەکانی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو خەونەی هاتە دی، لەو کاتەیەوە ئەمریکا نەوت هاوردە دەکات و عەمباری دەکات، هەروەها  سەرکردەکانی ئەمریکا لە کات و ساتی جودا نەوتی یەدەگی ستراتیژیان بەکار بردووە لەوانە ، ئیدارەکانی کیلنتۆن، بۆش، ئۆباما و ترەمپ. ئامانجیان لەو هەنگاوە، کەمکردنەوەی کورتهێنانی بوودجەی ئەمریکا بووە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز لە سەردەمی ئیدارەی بایدن بارودۆخەکەی قورستر کردووە.

کاردانەوە جیهانیەکان بۆ داواکاری بایدن

یەدەگی نەوتی ستراتیژی ئەمریکا، بە یەکێک لە بەهێزترین  کەرەستەکانی بەردەم دەستەڵاتەکانی بایدن دادەنرێت بۆ بەکاربردنی لە کاتی دروستبوونی قەیرانی ئاسایشی وزەی ئەمریکا و بازارەکانی وزە، و پێکهاتووە لە  کۆگایەکی زلهێزی نەوتی خام بە بڕی زیاتر لە 600 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ناوچەکانی لویزیانا و تەکساس بۆ بەکاربردنی لە حالەتی لەناکاو، هاوکات مەزندە کراوە، ئەمریکا دەتوانێت یەدەگی نەوتی ستراتیژی خۆی بۆ ماوەی ساڵێک بەکار ببات، ئەگەر ئەندامانی ئۆپێک پلەس نەوت نەخەنە بازاڕەکانی وزەوە.

مێژووی بەکاربردنی نەوتی یەدەگی ستراتیژی ئەمریکا و بڕیاری سەرۆکەکانی ئەمریکا، پێوەستە بە چەند قەیرانێكی جیهانی کە بوونە هۆی ئەوەی سەرۆکەکانی ئەمریکا لە کاتی جودا، کار بۆ بەکاربردنی نەوتی یەدەگی ستراتیژی وڵاتەکەیان ببەن. ئەوانیش:

جەنگی دووەمی کەنداو لە ساڵی 1991

دوای ڕووداوەکانی جەنگی دووەمی کەنداو و دروستبوونی مەترسی لەسەر ڕێژەی هەناردەکردن بۆ بازارەکان، و کەمبوونەوەی رێژەی هەناردەکردنی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  ئەمریکا پەنای بردە بەر بەکاربردنی یەدەگی ستراتیژی نەوتی ئەمریکا، لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی وزەی ئەمریکا.

باهۆزەکانی کاترینا و ڕیتای دەریای ئەمریکا 

لە ساڵی 2005 بەهۆی باهۆز و زریانەکانی دەریای ئەمریکا، ناسراو بە کاترینا و ریتا، بوونە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر دابینکردنی نەوتی بازارەکانی ئەمریکا، ئەمەیش سەرۆکی ئەمریکای ناچار کرد، نەوتی یەدەگی سترتیژی بەکار ببات.

شۆرشی لیبیا لە 2011

ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی شۆرشی لیبیا، دژی موعەمەر قەزافی لە ساڵی 2011، بووە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ناوچەکە بۆ بازارەکان، ئەمەیش بووە هۆی بەکاربردنی نەوتی ستراتیژی ئەمریکا و یەدەگی عەمبارکراو.

کۆرۆنا بووە هۆی دروستکردنی کێڕڤی پێچەوانە بۆسەر بازارەکانی وزە، بە تایبەت دوای ئەو گەشە خێرایەی لە خواستی بازارەکان بۆسەر نەوت دروستبووە و لە بەرامبەردا، ئۆپێک پلسە ڕازی نییە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات، بیانووی سەرەکیش لەو پێداگیریەی ئەندامانی ئۆپێک پلەس، مانەوەی لێکەوتەکانی کۆرۆنایە بۆسەر ئاستی خواست و پێشبینی دەکەن تا کۆتایی 2021، خواستی سەر نەوت کەمببێتەوە.

بەڵام شرۆڤەی جودا بۆ بڕیاری بایدن لە بەکاربردنی نەوتی یەدەگی ستراتیژی دەکرێت، لەو بارەیەوە ئەمریتا سین گەورە ڕاوێژکاری  کۆمپانیای ئێرنجی ئێسپێکتس،  “ ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی جۆ بایدنە، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر بەکاربردنی نەوتی یەدەگی ستراتیژی ئەمریکا بدات”

هەروەها وتیشی" نرخەکانی نەوت لە نێوان ماوەی بریارەکانی ئۆپێک پلەس و کاردانەوەکانی جۆ بایدن، تەنیا  دۆلار جیاوازیان بۆ دروست بووە، بۆیە پێشبینی ناکەم ، بایدن دەست بۆ ئەو بڕیارە ببات".

ئیدارەی جۆ بایدن جەماوەری خۆی لەدەست دەدات؟

بێجگە لە بەربوونەوەی نرخی نەوت و گاز، نرخەکانی بەنزین بەردەوامن لە بەرزبوونەوە و لە هەفتەکانی ڕابردوودا گەیشتوون بە 3.41 دۆلار بۆ هەر لیترێک، ئەمەیش بە واتای بەرزبوونەوە دێت بە ڕێژەی ٪60، بۆیە ڕاوژێکارانی بایدن داوا دەکەن، سەرۆکی ئەمریکا هەنگاوی جدی بنێت لە پێناو کەمکردنەوەی نارەزایەتیەکانی شەقام پێش دەستپێکردنی نوێکردنەوەی هەڵبژاردنی ئەمریکا لە 2022ـــدا، بە تایبەت کە ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئاستێکی بەرزدایە، بۆیە جۆ بایدن داوای لە وڵاتانی بەکاربەری نەوت کرد، یەدەگی نەوتی ستراتیژی بەکار ببەن، بەڵام لە بەرامبەردا، ئاژانسی وزەی جیهانی و وڵاتانی بەکار بەر بەم شێوەیە وەڵامی بایدنیان دایەوە:

ئاژانسی وزەی جیهانی بۆ بایدن" خواستی سەر نەوت کەمتر دەبێتەوەو زیاد کردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، بازارەکانی وزە تووشی گرفت دەکات، بۆیە پێویست ناکات یەدەگی نەوتی ستراتیژی بەکار ببەن، چونکە گرفتی  کورتهێنان لە نەوت بوونی نیە"

وەڵامی چین بۆ داواکاری ئەمریکا"ئاگاداری داواکاری ئەمریکا بۆ بەکاربردنی نەوتی یەدەگی ستراتیژی نین".

هەرچەندە چین داواکاریەکەی ئەمریکای رەتکردەوە، بەڵام نوسینگەی نەوتی ستراتیژی چین دووپاتیکردەوە، کە لە ئێستادا نەوتی یەدەگی ستراتیژی بەکار دەبەین و لە ماوەی داهاتوودا، داتا و زانیاری لەبارەی ڕێژەی بەکاربردن بڵاو دەکەینەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی  رابردوودا، چین ئاشکرای کرد، کە لە پێناو نزمکردنەوەی نرخی بەنزین ، دەستمان بۆ بەکاربردنی نەوتی ستراتیژی بردووە.

کۆریای باشوور بەم شێوەیە وەڵامی داواکاری بایدنی دایەوە" داواکاریەکەی سەرۆکی ئەمریکامان بەدەست گەیشتووە، بەڵام ئێمە بە پێویستی نازانین نەوتی یەدەگی ستراتیژی بەکارببەین تەنیا لەبەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، بەڵکو ئێمە ئەو کاتە یەدەگی ستراتیژی بەکار دەبیەن، کاتێک تووشی قەیران دەبین و ناهاوسەنگی لە خواست خستنەڕوو دروست دەبێت".

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم شیکاریە، هەریەکە لە یابان و هیندستان، داواکاریەکەی سەرۆکی ئەمریکایان دووپاتنەکردۆتەوە و وەلامی فەرمیان نەداوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەمریکا نرخی بەنزینی بەرزبۆتەوە کەچی داوای زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات، بەشێک لە شرۆڤەکاران، ئێران بە چەقی ئەو مەترسیانەی سەرۆکی ئەمریکا دادەنێن، بە تایبەت لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران و زیادکردنی مەترسیەکانی سەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و لەدەستدانی جەماوەری ئەمریکا لە تازەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2022، بۆ زانینی ئاستی جەماوەری حزبی دیموکراتەکان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین