قەیرانەكانی ئۆكراینا ئەوروپا ناچار دەكات لە توركيا نزيك بێتەوە شیکاری

نوچەنێت:

لەسەرەتاى ئەو هەفتەیە ئۆلاڤ شۆڵتز، راوێژكارى ئەڵمانيا بە سەردانێكى فەرمى گەيشتە ئەنقەرە، پێش ئەو سەردانەش كيرياكۆس ميتسۆتاكيس، سەرۆك وەزيرانى يۆنان سەردانى توركياى كرد و لەگەڵ رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا كۆبوونەوە.

دواى سەردانەكەی بۆ توركیا راوێژكارى ئەڵمانيا رايگەياند، "داخستنى گەرووەكان بەرووى كەشتييە جەنگييەكانی رووسیا بەگوێرەى رێككەوتنى مۆنترۆ پاڵپشتييەكى گرنگ بوو، ئەوە وایكرد قەرزارى توركيا بن، بۆیە دەبێت لەسەر ئەو هەنگاوەی سوپاسى ئەنقەر بكەن."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئۆلاڤ ئاماژەی بەوە كرد، "لەسەر يەكێتى ئەوروپا و توركيا جەخت لەسەر پلانى داهاتوو دەكەينەوە، لەسەر ئاستى باڵاش گفتوگۆكان لەنێوان توركيا و يەكێتى ئەوروپا دەست پێدەكەينەوە، دانووستاندنەكانيش لەسەر يەكێتى گومرگى بەردەوام دەبێت، لەپاڵ ئەوەشدا هاوكارى نێوان توركيا و يەكێتى ئەوروپا بۆ رێگرى لە كۆچ و پەنابەران زۆر گرنگە."

لە لايەكى ترەوە ئەردۆغان رايگەياند، "هيوادارم ئەڵمانيا كە يەكێكە لە وڵاتە گرنگەكانى يەكێتى ئەوروپا پارێزگارى لە هەڵوێستى خۆى بەرانبەر پەيوەندييەكانى يەكێتى ئەوروپا و توركيا بكات، ئەم رووداوانەى ئەم دواييەش دەریخست توركيا لە زۆر بواردا رۆڵى سەرەكى هەيە، بەتايبەتيش بوارى وزە و ئاسايش."

ئەوروپا ناتوانێت توركيا پشتگوێ بخات

بوڕهانەدين دەوران، رايگەياند، "سەردانە چڕەكانى بەرپرسانى يەكێتى ئەوروپا بۆ توركيا دوو هۆكارى لەپشتە، يەكەم رۆڵى يەكلاكەرەوە و ديپلۆماسى توركيا بەرانبەر قەيرانى ئۆكراينا، دووەم سياسەتى ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى توركيا لەگەڵ ئيمارات و ئيسرائيل و يۆنان."

لە بەشێكى ترى قسەكان دەروان ئاماژەى بەوە كرد، "هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا نموونەيەكى روونی ململانێى نێوان زلهێزەكانە و كاريگەرى گەورەى لەسەر داهاتوو هەيە، دوورخستنەوەى رووسيا لە ئەمەريكا و بەريتانيا و يەكێتى ئەوروپا، ململانێى هێزە گەورە و كاريگەرييەكانى دەرخست، بۆيە ئەو دوورخستنەوەيە راچڵەكینێكی زۆر گەورەيە، هەموو وڵاتانى جيهانى تووشى دڵەڕاوكێ كردووە، ئەگەر لەم شەڕە رووسيا سەركەوێت، ياخود يەكێتى ئەوروپا، ئەمجارە سيستەمى نێودەوڵەتى ئاڵۆزییەكانی زیاتر دەبێت."

ئەگەر رووسيا سەركەوت، فشاری زیاتر دەخاتەسەر ئاسياى ناوەڕاست و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و قەوقاز و ئەوروپاى رۆژهەڵات و وڵاتانى بەڵتيق.

ئەگەر وڵاتانى هاوپەيمانى رووسيايان ناچار كرد پاشەكشە بكات، ئەمەريكا لە ئايندە ئەو سەركەوتنە بۆ ململانێ لەگەڵ چين بەكار دەهێنێت، بەگوێرەى قسەكانى بوڕهانەدين سەركردەكانى ئەوروپا هەستيان بەوە كردووە، گۆڕانكارى جيۆسياسى ئاڕاستەكەى بەرەو رووبەڕێكى نوێى ستراتيژييە بەتايبەت لە بوارى سەربازى و مەوادى خام وزە و خۆراك. 

لە بەشێكى قسەكانى دەوران دەڵێت، "رۆژئاوا تێگەيشتووە ناتوانێت رۆڵی توركيا پشتگوێ بخات، بەتايبەت بۆى دەركەوتووە،  رۆڵى ئەنقرە لە قەيرانەكانى سووريا و عێراق و ليبيا گرنگە.

هەرچەندە ئيمانوێڵ ماكڕۆن، سەرۆكى فەڕەنسا چەند هەولێكى دا، بەڵام هەوڵكەكانى دەريخست ناتوانێت كێشەكانى ئەوروپا چارەسەر بكات، بۆيە دياريكردنى شۆڵتز بۆ پڕكردنەوەى ئەو بۆشايە لە سياسەتى ئەوروپا هەنگاوێكى نوێيە.

جيابوونەوەى رووسيا لە رۆژئاوا كاريگەرى زیاتری لەسەر ئەڵمانيا دەبێت، چونكە ئاڵمانيا لە (49%) گازى سروشتى لە رووسيا دەكڕێت، بۆيە پێويستى زیاتری بە هاوكارى توركيايە، بۆ دۆزينەوەى جێگرەوەى گازى رووسى، رۆژهەڵاتى ناوەڕاستيش بۆتە چەقى بايەخدانى هاوپەيمانە گۆڕاوەكان، بەهۆی هەبوونی گازێكی زۆر.

رووسيا و بەريتانيا و توركيا رۆڵى سەرەكى لە ئايندەى بنیاتنانەوەی ئەوروپا دەبينن، بەڵام كاتێك رووسيا هێرشى بۆسەر ئۆكراينا دەستپێكرد، رووسيا بووە دوژمنى ئەوروپا، سزا ئابوورى و كولتوورييەكان ئاماژەیە کەرووسيا بۆ ماوەيەكى زۆر درێژ لە ئەوروپا دوور دەكەوێتەوە، بەريتانيا رۆڵى سەرەكى لە گۆشەگيركردنى رووسیا دەبینێت، دەبێتە لايەنێكى سەرەكى لە پارێزگارى ژێرخانى ئەمەنى، بەڵام ئەڵمانيا نايەوێت سياسەت و ئاسايشى ئەوروپا بۆ بەريتانيا يان فەڕەنسا جێبهێڵێت.

ئەڵمانيا بڕيارى داوە، بوودجەى سەربازى لە (2%) زياد بكات، ئەو بڕيارەش بۆ ئەو دۆخەى ئێستا لە دواى شەڕى دووەمى جيهانى زۆر گرنگە، ئەڵمانيا پێیوايە ئەو خواستەى ئەمەريكا وادەكات ئاسايشى ئەوروپا زياتر بكەوێتە ژێر كاريگەرى ئەڵمانيا، قەيرانى ئۆكرايناش دەريخست، پشتگوێستنى توركيا قەيرانى نوێ دروست دەكات، بۆيە راوێژكارى تازەى ئەڵمانيا بڕيارەكانى لە پێناو ئايندەى يەكێتى ئەوروپا زۆر بوێرانەيە .

رۆڵى توركيا لە ئاسايشى وزە و بەرگریى ئەوروپا

ئيسماعيل شاهين، نووسەرى تورك رايگەياند، "گۆڕانكارى خێرا لە جيۆسياسى رۆڵى توركياى لە بوارى ئاسايشى وزە و بەرگرى بۆ ئەوروپا دەرخستووە، وڵاتانى رۆژئاوا لەبرى زمانى ئايدۆلۆژى و جيۆسياسى دژ بە ئەوروپا كە لە ساڵانى رابردوو بەكاريان دەهێنا، ئێستا زمانى ستايش بەكار دەهێنن."

لەبەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كردەوە، "مۆسكۆ هێزى سەربازی بۆ چارەسەرى كێشەكان بەكارهێنا، دەرگاى لەسەر گفتوگۆ نەرێنييەكانی لەسەر ئەو وڵاتانەىپ شت بەگاز و نەوتى رووسى دەبەستن كردەوە، كە پێويستە ئەوروپا لە نزيكترين كات جێگەى گاز و نەوتى رووسى پڕبكاتەوە، بەوەش توركيا لە چوارچێوەى گەڕانى ئەوروپا بايەخى تايبەتى دەبێت."

ئەوروپا زۆر باش دەزانێت توركيا گونجاوترين رێگەيە بۆ گەيشتن بە سەرچاوەكانى وەزە لە دەرياى قەزوين و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەرياى ناوەڕاست، ئەوە جگە لە بايەخى ئاسايشى وەز و ديپلۆماسيەتى ئەوروپا."

لەگەڵ هەنگاوە بەهێزەكانى توركيا لە بوارى پيشەسازى سەربازى، رۆڵى ئەو وڵاتە لە پارێزگاریكردن لە سيستەمى ئەوروپا دەردەكەوێت.

ئاسايشى ئەوروپا

 تەها كوسە، نووسەرى تورك رايگەياند، "هێرشى رووسيا بۆ ئۆكراينا بايەخى توركياى بۆ ئاسايشى ئەوروپا دەرخست، ئەوەش لەكاتێدايە توركيا خاوەنى درێژترين كەنارە لەسەر دەرياى ڕەش، لە هەمانكاتيش لە رێكخراوی ناتۆ بايەخێكى زۆرى هەيە، وڵاتانى وەك پۆڵندا و رۆمانيا و كۆمارەكانى بەڵتيق پەيوەنديان لەگەڵ توركيا زۆر بە شێوەیەكی ئەرێنى قووڵبۆتەوە، ئەو وڵاتانە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە توركيا دەتوانێت رۆڵى گرنگ لە ئاسايشى ئەوروپا ببينێت، بەڵام گروپى دژ بە توركيا لەناو يەكێتى ئەوروپا كێشە بۆ توركيا دروستدەكەن."

پرسەكانى وەك ئاسايشى خۆراك و وزە، لەو پرسانەن توركيا دەتوانێت هاوكارى گەورەى ئەوروپا بكات، بەتايبەت قەيرانى ئۆكراينا دەریخست، توركيا دەتوانێت بۆ هاوردەكردنى خۆراك رۆڵى گەورە ببينێت، لەرووى كشتوكاڵەوە توركيا لەسەر ئاستى جيهان لە پلەى (11) دايە، لەسەر ئاستى ئەوروپا لە پلەی سێيەم دایە، لەرووى وزەوە سەرچاوەى وەزى سروشتى و نەوت و گازى سروشتييە.

دواى قەيرانى ئۆكراينا، رەوانەكردنى گازى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ ئەوروپا توركیا بايەخێكى گەورەى دەبێت، چونكە دەبێتە خاڵی تێپەڕێنى ئەو گازەيە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین