په‌رله‌مانى عێراق له‌ بانگهێشتكردنى باڵیۆزى ئێران پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان
حاكم زاملى جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ دوێنى رایگه‌یاند بوو، ئیره‌ج مه‌سجدى باڵیۆزى ئێران له‌ عێراق له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر بانگهێشتى په‌رله‌مان ده‌كرێت، ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكى تردا ده‌ڵێ، "وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران یان بریكارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى بانگهێشت ده‌كه‌ین".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ى ئادارى 2022 رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی به‌دواداچوونى په‌رله‌مان تاوتوێى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێریان كرد، كه‌ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو 13ى ئادار له‌لایه‌ن سوپاى پاسدارانى ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام درا.

ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى ئاژانسى هه‌واڵى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، حاكم زاملى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ و جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق سوپاسى رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ده‌كات بۆ ئاماده‌بوونى له‌ په‌رله‌مانى عێراق. سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌بوونى ئیره‌ج مه‌سجدیش كه‌ دوێنێ له‌ لێدوانێكدا باسى ئاماده‌بوونى كرد بوو، ئه‌مڕۆ حاكم زاملى باسى ئه‌و به‌رپرسه‌ ناكات و به‌ڵكو ده‌ڵێ، "ده‌بێت وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران یان بریكارى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ میواندارى بكرێت".

زاملى له‌ به‌شێكى ترى لێدوانه‌كه‌ى باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌روه‌ریى عێراق هێڵى سووره‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌وان وه‌ك لیژنه‌ى به‌دواداچوون كه‌ سه‌ردانى هه‌ولێریان كردبوو، راپۆرتیان ئاماده‌كردووه‌ و پێشكه‌شى په‌رله‌مانى ده‌كه‌ن.

له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى حاكم زاملى باسى له‌وه‌ كرد هاوپه‌یمانى چوارقۆڵى له‌نێوان عێراق و سووریا و ئێران و رووسیا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان زانیارییه‌كیان له‌سه‌ر بوونى بێگانه‌ هه‌یه‌ "وه‌ك ئێران باسى ده‌كات" ئه‌وا ده‌بێت بیخه‌نه‌ڕوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین