پارتە ئۆپۆزسيۆنەكانى توركيا لە سەر كانديدى سەرۆكايەتى ناكۆكن شیکاری

نوچەنێت:

پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكانى توركيا، تا ئێستا لەسەر دياريكردنى كەسێك بۆ كانديدى سەرۆكايەتى بۆ هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوو ناكۆكن.

چاودێرانى سياسى ئاماژە بەوە دەكەن، ناكۆكييەكانى نێوان سەركردەكانى ئۆپۆزسيۆن گەيشتۆتە لووتكە، بەتاييەت دواى ئەوەى ميراڵ ئەكشنار، سەرۆكى پارتى چاكە رايگەياند، "كەمال كليچدار ئۆغلۆ، سەرۆكى پارتى گەلى كۆمارى نابێت كانديدى هێزە ئۆپۆزيسيۆنەكان، بەڵكو كەسێك بۆ هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى دياريدەكەم هيچ كەس لە راگەياندنەكان ناوى نەبيستووە." بەو لێدوانەى جەختى لەسەر پاڵپشتيكردنى سەرۆكى جەهەپە رەتكردووە. 

ناكۆكى لە مێژينە

دەربارەى ئەو لێدوانانەى ئەكشنار، محەمەد ئاجاد، نووسەرى تورك رايگەياند، "لێدوانەكانى سەرۆكى پارتى چاكە سەبارەت بە كانديدى ئۆپۆزيسيۆن بۆ سەرۆكايەتى توركيا، ئاماژەيە بۆ دابەشبوونێكى فراوان لە نێوان ئەو پارتانە لەسەر كانديدێك بۆ هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوو، ئەو كەسانەى چاودێرى دۆخى توركيا بكەن زۆرباش دەزانن ئەو لێدوانانە نوێ نين، چونكە پێشترين ميراڵ چەندين جار ئاماژەى بەوە كردووە، بۆ كانديدى سەرۆكايەتى كليچدار بە باش نازانم."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاجاد ئاشكراى كرد، "بەگوێرەى هەندێك سەرچاوەى ئاگادار  پارتى چاكە دەيەوێت كانديدەكە لە جەهەپە نەبێت، لێدوانەكانى ميڕال ئەشكناريش بۆ ئەوە بوو وەك كارتێكى فشار لە ململانێى جەهەپە بەكارى بهێنێت، چونكە پێشتر سەرۆكى جەهەپە چەندين جار ئاماژەى بە خۆ كانديدكردنى بۆ پۆستى سەرۆكايەتى كردووە، بەڵام پارتى چاكە بەو لێدوانانەى ئامانجى گەورەترى هەيە."

هەربۆيەش ئەو لێدوانانەى ئەم دوايەى ميراڵ ئەكشنار بووە هۆى تووڕەكردنى لايەنگارى جەهەپە، كە كليچدار ئۆغلۆ پلانى خۆكانديدكردنى هەيە. 

ئاجاد ئەوەشى ئاشكراكرد، "كە لە كۆتايى دياريكردنى كانديدى سەرۆكايەتى بە دەستى پارتە سەرەكييەكان نابێت، بەڵكو وڵاتانى دەرەكى كە پاڵپشتيان دەكەن."

دابەشبوونى ناوخۆيى

ئيحسان ئەكتاش نووسەر تورك رايگەياند، "پارتە ئۆپۆزسيۆنەكان لەناوەخۆ لەسەر دياريكردنى كانديدى سەرۆكايەتى لە هەڵبژاردنى داهاتوو ناكۆكن، هەندێك لە ئەندامانى جەهەپە پاڵپشتى كليچدار ئۆغلۆ دەكەن، زۆرينەش پاڵپشتى ئەكرەم ئيمامئۆغلۆ، سەرۆكى شارەوانى ئيستەنبۆڵ دەكەن، لە لايەكى تريشەوە ميراڵ ئەكشنار چەندين ئاماژەى بەوە كردووە پاڵپشتى كليچدار ئۆغلۆ ناكەم، بەوەش تۆمەتبارييان دەكات سەركەوتنى پارتەكەيان لە هەڵبژاردنى رابردوو لەبيرچۆتەوە."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەكتاش ئاماژەى بەوە كرد، "بەگوێرەى راپۆرتەكان، هەدەپە پاڵپشتى ئەكرەم ئيمامئۆغلۆ دەكات، نايانەوێت پاڵپشتى كليچدار بكەن."

پێشتريش ئەكشنار زۆر بە توندى رەخنەى لە بەرپرسانى پارتى گەلى كۆمارى گرت، كە سەركەوتنى جەهەپە لە هەڵبژاردنى رابردوو لە هەندێك ويلايەت بەهۆى دەنگى ئەندامانى پارتەكەى بووە.

ميراڵ لە بەشێكى ترى قسەكانى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "پێويستە هەڵبژادرنى رابردوومان لەبير بێت، كە ئەگەر پارتى چاكە نەبوايە، جەهەپە لە ئەنقەرە و ئيستەنبوڵ سەرنەدەكەوت، بۆيە دووبارەى دەكەمەوە، ئەگەر ئێمە نەبووينايە ئێوە نەتاندەتوانى لەو دوو شارە سەركەوتن بەدەست بهێنن."

دەزگا راگەياندنەكانى توركيا ئاشكرايان ئەو لێدوانانەى سەرۆكى پارتى چاكە لەدواى كۆبوونەوەى بەرپرسانى پارتە ئۆپۆزسيۆنەكان بوو، كە گفتوگۆيان لەسەر كانديدكردنى  كليچدار ئۆغلۆ وەك كاندێكى فەرمى كردبوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین