موسەننا ئەمین: هیچ دانوستانێک لە پەرلەمان دەستیپێنەکردووە عێراق ناوچەکە و جیهان

لاڤین عومەر: نوچەنێت

25 لیژنەی هەمیشەیی لە پەرلەمانی عیراق هەیە، کە لە پەرلەمانتارانی تایبەتمەندی و فراکسیۆنی جیاواز پێکدێت. ئایا پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا چۆن دەڕۆنە ناو ئەم لیژنانە؟ مەبەستیانە زیاتر لە کام لیژنەدا ئەندام بن؟.

ئومێد حەمەد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نوچەنێت سەبارەت بە گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکان، ئایا لایەنە کوردییەکان چۆن بەشداری دەکەن گوتی " وەکو نەوەی نوێ و هاوپەیمانی هەوڵمانداوە لە پێناو خەڵک بەشداربین و دوو پێوەرمان داناوە، چی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە ئەو لیژنانەی کە تایبەتن بە دۆسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئێمە هەوڵمانداوە ئەندامەکانمان لەوێ دانێین، لەگەڵ ئەو لیژنانەی کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەدای کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی هەیە ئەوە بۆ ئێمە گرنگە وەکو هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک، لەبەر ئەوەی لیژنەکان 25 لیژنەن هەموو فراکسیۆنێک ئەندامی دەبێت لە لیژنەکاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئێستا ئێمە وەکو هاوپەیمانی لە پێناو خەڵك نزیکەی 35 کورسین دەمانەوێ لە هەموو لیژنەیەک ئەندامیەتیمان هەبێت، ئایا لە کام دەستەی سەرۆکایەتی لیژنەکەدا دەبین، ئەوەیان دەمێنێتەوە بۆ دوای پێکهێنانی حکومەت".

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا بەجیا چوونەتە ناو دانوستاندنەکان یاخود بەیەکەوە؟ ئەو ئەندام پەرلەمانی عیراق دەڵێت "ئەمە نە دیاری کردنی حکومەتە، نەدیاری کردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، نە دەنگدانیشە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، نە پرسێکیشە بۆ هێڵی نیشتمانی گرنگ بێت، ئەوە کە دەکرێت بەپێی ئیستحقاقە ئیتر تۆ بەتەنها دەڕۆی یاخود نا شتێکی ترە، پەرلەمانتار هەیە بەتەنها خۆیەتی بەبێ فراکسیۆنە، ئەندامیش دەبێت لە لیژنەکەدا، واتا ئەوەندە گرنگ نییە کە تۆ لەگەڵ لایەنێکی یاخود بەبێ لایەنی، ئێمە لە ناو خۆماندا دەمانەوێت پشکی خۆمان لە ناو لیژنەکان بەدەست بێنین، پەیوەندی بەوەوە نییە بە یەکڕیزی بڕۆی یاخود نا، بابەتەکە ئەوەیە تۆ ئستحقاقی خۆت بەپێی نوقاتی خۆت وەردەگری".

هەر سەبارەت بە دانوستاندنی پێکهێنانی لیژنەی هەمیشەیی لایەنە کوردییەکان، موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری عێراق  لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە نوچەنێتی راگەیاند" ئەم بابەتە دەمێنێتەوە سەر گفتوگۆو رێککەوتنی لایەنەکان لەلایەن فراکسیۆنەکانی تر کە ئایا چی بە کورد دەدەن؟ لە ئەنجامی گفتوگۆکان، ئەوە خاڵێک، خاڵێکی تریش ئەگەر باسی سەرۆکایەتی لیژنەکان بێت رەنگە پەیوەندی بە دانانی وەزیرەکانەوە هەبێت، دوای ئەوەی دەردەکەوێت وەزیرەکان لە چ پێکهاتەیەکن زۆرجار  سەرۆکی لیژنەکان دەبێت لە پێکهاتەی جیاواز بێت بۆ عورف نەک بۆ قانون".

دەبارەی رۆشتنی لایەنەکان ئایا بەیەکەوە رۆشتوون یاخود بەتەنها ئەو دەڵێت، "جارێ هیچ دانوستاندنێکی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستی پێ نەکردووە سەرۆکایەتی پەرلەمان خۆی گفتوگۆ لەگەڵ فراکسیۆنەکان دەکات، بە ئامادە بوونی هەموو لایەک، بەڵام بۆ هیچ شتێکی تر گفتوگۆ نەکراوە تا ئێستا".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین