توركیا مەرجەكانی رووسیا بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئۆكراینا ئاشكرا دەكات شیکاری

نوچەنێت:

دوای ئەوەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە سەرۆكی رووسیاوە كرد، ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاند، "ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی رووسیا لە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا مەرجەكانی راگرتنی هێرشەكانی بۆ سەر ئۆكراینا بە سەرۆكی توركیا رایگەیاندووە." 

دەربارەی مەرجەكانیش كاڵن ئاشكرایكرد، "ئەو مەرجانەی رووسیا داوای دەكات مەرجی زۆر قورس نین ئۆكراینا نەتوانێت جێبەجێیان بكات، گرنگترین مەرجی مۆسكۆ ئەوە دەبێت ئۆكراینا بێلایەن بێت و داوای ئەندام بوون لە ناتۆ نەكات، مەرجێێكی تری رووسیا بریتیە لە داماڵینی چەك بە جۆرێك بێت، نەبێتە مەترسی بۆ سەر رووسیا، هەروەها ئۆكراینا پارێزگاری لە زمانی رووسی بكات، مەرجێكی تری مۆسكۆ پێویستە كیێڤ نازیەت لە ریشە هەڵكێشێت." ئەوەش بۆ زیلینسكی كە جووە و هەندێك لە كەسوكاری لە هۆڵۆكۆست كوژراون كارێكی زۆر خراپە، بەڵام لایەنی توركی پێیوایە سەرۆكی ئۆكراینا ئەو داوا كاریەش قبوڵ بكات، ئەوەندە بەسە كیێڤ هەموو جۆرە نازیەتێكی نوێ سەركۆنە دەكات."

سەبارەت بەو داواكاریانەی رووسیا، توركیا پێیوایە دەكرێت چارەسەر بكرێن، بەبێ ئەوەی بكرێنە بەربەست لەبەردەم رێككەوتنی ئاشتیانەی نێوان ئەو دوو وڵاتە،  چونكە پێشتریش ئۆكراینا ئامادەیی خۆی دەربڕیووە دۆخەكە ئاساییبكاتەوە بەبێ ئەوەی بچێتە پاڵ هاوپەیمانی ناتۆ، هەروەها دەكرێت پرسی لە ریشەكێشانی نازیەتیش لە رێگەی سەركۆنەكردن چارەسەر بكرێت، پارێزگاریكردن لە زمانی رووسیش لە ریزی داواكارییە ئاسانەكانە.

داواكارییە قورسەكان

سەبارەت بە داواكارییەكی تر، كە بە دواكاری قورس دادەندرێت، سەرۆكی رووسیا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیە داوای كردووە، دانوستاندنەكان لەگەڵ زیلینكسی رووبەڕوو بێت، دەربارەی ئەو خاڵە، زیلینسكی پێشتر ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین دەربڕییووە. 

رووسیا ناوچەی دونباس و دوورگەی كریم بە خاكی خۆی دەزانێت، پۆتین جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "پێویستە ئۆكراینا دان بەو داواكارییەی وڵاتەكەی دابنێت." هەرچەندە ئیبراهیم كاڵن زیاتر نەچووە ناو وردەكارییەكانی ئەو خاڵە، بەڵام پێشبینی ئەوە دەكرێت كرملین داوا لە كیێڤ بكات دەسبەرداری دونباس بێت و سازش لە سەر بەشی رۆژهەڵاتی وڵاتەكەی بكات، بەڵام ئەو داواكاریییە كارێكی ئەوەندە ئاسان نییە كە ئۆكراینا دەستبەرداری ئەو ناوچانە بێت. 

دەربارەی ئەو خاڵانە توركیا پێی وایە دەكرێت ئەو پرسانە لە دانیشتنی دوو قۆڵی نێوان پۆتین و زیلینسكی چارەسەر بكرێت.

سەرۆكی ئۆكراینا چەندین جار رایگەیاندووە، "هیواخوازم راستەوخۆ لەگەڵ پۆتین  دانوستاندن بكەم"، لەبەرانبەردا لە چەند رۆژی رابردوو سەرۆكی رووسیا ئامادەیی خۆی نیشاندا، ئەوە ئاماژەیە كە هەردوولا ئێستا لێكنزیكترن.

ئەردۆغان سەرلەنوێ داوای لە سەرۆكی رووسیا كرد، لە ئەنقەرە یا ئیستەنبوڵ لەگەڵ زیلینسكی كۆبنەوە، چونكە بە بۆچوونی سەرۆكی توركیا گەیشتن بە رێككەوتن بۆ هەندێك پرس پێویستی دانیشتنی هەردوو سەرۆكە.

لەسەرەتاوە هەندێك پێیانوابوو، داواكارییەكانی سەرۆكی رووسیا قورسن، بەڵام هەندێك لە چاودێران ئەو داوایانەیان بەلاوە ئەوەندە قورس نییە، كە شایستەی ئەو هەموو وێرانكاری و خوێنڕشتنە نەبوو.

ئۆكراینا ترسی گەورەی هەیە، كە نەتاوانێت رێككەوتنەكان بە تەواوی وردەكارییەكانەوە جێبەجێ بكات، ئەوەش وادەكات پۆتین بێت یاخود سەرۆكەكانی دوای ئەو، جارێكی تر بیكەنەوە پاساو بۆ هەر هێشكردنێك بۆ سەر ئۆكراینا. 

بۆیە رێككەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە كاتێكی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی كۆتایی بە شەڕ و خوێنڕێژی بهێنن.

لە سێ هەفتەی رابردوو بەهۆی هێرشی رووسیا ئۆكراینا رووبەڕووی وێرانكاری گەورە بووە، ئەوەش كاتێكی زۆری دەوێت بۆ دووبارە ئاوەندانكردنەوە و گەڕانەوە ملیۆنان خەڵك كە ئاوارەی وڵاتان بووینە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین