وه‌زاره‌تى كاره‌باى عێراق: ده‌ستبه‌ردارى گازى ئێران نابین کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاره‌باى عێراق رایگه‌یاند، ئه‌و بڕه‌ گازه‌ى له‌ قه‌ته‌ڕه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، به‌شى پێویستییه‌كانى عێراق ناكات بۆ دابینكردنى كاره‌با، بۆیه‌ عێراق ناتوانێ ده‌ستبه‌ردارى گازى ئێران بێت.

ئه‌حمه‌د موسا گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاره‌با ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 20ى ئادارى 2022 له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى روونى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و گازه‌ى له‌ قه‌ته‌ڕه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، ته‌واوكه‌رى گازى ئێرانه‌، نه‌وه‌ك شوێنگره‌وه‌ى.

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاره‌با دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ك عێراق بڕى ملیۆنێك و 500 هه‌زار تۆن گاز له‌ قه‌ته‌ڕ وه‌رده‌گرێت، بۆیه‌ بڕه‌كه‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ ببێته‌ شوێنگره‌وه‌ى گازى سروشتى ئێران.

ده‌شڵێ، "ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ قۆناغى یه‌كه‌م، له‌ داهاتوو ده‌بێت كار بۆ دابینكردنى ژێرخانى گواستنه‌وه‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بڕى زیاتر هاورده‌ بكرێت".

ئه‌حمه‌د موسا گوته‌بێژى كاره‌با پێیوایه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تى كاره‌با و دارایى و گواستنه‌وه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ ئاماده‌كاریى بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى گازى قه‌ته‌ڕ زیاتر بكرێت.

عێراق گازێكى زۆرى له‌گه‌ڵ نه‌وت ده‌سووتێ و ناتوانێ وه‌به‌رهێنانى بۆ بكات، جیا له‌مه‌یش كێشه‌ى له‌ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با هه‌یه‌ و وێستگه‌كانى به‌ گاز كارده‌كه‌ن، بۆیه‌ گاز له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كات، زۆربه‌ى كاتیش كێشه‌ى بۆ دروست ده‌بێت به‌هۆى ئه‌و سزایانه‌ى به‌سه‌ر ئێرانه‌وه‌ سه‌پێندراون.

ئێستا حكومه‌تى عێراق كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌كانى گاز جۆراوجۆر بكات و له‌ مانگى رابردوویشدا رێككه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ڕ كردووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین