بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان ئێران؛ میسر و ئیمارات و ئیسرائیل كۆدەبنەوە وەرگێڕان

نوچەنێت:

رۆژنامەی (هارتس)ی ئیسرائیل ئاشكرایكرد، "نەفتالی بنێت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر و محەمەد بن زاید ئال نیهان، شازادەی جێنشینی ئەبوو زەبی لە شەرم شێخ كۆدەبێتەوە."

دوێنێ دوو شەممە (21)ـى ئادار بنێت بەسەردانێكی لە ناكاو گەیشتە میسر، لە ماوەی شەش مانگ دووەم جارە لەگەڵ سەرۆكی میسری كۆدەبێتەوە.

لە لایەكی ترەوە محەمەد بن زاید رایگەیاند، "كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی میسر بۆ گفتوگۆكردن بووە لەسەر پەیوەندیی دۆستانەی نێوانمان و رووداوە تازەكانی ناوچەكە و جیهان."

سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی رایگەیاند، "پلانی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە چەند رۆژی رابردوو بە نهێنی داندراوە، ئەو سەردانەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر كۆمەڵێك لێكەوتەی شەڕی ئۆكراینا."

لە بەشێكی تری قسەكانی ئاشكرای كرد، "كۆبوونەوەی لووتكەی سێ قۆڵی بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەكەی نوێیە پاڵپشتی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و میسڕ و توركیا، بۆ ئەوەی پێكەوە رووبەڕووی ئێران ببنەوە، كە لەو دواییە مەترسییەكانی تاران زیادی كردووە."

بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، "بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوە بۆ رازیكردنی ئیمارات و سعوودییە بووە بۆ زیادكردنی رێژەی نەوت، بۆ ئەوەی جیهان زۆر پشتبەست بە نەوتی رووسی نەبەستێتت."

هەر چەندە بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، "هەنگاوێكی لەو جۆرە زۆر گرنگە"، بەڵام هەردوو وڵات تا ئێستا ئامادە نین نەوتى زیاتر بفرۆشن.

لەلایەكی تریشەوە ئیسرائیل دەیەوێت هاوكاری میسر بكات بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەیەكی تر بۆ كڕینی گەنم، چونكە تا هەڵگیرساندنی شەڕ میسر گەنمی لە رووسیا و ئۆكراینا دەكڕی، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕە نرخی گەنم لە جیهان بەرزبۆتەوە، بۆیە پێویستی بەشوێنی ترە.

ئێران و سووریا و ئۆكراینا

بەرپرسێكی میسری رایگەیاند، "هەر سێ سەرۆك لە گفتوگۆكانیان، جەخت لەسەر ئێران و سووریا و ئۆكراینا دەكەنەوە، بەڵام ئێران لە پێشەوەی نەخشەی كارەكانیانە، ئەوەش لەبەر بەرەوپێشچوونی گفتوگۆی نێوان تاران و هێزە گەورەكانی جیهانە لە ڤیێنا، لە لایەكی تریشەوە بەرەی هاوبەشی ئیمارات و میسر و ئیسرائیل پەیامێكی گرنگ بۆ ئەمەریكا دەنێرن."

سەبارەت بە پرسی ئۆكراینا، ئەو بەرپرسە میسرییە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "رەنگدانەوەی شەڕی ئۆكراینا لەسەر بازاڕی وزەی جیهان بەشێكی گفتوگۆكان دەبێت، پرسی فەڵەستین و بەتایبەت دۆخی غەززە تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان نابێت."

یەكەم كۆبوونەوەی سەرۆكی میسر و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە مانگی ئەیلوولی رابردوو لە سینا ئەنجام درا، ئەوەش یەكەم كۆبوونەوەی ئاشكرای بەرپرسانی باڵای ئەو دوو وڵاتە بوو. 

لە مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، نەفتالی بنێت سەردانی ئەبوو زەبی كرد، گفتوگۆكردن بوو لەسەر پەیوەندی دوو لایەنە و ئێران، ئیسرائیل ئەو سەردانەی بۆ ئیمارات بە سەردانێكی زۆر سەركەوتوو دادەنێت، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل دەڵێن، "پەیوەندی هەردوو سەرۆك هاوكارە بۆ قووڵكردنەوەی پەیوەندیەكانی ئیسرائیل لە داهاتوو لەگەڵ وڵاتانی كەنداو."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین