بۆچی ئۆكراینا دەیەوێت توركیا لە چارەسەری قەیرانی وڵاتەكەی بەشدار بێت؟ شیکاری

نوچەنێت:

مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، "ئۆكراینا دەیەوێت توركیا یەكێك بێت لەو وڵاتانەی بۆ دڵنیایی دان لە چارەسەرەی قەیرانی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ بەشدار بێت." ئەو داخوازییە بۆتە هۆی دروستبوونی چەندین پرسیار لەسەر چوارچێوەی توانای سەربازی و سیاسی توركیا.

لە بەشێكی تری قسەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "ئەنقەرە لەو وڵاتانە بە پێویستی دەزانێت دڵنیایی بدات، چونكە كەوتۆتە سەر دەریای ڕەش، كار بۆ سەقامگیری و هاوسەنگی لەو ناوچەیە دەكات، لە هەمانكاتیش رووسیا لاری لەسەر ئەوە هەوڵەی توركیا نییە." 

لە چەند رۆژی رابردوو ئۆغلۆ سەردانی رووسیا و ئۆكراینای كرد و لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە كۆبۆوە.   یەكێك لە مەرجەكانی رووسیا ئەوەیە ئۆكراینا دەبێت بێلایەن بێت، وەك نەمسا دڵنیایی لە ئاسایشی دوولایەنە هەبێ.

زەینەب گورجنلی، رۆژنامەنووسی تورك لە راپۆرتێك باس لەوە دەكات، "مەرجەكانی رووسیا كۆتایی بە چوونی ئۆكراینا بۆ ناتۆ، یاخود هەر هاوپەیمانییەكی تری سەربازی دەهێنێ، مۆسكۆ دەیەوێت پرسی ئاسایشی ئۆكراینا رادەستی پێنج ئەندامە هەمیشەیەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش و توركیا و ئەڵمانیا بكات، ئۆكرایناش ئەو مەرجەی قبووڵە."

لە دوای رێككەوتن لەسەر پارێزگاری ئاسایشی ئۆكراینا لە لایەن ئەو وڵاتانە، هەر دژایەتیکردنێکى مۆسكۆ بەرانبەر كیێڤ رێگە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریكا خۆش دەكات دەستوەردانی سەبازی بكەن، چونكە وەك ئەوەیە هێرش كرابێتە سەر ئۆكراینا. 

سەبارەت بە سووربوونی ئۆكراینا لەسەر بەشداری توركیا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبەر ئەوەیە توركیا كۆنتڕۆڵی گەرووەكانی بەگوێرەی پەیماننامەی مۆنترۆ كردووە، لە سەرەتای هێرشەكانیش كیێڤ داوای لە ئەنقەرە كرد، پەیماننامەی مۆنترۆ جێبەجێ بكات، بەڵام لە سەرەتادا توركیا لە جێبەجێكردنی دوو دڵ بوو، بەڵام دوای ئەوە هەڵوێستی گۆڕاو بڕیاری دا گەروەكان بەڕووی لایەنە شەڕكەرەكان دابخات. 

هەندێك بەند هەیە لەو پەیماننامەیە، لە حاڵەتی شەڕ تایبەت بە توركیا، ئەگەر توركیاش بچێتە پاڵ ئەو وڵاتانە، ئەوكاتە توركیا دەبێتە بەشێك لەو هاوكێشەیە، بۆیە ئۆكراینا جەخت لەسەر داوای پارێزگاری لە ئەنقەرە دەكاتەوە، چونكە ئەگەر ئۆكراینا رووبەڕووی هەر هێرشێك بێتەوە، دەبێت توركیا بەرگری لێ بكات ئەوكاتە ئەو هێرشانەی بۆ سەر ئۆكراینا یەكسانە بە هێرشكردنە سەر توركیا، ئەوەش وادەكات ئەنقەرە بەگوێرەی ئەو هێرشە هەموو مەرجەكانی هێرشكردنە سەرە خۆی لە پەیماننامەی مۆنترۆ جێبەجێ بكات، دەتوانێت رێگە لەو كەشتیانەش بگرێت، كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بەندەرەكانیان.

زەینەب باس لەوەش دەكات، "ئۆكراینا دەیەوێت جێبەجێكردنی بڕیاری دۆخی شەڕ بەگوێرەی پەیماننامەی مرۆنترۆ دژ بە توركیا بێت، پرسێكی تر هەیە ئەویش داماڵینی چەكە لە ئۆكراینا، كە ئەوە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر پیشەسازی سەربازی نێوان ئەنقەرە و كیێڤ هەیە، كە لەو چەند ساڵەی رابردوو بەشێوەیەكی بەرچاو ئەو پەیوەندییە بەهێز ببوو، پێكەوە فڕۆكەی بەیرەكداریان بەرهەم دەهێنا، چونكە ئەگەر چەك لە ئۆكراینا داماڵدرێت ئەو رێككەوتنە دەبێتە رێككەوتنی نێوان دوو وڵات كە ماوەیەكی زۆری بەسەر دا تێپەڕییوە." 

 چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی بە رۆژنامەی (توركیا)یان راگەیاندووە، "ئەنقەرە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانە دەبێت كە بەشداردەبن لە پارێزگاری لە رێكەوتنی پاراستنی ئاسایشی ئۆكراینا." 

  ئیسماعیل حەقی پەكین سەرۆكی پێشووتری فەرمانگەی هەواڵگری توركیا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "پێویستە بەر لە رەزامەندی لەسەر ئەو پێشنیازە زۆر بە وردی هەڵسەنگێندرێت، چونكە ئەگەر دوای ئەو رێككەوتنە رووسیا هێرش بكات، هەڵوێستی توركیا چۆن دەبێت؟"

لەبەشێكی تری قسەكانی پێی وایە، پێویست ناكات توركیا لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانە بێت، بەڵام ئەگەر ئەنقەرە چووە ریزی ئەو وڵاتانە دەبێت زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ خواستی پارێزگاری ئاسایشی ئۆكراینا بكات." 

 یاشار حەجی ساڵح ئۆغلۆ، لە زانكۆی یۆزیل پێچەوانەی بۆچوونەكەی حەقییە، پێی وایە، "توركیا تاكە هێز كە شایستەیە رۆڵی پارێزگاری لە ئاسایشی ئۆكراینا ببێنێت، چونكە بە شێوەیەكی دروست ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات، بەڵام دۆخی ئۆكراینا جیاوازە، سەرەتا پێویستە كیێڤ و مۆسكۆ رێككەون، پاشان هەندێك مەرج و حكوم لە ئۆكراینا هەیە جیاوازە، پێویستە پرس و وردەكارییەكان دیاری بكرێت، پاشان توركیا هەڵوێستی چی دەبێت."

یوسف ئەباردە، پسپۆڕ لە كاروباری ئەمەنی بۆچوونەكەی جیاوازترە لەوانەی پێشووە، پێی وایە، "دەستوەردانی سەربازی وەك پارێزگاری لە ئاشتی بۆ توركیا گونجاو نییە، توركیا لە رابردوو ئەوەی سەلماندووە لە قەیرانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بێلایەنە، چونكە لەو پرسە چەمك و مەرجی پارێزگاری و چەسپاندنی ئاشتی دێتە تێدایە، توركیاش ناتوانێت مەرجی چەسپاندنی ئاشتی بەسەر كەس بسەپێنێت، كەواتە بۆ توركیا باشترە نەچێتە ناو ئەو هاوكێشەیە، چونكە ئەگەر رووسیا ئاگربەستی لە ئۆكراینا پێشێل كرد، توركیا وەك دەوڵەتێكی پارێزگار رازی نابێت لەسەر جووڵەی رووسیا دژ بە ئۆكراینا، وەك ئەوەی لە قوبرس كردی بۆیە دەبێت هەموو وردەكارییەكانی ئەو پرسە یەكلای بكاتەوە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین