بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى ڕاگرتنى کارەکانى شانۆى (دوا ڕۆژەکانى بابلۆ) ڕەتدەکاتەوە کولتوور

نوچەنێت:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانیی لە روونکردنەوەیەکدا ڕەتیدەکاتەوە نمایشکردنى شانۆى (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) ڕاگرتبێ و دەشڵێت، بەپێى ڕێککەوتنێک کە پیشتر لەگەڵ ستافى ئەو شانۆیە کراوە، دەتوانن تا (20)ـى ئادارى ئەم مانگە کۆتایى بە نمایشکردنى شانۆکە بێنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (23/ئادار/2022) دواى بڵاوکردنەوەى ڕاگەیێندراوێک لەلایەن ستافى شانۆى (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) کە بە بڕیارێکى بەرێوبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی نمایشکردنى شانۆکەیان ڕاگیراوە بەبێ ئەوەى هۆکارەکەى بزانن، بەرێوبەرایەتی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی بە روونکردنەوەیەکى پێنج خاڵى دا وەڵامیان دەداتەوە.

هەروەک لە روونکردنەوەهاتووە، " بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە كە ئەو شانۆیە بە هیچ شێوەیەك نە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتییمان و نە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوانەوە ڕانەگیراوە. بەڵكو بڕیار بوو ئەو شانۆییە تا 10/3/2022 نمایش بكرێت و ڕێككەوتنەكەشیان لەگەڵ ئێمەدا بەو جۆرە بوو. بەڵام ستافێكیان سەردانی بەڕێز بەڕێوبەری گشتییان كرد داوایان كرد بۆ 20/3/2022 كاتی نمایشەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە، لە كاتێكدا پێشتر ڕۆژەكانی 15/3 و 18/ 3 لە لایەن لایەنی تر و تیپی ترەوە هۆڵەکە گیرا بوو، بەڵام لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتیی شوێنی تر بۆ ئەو دوو لایەنە تەرخان كرا و ڕەزامەندیی درا لەسەر درێژكردنەوەی ماوەكە بۆ 20/3/2022."

هەروەک دەشڵێت، "بە داخەوە بەیاننامەكەی ستافی شانۆیی (دوا رۆژەكانی بابلۆ) بە نەفسێكی ناهونەرییانە نوسراوە‌ و هەستی بەرپرسیارێتی تێیدا زۆر لاوازە. بە تایبەت كە ئەوان تۆمەتی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ بەرێز وەزیری رۆشنبیری‌ و لاوان."

 

دەقى روونکردنەوەکەى بەرێوبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی:

وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی، لەپێناوی ئەوەدا درووست بوون كە بە گوێرەی توانای بەردەست و ئەو ژێرخانە رۆشنبیرییەی هەیە خزمەتی كایەی رۆشنبیریی و هونەریی بكەین، لەو چوارچێوەیەشدا درێغیمان نەكردووە.

سەبارەت بەو بەیاننامەیەی بەناوی ستافی شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ)وە بڵاوكراوەتەوە، بە پێویستی دەزانین بۆ ئەوەی ڕای گشتیی بەهەڵەدا نەبرێت، ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بكەین:

1ـ شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) كارێكی هاوبەشی (سۆ ماركێتینگ)و بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانە، ئێمەش وەك ئەوان خۆمان بە خاوەنی ئەو شانۆییە دەزانین و بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە كە ئەو شانۆیە بە هیچ شێوەیەك نە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتییمان و نە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوانەوە ڕانەگیراوە. بەڵكو بڕیار بوو ئەو شانۆییە تا 10/3/2022 نمایش بكرێت و ڕێككەوتنەكەشیان لەگەڵ ئێمەدا بەو جۆرە بوو. بەڵام ستافێكیان سەردانی بەڕێز بەڕێوبەری گشتییان كرد داوایان كرد بۆ 20/3/2022 كاتی نمایشەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە، لە كاتێكدا پێشتر ڕۆژەكانی 15/3 و 18/ 3 لە لایەن لایەنی تر و تیپی ترەوە هۆڵەکە گیرا بوو، بەڵام لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتیی شوێنی تر بۆ ئەو دوو لایەنە تەرخان كرا و ڕەزامەندیی درا لەسەر درێژكردنەوەی ماوەكە بۆ 20/3/2022.

2ـ دوای كۆتایی هاتنی ئەو ماوە درێژكراوەیە دیسانەوە پڕۆدیسەر ‌و دەرهێنەری شانۆیی (دوا رۆژەكانی بابلۆ) داوایان كرد كە سەرلەنوێ‌ بۆ 1/4/2022 ماوەی نمایشیان بۆ درێژ بكرێتەوە. ئەمە لە كاتێكدا پێشتر ئاگاداركرابوونەوە كە هۆڵەكە لە 20/3 ەوە بۆ مەراسیمی ڕۆژی جیهانیی شانۆ لە لایەن بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتییمانەوە گیراوە. پێیان وترا ئەو چەند ڕۆژە مافی ئەوانە، ئەگەر ئێوە بتوانن لەگەڵ بەڕێز (ئاسۆ نوری) كە دەرهێنەری شانۆیی (مردن لە چوار وەرز)دایەو بەشێكە لە مەراسیمەكە، ڕێك بكەون، نمایشەكەی بباتە هۆڵێكی تر، ئێمە كێشەمان نییە‌ و كاتەكە درێژ دەكەینەوە، بەڵام لەگەڵ دەرهێنەری شانۆیی (مردن لە چوار وەرز)دا ڕێك نەكەوتبوون، چونكە بەڵگەی هونەرییان هەبووە‌ و بۆ ستافی شانۆی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ)یان ڕوون كردوەتەوە كە ئەوان لەسەرەتاوە كاریان لەسەر جوگرافیای هۆڵی ڕۆشنبیریی كردووە و مافی خۆیانە لە 20/3 ەوە هۆڵەكەیان بۆ چۆڵ بكرێت. چەند جارێكی تریش بەرێز بەڕێوبەری گشتیی قسەی لەگەڵ دەرهێنەری شانۆی (مردن لە چوار وەرز)دا، كردووە تاكو ڕازیی بكات‌، بەڵام ئەو سوور بووە لەسەر ئەوەی لە مافی خۆی سازش نەكات. لەو ڕووەشەوە یاسا و ڕێنمایی پشتگیری ئەویان كردووە‌. چونكە پێشوەختە هۆڵەكەی گرتووە.

3ـ  بە داخەوە بەیاننامەكەی بەڕێزان لە ستافی شانۆیی (دوا رۆژەكانی بابلۆ) بە نەفسێكی ناهونەرییانە نوسراوە‌ و هەستی بەرپرسیارێتی تێیدا زۆر لاوازە. بە تایبەت كە ئەوان تۆمەتی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ بەرێز وەزیری رۆشنبیری‌ و لاوان، لە كاتێكدا بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان تەنها فەرمانیان كردووە بە پێی یاسا و ڕێنمایی مامەڵە بكرێت و ماف بە كام لایە پێی بدرێت. 

4ـ لە شوێنێكی تردا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوان پارە بەحكومەت دەدەن، بەڵام ڕاستییەکەی كارەكە هاوبەش بووەو بەڕێوبەرایەتیمان هۆڵەكەی بێ‌ بەرامبەر پێ بەخشیوون، تەنها پارەی خزمەتگوزارییان داوەو گازیان بۆ مولیدە دابین كردووە. 

5ـ ئێمە لە هەموو ئەوەی نوسیوومانە بەرپرسیارین و بە مافی خۆشمانی دەزانین پەنا بەرینە بەر دادگا كێشەكە یەكلایی بكاتەوە، چونكە پێویستە ڕێگە بە هیچ كەس ‌و لایەنێك نەدرێت لە پێناوی ڕیكلامكردن بۆ خۆیان ‌و پارەپەیداكردندا تەشهیر بە ناو و ناوبانگی كەسان و لایەنانی تر بكەن.

بەرێوبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی و هونەری سلێمانی

23/3/2022

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین