كازمى: پاره‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا قه‌رز ده‌كه‌ین کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

پارێزگاى مووسڵ راگه‌یاند، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بڕیارى داوه‌ پاره‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا قه‌رز بكات، بۆئه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى مووسڵ نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23 ى ئادارى 2022 پارێزگاى مووسڵ له‌ راگه‌یێندراوێكدا ئاشكراى كردووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و نه‌جم جبوورى پارێزگارى مووسڵ و چه‌ندان به‌رپرسى ترى په‌یوه‌ندار به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ تێیدا ئاماده‌بوون، مسته‌فا كازمى بڕیارى داوه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى مووسڵ پاره‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا قەرز بکرێت.

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ روونكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌كرێت و به‌رپرسانى فه‌ڕه‌نسایش تێیدا ئاماده‌ ده‌بن. پێشتر به‌رپرسانى مووسڵ رایانگه‌یاندبوو، حكومه‌تى عێراق بڕى 200 ملیار دینارى بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى مووسڵ ته‌رخانكردووه‌.

له‌ هاوینى 2014 مووسڵ له‌لایه‌ن رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه‌ داگیركرا، ماوه‌ى زیاتر له‌ دوو ساڵ له‌ژێر ده‌ستى ئه‌م رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ مایه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامى ئه‌و داگیركارییه‌ زیانێكى زۆر به‌ ژێرخانى شاره‌كه‌ كه‌وتووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین